رووداو دیجیتاڵ
بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، زەنگی دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن لە کۆیە لێدرا.
ئەمڕۆ چوارشەممە 25ی ئەیلوولی 2024 مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان زەنگی دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندنی لە کۆیە لێدا و لە گوتارێکدا رایگەیاند، "دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن لە هەموو قوتابی و مامۆستایانی هەرێمی کوردستان پیرۆز بێت. مامۆستایان هەمیشە لە ریزی پێشەوەی خزمەتکردنی گەل و وڵاتەکەمان بوون بەوەی نەوەیەکی نوێ پەروەردە دەکەن."
ئەمڕۆ یەکەم رۆژی ساڵی خوێندنی 2024 – 2025ـە لە هەرێمی کوردستان. بەگوێرەی ئامارەکان، زیاتر لە ملیۆنێک و 650 هەزار قوتابی دەست بە خوێندن دەکەن.
مەسرور بارزانی لە قوتابخانەی نەجیبەخانی جەلیلزادە زەنگی دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندنی لێدا و گوتی، "نەجیبەخان پێش 100 ساڵ وەک یەکەمین کچ بۆ قوتابخانەیەکی تێکەڵاو نێردرا، کە لەو سەردەمەدا بابەتی جیاوازیی رەگەزی نەوەک تەنیا لە کوردستان، بەڵکو لەسەر ئاستی دونیا شتێکی زۆر زەق و دیار بوو، بەڵام بە ناردنی نەجیبەخان بۆ قوتابخانەیەکی تێکەڵاو، سەردەمێکی نوێ دەستی پێکرد. کۆیە هەر لە دێرزەمانەوە مەڵبەندی زانست، مەعریفە، شیعر، پێگەیشتن و پێشکەوتن بووە و خەڵکی زۆر زانا و گەورەی تێدا هەڵکەوتووە."
هاوکات ئەحمەد گەرمیانی، سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئامادەکارییەکان بۆ ساڵی نوێی خوێندن کراون و هەموو قوتابخانەکان بە گوێرەی پێویست کتێبیان پێدراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ