کارەبای تەواوی پارێزگای هەڵەبجە کرایە 24 کاژێری

28-08-2025
ساڵح قادر @salihqadr
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، پرۆژەی "رووناکی" توانیویەتی کارەبای 24 کاژێری بگەیەنێتە نزیکەی 4 ملیۆن هاونیشتمانی هەرێمی کوردستان کە دەکاتە زیاتر لە 50%ی دانیشتووان.
 
وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، ئەمڕۆ کارەبای هەڵەبجە، کرایە کارەبای 24 کاژێری. 
 
هاوکات، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا لە فەیسبووک رایگەیاند: "نزیکەی چوار ملیۆن هاووڵاتی لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان و 115 هەزار شوێنی بازرگانی ئێستا کارەبای 24 کاتژمێریی پڕۆژەی رووناکییان هەیە. بەخۆشحاڵییەوە رایدەگەیەنم کە هەڵەبجەی خۆشەویست یەکەم پارێزگایە بەتەواوی کارەباکەی بووەتە 24 کاتژمێری." 
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتی کارەبا، ئەوانەی تائێستا لە پرۆژەکە سوودمەندبوون، ژمارەیان گەیشتووەتە 3,770,000 هاووڵاتی و 987,000 هاوبەش.
 
ژمارەی هاووڵاتی و هاوبەشانی سوودمەند لە پرۆژەی ڕووناکی:
 
هەولێر: 1,935,000 هاووڵاتی، 504,000 هاوبەش.
 
سلێمانی: 1,345,000 هاووڵاتی، 351,000 هاوبەش.
 
دهۆک: 351,000 هاووڵاتی، 94,000 هاوبەش.
 
هەڵەبجە: 139,000 هاووڵاتی، 38,000 هاوبەش.
 
کۆی گشتی: 3,770,000 هاووڵاتی و 987,000 هاوبەش.
 
وەزارەتی کارەبا ئاماژەی بەوەشکردووە، تائێستا زیاتر لە 3,200 موەلیدەی گازوایل لە گەڕەکەکاندا کوژێنراونەتەوە، لەوانە 2197 موەلیدە لە هەولێر، لە سلێمانی 604 موەلیدە، لە دهۆک 356 موەلیدە و لە هەڵەبجەش 65 موەلیدە، کە ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ کەمکردنەوەی دەرچوونی 600,000 تۆن لە دوانەئۆکسیدی کاربۆن لە ساڵێکدا.
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان پلانی هەیە تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026 زیاتر لە 7,000 مۆلیدە بکوژێنێتەوە.
 
لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پرۆژەی "رووناکی"ی راگەیاند بە ئامانجی گەیاندنی کارەبای 24 کاژێری بۆ سەرجەم ماڵ و شوێنە بازرگانییەکان تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026. لە مانگی ئایاریش، ئەنجوومەنی وەزیران بە کۆی دەنگ بڕیاری پەسەندکردنی پرۆژەکەی دا.
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە