رووداو دیجیتاڵ
خۆبەخش و کەسوکاری دانەری تەمەن 10 مانگ کە نزیکەی 300 کەس دەبن لە رێگەی سێ تیمەوە بەست و رێڕەوە ئاوییەکانی سنووری قوشتەپە دەگەڕێن، رۆژانە زیاتر لە هەشت کاژێر سەرقاڵی گەڕانن بە دوای تەرمی دانەر، بەڵام تاوەکو ئێستا تەرمەکەیان نەدۆزیوەتەوە.
نەبەز ساڵح، باوکی دانەرە و دەڵێت، "خزمێکی زۆر هاتوون، لە سلێمانی، کەلار، کفری، خانەقین، چەمچەماڵ و بادینان و مەخموور بە سێ تیم دابەشبوون بۆ ئەوەی بە دوای تەرمی دانەر بگەڕێن، پشت بەخوا ئەمڕۆ ئەنجامێکی دەبێت، گەڕان بە سەگیش هیچ ئەنجامی نەبووە، لەبەرئەوەی قوڕ و لیتەیەکی زۆر هەن سەگەکان ناتوانن بیدۆزنەوە."
لە شارۆچکەی دارەتووش گەڕان بەدوای تەرمی ئومێد سامن، کە ناسراوە بە گەنجۆ نامیق و تەمەن 20 ساڵانە، تاوەکو ئێستا بەردەوامە. رۆژانە جگە لە تیمەکانی بەرگریی شارستانی 40 کەس لە کەسوکارەکەی بەدوای تەرمەکەیدا دەگەڕێن. جگە لە ناسنامە و سویچی ماتۆڕسکیلەکەی کە دۆزیویانەتەوە، هیچ سۆراخێکیان لە تەرمەکەی دەست نەکەوتووە.
محەممەد نامیق، برای ئومێدە و دەڵێت، رۆژانە لە کاژێر 6:30 دەست دەکەین بە گەڕان، تیمەکانی بارزان لە ئێمە زووتریش بە دوای تەرمی براکەمدا دەگەڕێن تاوەکو هەوا تاریک دەبێت، تیمەکانی بەرگریی شارستانیش دەگەڕێن تاوەکو ئێستا لەوانەیە 20 گوندمان کردبێت."
تیمەکانی بەرگریی شارستانیی هەولێر لە دوای رووداوەکەوە لە سنووری قوشتەپە و دارەتووە دەستیان کردووە بە گەڕان بەدوای تەرمە ونبووەکاندا، گەڕانی تیمەکان بەردەوام دەبێت تاوەکو تەرمەکان دەدۆزرێنەوە.
لە لافاوەکەی رۆژی 17ـی ئەم مانگە 12 کەس لە هەولێر گیانیان لەدەستدا، تەرمی 10 کەسیان دۆزراوەتەوە و تەرمی دووانیشیان تاوەکو ئێستا بێسەروشوێنن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ