رووداو دیجیتاڵ
هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) رایدەگەیێنێت: کورد سەربازی بەکرێگیراوی هیچ کەسێک نییە و "لەسەر حیسابی ئەمریکا و ئیسرائیل شەڕ ناکات." ئاماژەی بەوەش کرد، خوێندنەوەی پەیامی سەرکردە کوردەکان لە نەورۆزی ئەم ساڵدا "هەنگاوێکی مێژوویی" بووە و نیشانەی یەکڕیزیی گەلی کوردە.
ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە، 26ی ئاداری 2026، تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنیدا هەڵسەنگاندنی بۆ پرۆسەی چارەسەری و بارودۆخی ناوچەکە کرد. باکرهان تیشکی خستە سەر نەورۆزی ئەم ساڵ و گوتی: "گەلەکەمان هەم خاوەندارییان لە پارتەکەیان و هەمیش لەو پرۆسەیە کرد کە بە بانگەوازی بەڕێز ئۆجەلان دەستی پێکردووە."
هاوسەرۆکی دەم پارتی خوێندنەوەی پەیامی سەرکردە جیاوازەکانی کوردی لە گۆڕەپانەکانی نەورۆزدا بە خاڵێکی وەرچەرخان زانی و گوتی: "خوێندنەوەی پەیامەکانی بافڵ تاڵەبانی، نێچیرڤان بارزانی، عەبدوڵڵا ئۆجەلان و ئیلهام ئەحمەد و ئەو پێشوازییەی گەل لێیان کردن، زۆر گرنگ بوو. ئەمە نیشانی دەدات کە بەرامبەر هێرشەکان، نزیکبوونەوەیەکی سەروو حیزبی لەناو کورددا دروست بووە."
سەبارەت بە گرژییەکانی ناوچەکە و ئێران، باکرهان ئاماژەی بە هۆشدارییەکانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان کرد و رایگەیاند، رێگەی رزگاریی ئێران لە دیالۆگدایە لەگەڵ هەموو پێکهاتەکان. جەختیشی کردەوە: "کورد هەڕەشە نییە و تەنیا داوای مافەکانی دەکات. لە ئێرانیش تەنیا لە ناوچەکانی خۆیاندا بەرگری دەکەن. کورد نە لەسەر حیسابی ئەمریکا و نە لەسەر حیسابی ئیسرائیل شەڕ ناکات؛ کورد سەربازی بەکرێگیراوی هیچ کەسێک نییە."
باکرهان رەخنەی لە لێدوانەکانی ئەفکان ئالا، بریکاری سەرۆکی ئاکپارتی گرت کە مەرجی دانانی چەکی پێش دەرکردنی یاسای دانابوو و گوتی ئەمە پرۆسەکە پەکدەخات.
هەروەها ئاماژەی بە گۆڕانی هەڵوێستی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە کرد و گوتی: "باخچەلی پێشتر دەیگوت بڕیارمان روونە، بەڵام ئێستا دەڵێت پێویست بە پەلەکردن ناکات؛ چی بوو کە باخچەلی لەو خاڵەوە هاتە سەر ئەم قسەیە؟"
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ