بەڕێوەبەری چاودێریی کۆمەڵایەتیی دهۆک: 29 منداڵ لە خانەکانی بێسەرپەرشتانی دهۆکدان

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
بیلال ئەحمەد @belalahmed8787
خەلیل میکائیل، بەڕێوەبەری چاودێریی کۆمەڵایەتیی دهۆک
خەلیل میکائیل، بەڕێوەبەری چاودێریی کۆمەڵایەتیی دهۆک
نیشانەکردن نووڕۆژ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری چاودێریی کۆمەڵایەتیی دهۆک رایگەیاند، 29 منداڵی بێسەرپەرشت لە سێ خانەی بێسەرپەرشتانی دهۆکدان، کە 11 یان کوردی ئێزدین. دەشڵێت، وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی پرۆژەی هەیە خانەکان بکرێنە کاتی و منداڵەکان زیاتر لەگەڵ خێزانەکان تێکەڵ بکرێن. 
 
خەلیل میکائیل، بەڕێوەبەری چاودێریی کۆمەڵایەتیی دهۆک لە میانەی بەشداری لە نووڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو، کە دڵدار هەرکی پێشکێشی کرد باسی لە خانەکانی بێسەرپەرشتانی دهۆک کرد و گوتی، لە دهۆک 29 منداڵ کە 15 کوڕ و 14 کچن لە سێ خانەی بێسەرپەرشتاندان هەن، خانەیەک تایبەتە بە کچان، یەکێکیش بۆ کوڕان و ئەوەی دیکەش کە خانەی بەشیر کۆرییە بۆ منداڵانی ئێزدییە. 
 
سێ خانەی بێسەرپەرشتان لە هەرێمی کوردستان هەن، خانەکان 151 منداڵ و نەوجەوان لەخۆ دەگرن، بەپێی یاسای چاودێریی کۆمەڵایەتیی ژمارەی 136 ساڵی 1980 رێگە بە منداڵی خانەکان دەدرێت تاوەکو تەمەنی 18 ساڵی لە خانەکە بمێننەوە، بەڵام وەکو هاوکاری رێگە بە چەند کەسێکی سەرووی تەمەن 18 ساڵی دراوە، کە لەناو خانەکاندا بەردەوامی بە ژیانی خۆیان بدەن.
 
خەلیل میکائیل باسی لە خانەی بێسەرپەرشتانی لە دهۆک کرد و گوتی، "خانەی چاودێریی کۆمەڵایەتی لە ساڵی 1977 وە لە دهۆک دروستکراوە، زیاتر لە 160 منداڵ تا ئێستا لەم خانووە دەرچوونە کە تەمەنیان 18 ساڵیان تەواو کردووە، ئێستا 29 منداڵ هەن، کە 14 کچ و 15 کوڕن." 
 
خەلیل میکائیل هەروەها ئاماژەی بە منداڵانی کوردی ئێزدی کرد و گوتی، "خانەی بەشیر کۆرییە لە ساڵی 2021 دروستکراوە و ئێستا 11 منداڵ لەو خانەیەدا هەن، کە دوو کچ و 9 کوڕن، لەم کۆتاییانە چوار منداڵی دیکە، کە لە کەمپی چەم مشکۆ بێسەرپەرشت مابوون گواستراونەتەوە خانەی بەشیر کۆرییە لە شاریا و لەوێ دەژین، تەمەنیان لە نێوان 5 بۆ 12 ساڵیدان و تا 18 ساڵین." 
 
دوای ئەوەی داعش لە ئابی 2014 پەلاماری شنگالی دا و بە هەزاران ئافرەتی رفاند و دواتریش لە بازاڕەكانی كڕین و فرۆشتندا وەكو كۆیلەی سێكس مامەڵەی لەگەڵ كردن، ئیدی باس و خواسی چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ ئافرەتە رفێندراوەكان لە نێو كۆمەڵگەی کوردی ئێزدی گەرم بوو.
 
بۆ ئەو پرسە کوردانی ئێزدی پەنایان بۆ ئەنجوومەنی باڵای رووحانیی ئێزدی برد، كە گەورەترین ئەنجوومەنی ئایینیی ئێزدییەكانە. ئەنجوومەنەكە بڕیاری دا ئەو ئافرەتانە قبووڵ بكرێنەوە، كە داعش رفاندوونی، تەنانەت ئەگەر دەستدرێژیشیان كرابێتە سەر، بەڵام هیچ منداڵێك وەرناگرنەوە، كە بەرهەمی دەستدرێژی بێت بۆ سەر ئافرەتانی ئێزدی. ئەنجوومەنی رووحانی بڕیارەكەی لەسەر ئەو بنەمایە داوە، كە لە ئاینی ئێزدیدا بە كەسێك دەگوترێ‌ ئێزدی لە دایك و باوكێكی ئێزدی لەدایك بووبێ‌.
 
لەبارەی ئەو منداڵانەی کە لە خانەی بێسەرپەرشتان وەردەگیرێن، بەڕێوەبەری چاودێریی کۆمەڵایەتیی دهۆک باسی لە مەرجەکانی وەرگرتنی هەر منداڵێک کرد و گوتی، "منداڵانی بێ دایک و باوک، یاخود ئەو منداڵەی تەنیا دایک یان باوکی ماوە، بەڵام بەپێی راپۆرتی پزیشکی بە رێژەیەکی زۆر پەککەوتووە، یانیش ئەوانەی فڕێدەدرێن دێنە خانەی بێسەرپەرشتان."
 
خەلیل میکائیل باسی لە چۆنیەتی لە خۆگرتنی منداڵان لەلایەن خێزانەکانەوە دەکات و دەڵێت، "پرسی لە خۆگرتن پەیوەندی بە ئێمەوە نییە، ئەو پرسە گرێدراوی دادگای نەوجەوانانە کە بڕیار دەدات ئەو منداڵە بە کێ بدات، ئەو منداڵانەی دێنە لای ئێمە بە پێی نووسراوی فەرمی ئاراستەی دادگای نەوجەوانان دەکرێت و ئەوان بەپێی یاسا بە خێزانێک دەدەن، بەڵام وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بیری لەوە کردووەتەوە، کە منداڵەکان لەمەودوا لەگەڵ خێزانێک بژین و ئەم خانەیانە ببنە خانەی کاتی، منداڵ تەنیا ئەو ماوەیە لە خانەکە بێت تا خێزانی جێگرەوە بۆی دەدۆزرێتەوە، کە چەندین رێکاری تایبەتی هەیە و دەبێت دڵنیابین کە ئەم خێزانە ئامادەیە بۆ بەخێوکردنی ئەم منداڵە، ئەو کاتە منداڵەکە رادەستی خێزانەکە دەکرێت." 
 
بەڕێوەبەری چاودێریی کۆمەڵایەتیی دهۆک باسی لە چیرۆکی دوامنداڵی فڕێدراو لە دهۆک دەکات، کە لەلایەن خێزانێکی هەولێرەوە لەخۆ گیراوە و دەڵێت، "دوو منداڵ یەکێکیان منداڵێکی نابینا لە ئاکرێ فڕێدرابوو، هەروەها منداڵێکی فڕێدراو لەنێو پارکێکی دهۆک دوا حاڵەت بوون کە هاتبوونە لامان، منداڵە نابیناکە هەر زوو لەلایەن خێزانێکی هەولێرەوە لەخۆ گیراو و ئێستا لای ئەوانە، لە رێگەی ئێوەوە داوا لە خێرخوازان دەکەم هاوکاری ئەو خێزانە بکەن، چونکە ئەو خێزانە دۆخی ئابووری باش نییە و منداڵەکە گەورەتربوو و پێویستییەکانی زیاتربوونە، ئێمە زۆر سوپاسی ئەو خێزانە دەکەین."  
 
خەلیل میکائیل زیاتر باسی لە دۆخی منداڵەکە و ئەو خێزانەی کرد و گوتی، "ئەو کچە منداڵە چەندین نەشتەرگەری بۆ کراوە، جگە لە نابینای دیاربووە کە هەندێ کێشەی لەسەر و قاچەکانیشدا هەیە، ئەو خێزانە کە دۆخی ئابووریان زۆر باش نییە بەڵام هەموو شتێکیان بۆ منداڵەکە کردووە و ئامادەن هەموو شتێکیان لەسەر دابنێن."
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بڕینەکە بە مەبەستی دابینکردنی گازە بۆ ماڵان

لە سنە گازی زیاتر لە 600 ڤێلا دەبڕدرێت

بەڕێوەبەری گشتیی گازی پارێزگای سنە رایگەیاند، بە مەبەستی کەمکردنەوەی بەکارهێنانی گاز و دابینکردنی گازی پێویست بۆ ماڵان، گازی 647 ڤێلایان بڕیوە.