رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی رۆژی جیھانیی نەھێشتنی تووندوتیژی دژی ئافرەتان پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: پابەندن بە پاراستن و داکۆکیکردن لە مافەکانی ئافرەتان و بەهێزکردنی پێگەیان لەناو حکومەت و کۆمەڵگەدا
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رۆژی جیهانیی نەهێشتنی تووندوتیژی دژی ئافرەتان و دەستپێکردنی ھەڵمەتێکی 16 رۆژە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی ئافرەتان پەیامێکی بڵاوکردەوە و پابەندبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە درێژەدان بە پشتیوانیکردنی مافەکانی ئافرەتان و نەهێشتنی هەموو جۆرە جیاکارییەکی رەگەزی و نەهێشتنی تووندوتیژی بە گشتی و تووندوتیژی دژی ئافرەتان بەتایبەتی. دووپاتکردەوە.
25ی تشرینی دووەم، لە ساڵی 1999ـەوە بە رۆژی جیهانیی نەهێشتنی تووندوتیژی دژی ژنان دانراوە. لەم رۆژەدا لە چەندین وڵات ژمارەیەک چالاکی بۆ بڵاوکردنەوەی هۆشیاری لە بارەی تووندوتیژی دژی ژنان دەکرێن، لە بەشێک لە وڵاتانیش بۆ داکۆکیکردن لە پاراستنی ژنان، خۆپیشاندان دەکرێن.
مەسرور بارزانی لە پەیامەکەیدا دەڵێت: "حکومەتی هەرێمی کوردستان، کار دەکات لەپێناو رەخساندنی زەمینەیەکی لەبار کە ئافرەتان تێیدا پارێزراو بن و گەشە بکەن، بەشێوەیەک بتوانن بە لێهاتوویی خۆیانەوە وەک بکەرێکی سەرەکی لە کۆی کایەکانی کۆمەڵگای کوردستاندا بەشدار بن".
هەروەها دەڵێت: "حکومەتی هەرێمی کوردستان، پابەندە بە پاراستن و داکۆکیکردن لە مافەکانی ئافرەتان و بەهێزکردنی پێگەیان لەناو حکومەت و کۆمەڵگە و پەرەپێدانی کولتووری رێزگرتن لە بنەماکانی مافی مرۆڤ و یەکسانی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی و نەهێشتنی تووندوتیژی و هەموو جیاکارییەک لەسەر بنەمای رەگەز".
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی ژنان لە هەرێمی کوردستان لە ماوەی 9 مانگی یەکەمی 2021دا 16 ژن لە هەرێمی کوردستان کوژراون، 48 ژن خۆیان کوشتووە، 56 خۆیان سووتاندووە و 102 ژنیش دەستدرێژی سێکسییان کراوەتەسەر.
مەسرور بارزانی لە پەیامەکەیدا داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان و بە تایبەت دامەزراوە پەروەردەییەکانی ناو حکومەت و دەرەوەی حکومەت، رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و دامەزراوە ئایینیەکان و دەزگاکانی راگەیاندن دەکەم کە هاوکار و یارمەتیدەری حکومەت بن و رۆڵی گرنگی خۆیان لە برەودان بە کولتوری لێبوردەیی و هوشیاری کۆمەڵایەتی و نەهێشتنی تووندوتیژی و دیاردە کۆمەڵایەتییە نەشیاوەکان بگێڕن، چونکە رووبەڕووبوونەوە و نەهێشتنی توندوتیژی، ئەرکی هەموو کۆمەڵگەیە و پێویستە هەمووان کار بۆ نەهێشتنی ئەو دیاردە ناشارستانییە بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ