یاسین خدر: ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵم راست نین

26-02-2023
پەیمان محەممەد
گفتوگۆی رووداو لەگەڵ یاسین خدر، ئەندامی فراکسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان
گفتوگۆی رووداو لەگەڵ یاسین خدر، ئەندامی فراکسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

ئەندامێکی فراکسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان کە بە هێرشکردنەسەر پەناخوازێکی کورد لە بەریتانیا تۆمەتبارکرابوو، دەڵێت ئەو تۆمەتانە "هیچ بنەمایەکیان نییە و بە رێگەی یاسایی گەڕاومەتەوە کوردستان." دەشڵێت: ''ئەگەر ئەو هاونیشتمانییە بەڵگەیەکی لەسەر من هەیە، لە هەر دادگەیەک کە پێویست بێت، ئامادە دەبم.'' 
 
رۆژی یەکشەممە 26-02-2023، یاسین خدر، ئەندامی فراکسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان لە کاتی بەشداریکردنی لە بوولتەنی نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، رایگەیاند: ''ئەو تۆمەتانەی دەخرێنە پاڵ من هیچ بنەمایەکی دروستیان نییە.''
 
بەپێی گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبووەتەوە، لەکاتی سەردانی بۆ لەندەن لە چوارچێوەی شاندێکی پەرلەمانی کوردستاندا، گەنجێکی کورد هێلکە دەگرێتە یاسین خدر؛ دوای رووداوەکەش لە تۆمارێکی دەنگیدا ئیسماعیل سیان، ئەو گەنجەی کە هێلکەی گرتە پەرلەمانتارەکە باسی لەوەکرد کە لەلایەن چەند کەسێکەوە "رفێندرام و ئازار و ئەشکەنجەی جەستەیی درام." هەروەها دەڵێت، چەند کەسێک بە ئامادەبوونی پەرلەمانتارەکە "لێیاندام و بە چەقۆ برینداریان کردم."
 
ئەندامەکەی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان لەوبارەوە گوتی: ''ئەو گەنجە، پێشتر تەلەفۆنی بۆ من کرد و گوتی، 'دەمەوێت بتبینم'، منیش بە ئاسایی وەرمگرت و شوێنی هۆتێلەکەم پێگوت، پاشان کە هات، ڤیدیۆی تۆمار کرد و هەندێک هێلکەی گرتە من، دواتر چووم بۆ ژوورەوە و ئەویش رۆیشت.'' دەشڵێت، ئەوە تەواوی رووداوەکە بووە کە لێی ئاگادارە و ''بە بیستنی ئەو قسانە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان شۆک بووم.''
 
رۆژی هەینی 24-02-2023، فوئاد جەمال، ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان و بەرپرسی ئەنجوومەنی بزووتنەوەکە لە بەریتانیا لە بەرنامەی 'رووداوی ئەمڕۆ' رایگەیاند: "یاسین خدر بە سەردانی فەرمی و لە چوارچێوەی شاندی پەرلەمانی کوردستاندا سەردانی بەریتانیای کردووە. لە بەرامبەر ئەو تۆمەتانەش کە ئاراستەی کراوە لە دادگەی لەندەن سکاڵای یاسایی تۆمارکردووە و چاوەڕوانی لێکۆڵینەوە و بڕیارەکانی دادگەین." 
 
یاسین خدر دەڵێت، لەوانەیە دوای ئەو بەرکەوتنە، ئازار و ئەشکەنجەی گەنجەکە درابێت، بەڵام دەڵێت، هیچ پەیوەندییەکی بەوەوە نییە. ''هەموو شوێنێکی بەریتانیا کامێرای لێیە و ئەگەر من ئەو کارەم کردووە، با لە کامێرایەک دەرچووبم.'"
 
هەندێک کەس لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان باس لەوە دەکەن کە یاسین خدر "بە رێگەی نایاسایی" گەڕاوەتەوە هەرێمی کوردستان. پەرلەمانتارەکە خۆی لەوبارەوە ئاماژەی بەوەدا، ''من قاچاخچی نیم، بە رێگەی یاساییدا و لە فڕۆکەخانەوە چووم، لە فڕۆکەخانەشەوە دوای حەوت رۆژ گەڕامەوە هەرێمی کوردستان. ئەگەر هەڵەیەک لە من روویدابا، بەریتانیا رێگەی چوون یان گەڕانەوەی پێنەدەدام.''
 
بەپێی زانیارییەکان، ئیسماعیل سیان لە بەریتانیا سکاڵای دژی یاسین خدر تۆمار کردووە، ئەو پەرلەمانتارەش دەڵێت: ''هیچ کەس وەکو من لەگەڵ یاسا نییە، هەرکاتێک بە بەڵگەوە ئەو هاونیشتمانییە بەڕێزە سکاڵای لەسەر من تۆمارکرد، من لە هەر دادگەیەک کە پێویست بێت، ئامادە دەبم.''
 
شاندێکی پەرلەمانی کوردستان بە مەبەستی ئاشنابوون بە کاری پەرلەمانتاریی سەردانی بەریتانیایان کرد و رۆژی هەینی 24-02-2023 گەڕانەوە هەرێمی کوردستان. یاسین خزر، ئەندامی فراکسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستانیش لەگەڵ شاندەکە بوو.
 
دوای هێرشکردنە سەری، یاسین خدر گوتی: "خەڵکی خۆمان بەردمان تێبگرن یان هێلکەمان تێبگرن، دەستیان ماچ دەکەین." بەڵام دواتر ئەنجوومەنی چالاکییەکانی کوردانی بەریتانیا بڵاویکردەوە، شەوی 22-2-2023 ئیسماعیل سیان، ئەو گەنجەی هێلکەی گرتە یاسین خدر لە لەندەن لەلایەن چەند کەسێکەوە رفێندراوە و داوای لێکراوە لە لایڤێکدا داوای لێبووردن لەو پەرلەمانتارە بکات، بەڵام رەتیکردووەتەوە و دواتر بە چەقۆ بریندارکراوە. 
 
ئەنجوومەنی بزووتنەوەی گۆڕانیش لە بەریتانیا راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و سەرکۆنەی رووداوەکەی کرد و دەڵێت، هیچ پەیوەندییەکی بەوانەوە نییە و پابەندی بڕیاری دادگە دەبن کە دوای لێکۆڵینه‌وه‌ له‌سه‌ر رووداوه‌که‌ دەیدات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

پڕۆژەی مانهاتن تاوەرز لە هەولێر

لە چوار مانگدا مۆڵەت بە 35 پڕۆژەی وەبەرهێنان بە سەرمایەی 407 ملیۆن دۆلار دراوە

بەپێی ئامارە نوێیەکانی دەستەی گشتیی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان، لە چوار مانگی یەکەمی 2026دا، مۆڵەت بە 35 پڕۆژەی جۆراوجۆر دراوە کە کۆی سەرمایەکەیان دەگاتە زیاتر لە 407 ملیۆن دۆلار، کەرتی نیشتەجێبوونیش پشکی شێری لەو سەرمایەیە بەرکەوتووە.