رووداو دیجیتاڵ
لە یاریی نێوان یانەکانی ئامەدسپۆر و بورسەسپۆر، کە ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە 25-9-2022 لە ئامەدی باکووری کوردستان بەڕێوەچوو، هاونیشتمانییان بە ئاڵای کوردستان و وێنەی ژینا ئەمینییەوە چوونە نێو یاریگە، ئەمەش تورکە تووندئاژۆکانی تووڕەکردووە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 25-9-2022 یانەی ئامەدسپۆر لە خولی یانە پلەدووەکانی تورکیا، میوانداریی یانەی بورسەسپۆری کرد و یارییەکەی بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر لێ بردەوە. یارییەکە لە کەشێکی پڕ لە جۆش و خرۆشدا بەڕێوەچوو و یاریزانان محەممەد عەلائەددینیئۆغڵو و مەنسور چاڵار لە خولەکەکانی 31 و 50 تۆڕی یانەی بورسەسپۆریان هەژاند.
ئومیت ئۆزداغ، سەرۆکی پارتی زافەر کە پارتێکی سیاسییە و لەسەر بنچینەی دژەکۆچبەری دامەزراوە، بەر لە دەستپێکردنی یارییەکە، تویتێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە: "نابێت هیچ یاریزانێکی بورسەسپۆر لووتیشی برینداربێت. لەنێو یاریگەدا دوور بکەونەوە لە تووندوتیژی. تۆپی پێ وەرزشە و دەبێ هەر وەکو وەرزش بمێنێتەوە."
بەشێک لە هاندەرانی بورسەسپۆر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا گلەییان کردووە و نووسیویانە کە ئەوان رێگەیان پێ نەدراوە تەنانەت دراوی کانزاییش لەگەڵ خۆیان ببەنە نێو یاریگە، کەچی هاندەرانی ئامەدسپۆر ئاڵای کوردستانیان بردووە. ئەمە جگە لەوەی چەندین پەیجی تورکە تووندئاژۆکان "ئەوانەی لە رووی نەتەوەییەوە دەمارگیرن"، هاندەرانی ئامەد تۆمەتبار دەکەن و دەڵێن، ئەوان هەوڵی دابەشکردنی تورکیایان داوە. لە وەڵامدا بەشێک لە کوردانی باکوور و بەشەکانی دیکەی کوردستان، وێنەی بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان دادەنێن کە لە ئەنقەرە و ئیستەنبووڵ بە ئاڵای کوردستان پێشوازییان لێکراوە.
یاریی نێوان بورسە و ئامەد زۆربەی جار تووندوتیژیی لێدەکەوێتەوە. هاندەرانی بورسە و هاندەرانی ئامەد هوتاف لە دژی یەکدی دەڵێنەوە. بە جۆرێک زۆربەی جار دۆخەکە بە جۆرێک هەڵکشان بەخۆوە دەبینێت کە هاندەران زیان بە یاریزانانیش دەگەیێنن و لێیان دەدەن.
ئەمڕۆ لەگەڵ دەستپێکردنی یارییەکە، بەشێک لە هاندەرانی ئامەدسپۆر ئاڵای کوردستانیان شەکاندەوە و بەشێکیشیان بە یەکپۆشی هاتنە یاریگە و تیشێرتەکانیان وێنەی قازی محەممەد و ژینا ئەمینیی لەسەر چاپکرابوو. ئەمە هاندەرانی بورسەی تووڕەکرد، هەروەها لە تۆڕی کۆمەڵایەتیدا ئاڵای کوردستان کاردانەوە و هەڕەشەی تورکە تووندئاژۆکانی بەدوای خۆیدا هێنا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ