رووداو دیجیتاڵ
پڕۆژەی بەدیجیتاڵکردنی قوتابخانەکان لە 60 قوتابخانەی بنەڕەتی هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد، کە تێیدا وانەکانی خوێندن لە رێگەی پلاتفۆرمێکی ئەلیکترۆنییەوە بەردەست دەبن و قوتابییان دەتوانن لە ماڵەوەش سوودی لێوەربگرن. پڕۆژەکە بە هاوبەشی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان و دامەزراوەی دەستپێشخەری سەرۆکوەزیرانی ئیمارات ئەنجام دەدرێت.
یەکێک لەو قوتابخانانەی پڕۆژەکەی تێدا جێبەجێ دەکرێت، قوتابخانەی گوندی کۆرییە. لە رێگەی وێبسایتێکی تایبەتەوە وانەکان بۆ قوتابیان دادەنرێن و هەر قوتابییەک کۆدی تایبەت بە خۆی دەبێت، کە رێگەی پێدەدات تەنانەت لە ماڵەوەش بەردەوام بێت لە خوێندن.
هۆناس سیروان، قوتابیی پۆلی پێنجی بنەڕەتی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دیجیتاڵ سکووڵ زۆر ئەپێکی باشە. ئێستا مامۆستاکانمان لە قوتابخانە بابەتەکەم بۆ روون دەکەنەوە، دواتر دەتوانم بچمەوە ماڵەوە و لەنێو پەیجی دیجیتاڵ سکووڵ، کە مامۆستای دیکەی تێدایە بە ڤیدیۆ، گوێی لێ رابگرم و بابەتەکە باشتر لە مێشکمدا بچەسپێت."
ئادا هەڵمەت، قوتابییەکی دیکەی پۆلی پێنجە و دەڵێت: "ئەگەر من لە ماڵەوە نەخۆش بم و نەتوانم بێمە قوتابخانە، دەتوانم هەر لە رێگەی دیجیتاڵ سکووڵەوە وانەکانم بخوێنم."
سەرەڕای پێشوازی، قوتابییان، مامۆستایان و بەڕێوەبەرانی قوتابخانەکان پێیان وایە هێشتا هەنگاوی زیاتر ماوە بۆ سەرخستنی پڕۆژەکە، بەتایبەت لە رووی دابینکردنی ژێرخانی پێویستەوە.
رێبین عەلی، یاریدەدەری قوتابخانەی گوندی کۆری، ئاماژە بە ئاستەنگەکان دەکات و دەڵێت: "پۆلم هەیە 42 قوتابی تێدایە، 25 بۆ 30 لاپتۆپ بەشی هەموویان ناکات. پێویستیمان بە دوو هێڵی ئینتەرنێتی بەهێز هەیە بۆ ئەوەی هەموویان بتوانن سوودمەند بن. هەروەها پێویستمان بە مێزی تایبەتە، ئێستا مێزی ئاسایی پۆلمان هێناوە."
پڕۆژەی قوتابخانەی دیجیتاڵی رۆژی دووشەممە، 28ی نیسانی 2024، لە رێوڕەسمێکدا بە فەرمی راگەیێنرا. وەلید ئال عەلی، ئەمینداری گشتیی پڕۆژەکە لە دامەزراوەی ئیماراتی، رایگەیاند: "ئامانج لە قوتابخانەی دیجیتاڵی ئەوەیە هاوکار بین لە خێراکردن و بەرزکردنەوەی کواڵێتی خوێندن. ئێمە لە سەردەمێکی دیجیتاڵیداین. پێشتر نەخوێندەوار ئەو کەسە بوو کە نەیدەتوانی بخوێنێتەوە و بنووسێت، بەڵام ئێستا ئەو کەسەی تەکنەلۆژیا بەکارنەهێنێت نەخوێندەوارە. بۆیە گرنگە قوتابییان لە قۆناغی سەرەتاییەوە ئاشنابن بە تەکنەلۆژیا."
سەفین حسێن، بەڕێوەبەری قوتابخانەی گوندی کۆری، میکانیزمی جێبەجێکردنی پڕۆژەکەی روونکردەوە: "وەزارەت 60 قوتابخانەی دەستنیشان کردووە. بۆ پۆلەکانی یەک تاوەکو سێی بنەڕەتی، قوتابیان زیاتر وەک گوێگر سوود وەردەگرن. بۆ پۆلەکانی چوار و پێنج و شەش، مامۆستایان رۆژانە بابەتەکان لە پۆلە دیجیتاڵییەکان دەخەنەڕوو."
بڕیارە ئەگەر قۆناخی یەکەمی پڕۆژەکە سەرکەوتوو بێت، لە داهاتوودا بۆ سەرجەم قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستان فراوان بکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ