رووداو دیجیتاڵ
لە نووسراوێکدا ئەنجوومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان کە ئاراستەی دادگەکانی تێهەڵچوونەوەی کردووە، داوا دەکات رێز لە کاری پیشەیی بگیرێت و لەکاتی دانانی پارێزەر بەشێوەی (ئنتداب) بۆ ئەو داوایانەی کە پارێزەریان نییە پێویستە رۆژێک پێش دادبینی دادگەکان پارێزەرەکە داواکەی بینیبێت.
نووسراوەکەی ئەنجوومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان کە لە دوو خاڵ پێکهاتووە، رۆژی 24-10-2022 واژۆی گشتاندنی لەسەر کراوە و ئاراستەی دادگەکانی تێهەڵچوونەوەی هەولێر، سلێمانی، دهۆک و کەرکووک/گەرمیان کراوە.

لە خاڵی یەکەمی نووسراوەکەدا کە بەناونیشانی "رێزگرتن لە کاری پیشەیی" نێردراوە هاتووە: "بەمەبەستی راپەڕاندنی کاری هاووڵاتییان و یەکلاییکردنەوەی داواکان لە دادگەکان، پێویستە مامەڵەکردن لەنێوان بەڕێزان دادوەران و پارێزەران بەگوێرەی یاسا و رێزگرتنی دوولایەنە بێت، هەر یەکێک ئەرکی یاسایی خۆی جێبەجێ بکات."
لە خاڵی دووەمدا هاتووە: لە کاتی دانانی پارێزەر بەشێوەی (ئنتداب) بۆ ئەو داوایانەی پارێزەریان نییە، پێویستە رۆژێک پێش دادبینی دادگەکان، پارێزەرەکە داواکەی بینیبێ بە مەبەستی وەرگرتنی زانیاری لەسەر تۆمەتبار.
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو کە لە ئەنجوومەنی دادوەری هەرێمی کوردستانەوە وەریگرتووە، هۆکاری داواکەی ئەنجوومەنی دادوەری لە دادگەکان، دەگەڕێتەوە بۆ نیگەرانی بەشێکی پارێزەران، کە لە ماوەی رابردوودا سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان سەردانی بەشێکی دادگەکانی هەرێمی کوردستانی کردووە و لەسەردانەکەدا ژووری پارێزەرانیشی بەسەرکردووەتەوە، لە ئەنجامی ئەو سەردانانەدا ئەم نووسراوە گشتاندنی بۆ کراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ