ڤیژن ئیجیوکەیشن و زانکۆیەکی ئەڵمانی دەرگەیەک بۆ زانکۆکانی هەرێمی کوردستان دەکەنەوە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
کۆسار عوسمان
کۆسار عوسمان @KassoOsman
واژۆکردنی لێکتێگەیشتنەکە
واژۆکردنی لێکتێگەیشتنەکە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ڤیژن ئیجیوکەیشن و زانکۆی مانهایمی ئەڵمانی لێکتێگەیشتنێکیان واژۆکرد و دەرگەیەکی زانستی و ئەکادیمیی نوێیان لەبەردەم هەرێمی کوردستان واڵا کرد. خوێندکاران و مامۆستایانی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان دەتوانن بەشداری لە کۆنفرانسە زانستی و ئەکادیمییەکانی ئەورووپادا بکەن. 
 
د. دۆڵۆریس سانشێز بێنگوا، جێگری سەرۆکی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی زانکۆی مانهایم دوای واژۆکردنی لێکتێگەیشتنەکە رایگەیاند، "بێگومان کاتێک خوێندکاران دێنە لای ئێمە، پێشوازییان لێدەکەین، بۆ ئەوەی لە مانهایم پەیوەندیمان پێوە بکەن. ئێمە لە شارێکی زۆر زیندووین، لە رووی پیشەسازی و لە رووی دیمەنی سرووشتییەوە نایابە. بێگومان هەموو شتێک پەیوەندی بە گواستنەوەی زانیارییەوە هەیە. ئێوە ئاشنا دەبن بە نوێترین زانیارییەکانی ئەورووپا، بۆ نموونە بەڕێوەبردنی ئەورووپی."
 
کۆنفرانسێکی سێ رۆژە بەناوی (ریڵ کۆپ) لە شاری ڤیەننا بەڕێوەچوو، ڤیژن ئیجیوکەیشن رۆڵی گرنگی لە بەڕێوەبردنی کۆنفرانسەکەدا هەیە و ئامانج، دروستکردنی پردێکی زانستی و ئەکادیمییە لە نێوان هەرێمی کوردستان و ئەورووپا.
 
نزیکەی 300 پسپۆڕ و ئەکادیمی بەشدارن کە 40یان لە هەرێمی کوردستانەوە بەشداربوون.
 
هانز رۆدیگەر کاوفمان، بەڕێوەبەری کارگێڕیی زانکۆی مانهایم رایگەیاند، "پێش هەموو شتێک، زۆر زۆر شەرەفمەندم کە دەرفەتی واژۆکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتنم لەگەڵ ڤیژن ئێجوکەیشن بۆ رەخسا. بۆچی؟ چونکە ئێستا ئێمە لە جیهانێکی پێکەوەبەستراوین. بۆیە گرنگییەکە بۆ هەموومانە، پڕۆفیسۆر و خوێندکاران، ئەوەیە کە بەسەر سنوورەکانماندا هەنگاو بنێین."
 
هەرچەندە لە کۆنفرانسەکەی ڤیەننا پسپۆڕان گەنگەشەی چەندین بواری جیاواز دەکەن، بەڵام ڤیژن ئیجیوکەیشن جەختی لەسەر خوێندن و پەرەپێدانی ئەکادیمی کردووەتەوە.
 
لەڕێی هاوئاهەنگیی ڤیژن ئیجیوکەیشن و زانکۆی مانهایمی ئەڵمانی، لەمەودوا ئاڵوگۆڕی کاتی بۆ خوێندکاران و مامۆستایانی زانکۆ بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی زانستییان دەکرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە