لە کرماشان ئەندامانی جەستەی کچێک بەخشرانە چوار نەخۆش

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
ژیلا ئەسعەد
ژیلا ئەسعەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەندامانی جەستەی کچێکی تەمەن 24 ساڵی دانیشتووی شاری کرماشان لە رۆژهەڵاتی کوردستان، کە مێشکی وەستابوو، بە رەزامەندیی خێزانەکەی بەخشرانە چوار نەخۆش.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 25ی شوباتی 2026، بێهنام رەوەندی، بەرپرسی چاندنی ئەندامانی جەستە لە زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی کرماشان لە رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، "ئایدا تەوەکولیی تەمەن 24 ساڵ، دوای ئەوەی بەهۆی نەخۆشییەوە مێشکی لەکارکەوتبوو، بە رەزامەندی و بڕیاری خێزانەکەی، ئەندامانی جەستەی بەخشرانە ئەو کەسانەی پێویستیان پێیە."
 
بێهنام رەوەندی گوتی، "هەردوو گورچیلە و جگەر و دڵی ئەو کچە بەخشرانە چوار نەخۆش کە ماوەیەکی زۆر بوو لە نۆرەی چاندنی ئەندامدا بوون."
 
بێهنام رەوەندی ئاماژەی بەوەش کرد، بۆ رێزگرتن لەم هەڵوێستە مرۆییە، بەرپرسانی تەندروستی و ژمارەیەک لە خەڵکی شارەکە سەردانی خێزانی "ئایدا"یان کردووە، سوپاس و پێزانینی خۆیان بۆ ئەم بڕیارە نیشانداوە، کە بووەتە هۆی بەخشینی ژیان بە چوار مرۆڤی دیکە.
 
بێهنام رەوەندی رایگەیاند، لە ماوەی ساڵێکدا ئەوە پێنجەم کەسە لە پارێزگای کرماشان، کە ئەندامانی جەستەی ببەخشرێت.
 
لە ئێران لە هەر دوو کاژێر جارێک کەسێک بەهۆی نەبوونی ئەندامی جەستە بۆ چاندن گیان لە دەست دەدات. بە گوتەی بێهنام رەوەندی، هەر کەسێک مێشکی بمرێت، دەکرێت ژیان بە 8 کەس ببەخشێتەوە.
 
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی تەندروستی لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، ئێستا نزیکەی 25 هەزار نەخۆش لە لیستی چاوەڕوانیدان بۆ وەرگرتنی ئەندامی جەستە، لە کاتێکدا ساڵانە تەنیا نزیکەی 800 کەس ئەندامەکانی جەستەیان دەبەخشن.
 
ئەو کەسانەی مێشکیان دەمرێت، دەکرێت بەشێک لە ئەندامانی جەستەیان وەک (دڵ، جگەر، گورچیلە، پەنکریاس و سییەکان) ببەخشرێتە ئەو کەسانەی بەهۆی پەککەوتنی ئەندامەکانیانەوە لە لێواری مردندان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە