رووداو دیجیتاڵ
هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) رایگەیاند، یەکێک لە فەرماندە باڵاکانیان بە فەرمی لە چوارچێوەی فیرقەیەکی سەربازی دەستبەکاربووە، ئەمەش وەک بەشێک لە رێککەوتنی یەکخستنی تواناکانیان لەگەڵ سیستمی بەرگریی سووریا.
ناوەندی راگەیاندنی هەسەدە، رۆژی هەینی 27ی ئاداری 2026، لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، چیا کۆبانێ (حەجی محەممەد نەبوو)، ئەندامی فەرماندەیی گشتیی هەسەدە، بە فەرمی وەک جێگری فەرماندەی "فیرقەی 60" دەستبەکار بووە.
بەپێی راگەیێندراوەکە، ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی بڕگەکانی رێککەوتنی 29ی کانوونی دووەمدایە، کە ئامانج لێی رێکخستنی پەیوەندییە سەربازییەکان و "یەکخستنی تواناکانی هەسەدە لە چوارچێوەی سیستمی بەرگریی سووریادایە."
هەسەدە ئاماژە بەوە دەکات، ئەم یەکخستنە دەبێتە هۆی "بەهێزکردنی هەوڵە بەرگرییەکان و بەرزکردنەوەی ئاستی کارایی هێزەکان لە رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە ئەمنییەکاندا." هەروەها جەخت لەوە دەکاتەوە کە پاراستنی هاووڵاتییان و پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە لە کارە لەپێشینەکان دەبێت.
هەوڵەکان بۆ رێکخستنەوەی هێزە چەکدارەکان و هەماهەنگیی سەربازی لە ناوچە جیاوازەکانی سووریا بەردەوامن.
لە کۆتایی مانگی کانوونی دووەمی ئەم ساڵ، حکومەتی سووریا و هەسەدە رێککەوتن بۆ یەکخستنی هەوڵەکان و گەڕانەوەی دامەزراوەکانی دەوڵەتی عەرەبیی سووریا بۆ ناوچەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا.
دوای رێککەوتنەکە کورد چەند پۆستێکی دیکەیان لە حکومەتی سووریا وەرگرتووە، لەوانە پارێزگاری حەسەکە، جێگری وەزیری بەرگریی سووریا و جێگری ئاسایشی گشتی پارێزگای حەسەکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ