رووداو - هەولێر
فەرماندەی لەشکری تایبەتی گوڵانی هێزی پێشمەرگە بە رووداوی راگەیاند، لە شەڕی ئەمڕۆی میحوەری زوممار و رەبیعە پێشمەرگە تانکێکی ئەبرامزی ئەمریکی تێکشکاند.
مەنسوور بارزانی، فەرماندەی لەشکری تایبەتی گوڵانی هێزی پێشمەرگە لەبارەی شەڕی ئەمڕۆی میحوەری زوممار و رەبیعە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "لە شەڕی ئەمڕۆ (26-10-2017)ـی میحوەری زوممار و رەبیعە 3 تانکی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق تێکشکێندراون".

فەرماندەی لەشکری تایبەتی گوڵانی هێزی پێشمەرگە دەشڵێت "لە شەڕەکەدا پێشمەرگە تانکێکی ئەبرامزی ئەمریکی تێکشکاند".
شەڕی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و حەشدی شەعبی و سوپای عێراق لە چەند میحوەرێکەوە بەردەوامە، هاوکات تۆپبارانکردنی سەنگەرەکانی پێشمەرگەش لەلایەن لەشکری عێراقەوە بەردەوامە، بەپێی زانیارییەکانی رووداو حەشدی شەعبی نزیکەی 150 کوژراو و برینداریان هەیە، کە لەنێویاندا فەرماندەی باڵا هەن.
بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست رووداو کەوتوون ماوەی سێ رۆژە لەشکری عێراقی ئامادەکاری بۆ ئەنجامدانی هێرشێکی لەوجۆرە دەکات، هەروەها شەوی رابردوو هادی عامری و ئەبو مەهدی موهەندیس گەیشتبوونە زوممار بۆ ئەوەی راستەوخۆ سەرپەرشتی ئەو هێرشە بکەن.
هێزەکانی پێشمەرگە جگە لە میحوەری زوممار و رەبیعە، کاژێر 10:00ـی ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 26-10-2017) لە میحوەری پردێ هێرشێکی حەشدی شەعبییان تێکشکاندووە.
بە تێکشکاندنی تانكێكی ئەبرامز لە میحوەری رەبیعە و زوممار دەبێتە دووەم تانکی ئەبرامزی ئەمریکی کە پێشمەرگە لەماوەی هەفتەیەکدا تێکیشکاندبێت، پێشتر فەرماندەیی گشتیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە شەڕی رۆژی 20-10-2017ـی میحوەری پردێ رایگەیاند، پێشمەرگە زیاتر لە 10 هامەر و تانكێكی ئەبرامزی لەناوبردووە.
ئەم هێرشانە لەکاتێکدایە، رۆژی هەینی 20-10-2017، حەشدی شەعبی لە چەند قۆڵێكەوە هێرشیكردە سەر شارۆچكەی پردێ و هەوڵیدا كۆنترۆڵی بكات، بەڵام هێزەكانی پێشمەرگە رووبەڕوویان بوونەوە و حەوت هێرشی یەك لەدوای یەكیان تێكشكاند. لە شەڕەكەدا نزیكەی 20 تانك و ئۆتۆمبێلی سەربازی حەشد تێكشكێندران، نزیكەی 150 چەكداریشیان كوژران و برینداربوون، حەوت پێشمەرگەش شەهید و ژمارەیەكی دیكەش بریندار بوون.
داڕشتنەوە؛ راوچی حەسەن
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ