رووداو دیجیتاڵ
بە گوێرەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکانی هەرێمی کوردستان (هەولێر)، پار هەزار و 708 بازرگان و بەکارهێنەری مادەی هۆشبەر دەستگیرکراون و دەست بەسەر زیاتر لە 922 کیلۆگرامیش لە مادەکەدا گیراوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 29-01-2026، نەقیب ئەرکان بیبانی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکانی هەرێمی کوردستان (هەولێر) لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا ئاماری تایبەت بە کار و چالاکییەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکەی لە هەولێر و دهۆک بۆ ساڵی 2025 خستەڕوو.
نەقیب ئەرکان بیبانی رایگەیاند، پار هەزار و 708 تۆمەتبار دەستگیرکراون کە هەزار و 34ـیان کڕین و فرۆشتنیان بە مادەی هۆشبەر کردووە و 674ـیان بەکارهێنەری مادەکە بوون.
وەک گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکانی هەرێمی کوردستان (هەولێر) گوتی، بڕی ئەو مادە هۆشبەرەی پار دەستی بەسەردا گیراوە 922 کیلۆ و 963 گرام بووە لەگەڵ 12 هەزار و 194 شریت حەبی هۆشبەر.
ئەرکان بیبانی ئەوەشی خستەڕوو، دوو هەزار و 354 دۆسیە لەلایەن دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش یەکلایی کراونەتەوە و رەوانەی دادگە تایبەتمەندەکان کراون بۆ دادگاییکردن کە ''بەشێک لە تۆمەتباران چەندین دۆسیەی تاوانیان بۆ کراوەتەوە، چونکە چەندین تاوانی جیاجیان وەک بازرگانیکردن و بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر و هەڵگرتنی چەکی بێمۆڵەتیان هەبووە.''
بەگوتەی ئەو ئەفسەرەی بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان، 631 تۆمەتبار ماوەی سزای یاسایی خۆیان تەواو کردووە و ئازاد کراون.
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکانی هەرێمی کوردستان (هەولێر) باسی لەوەش کرد، پار چەندین چالاکیی هاوبەش لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییەکانی بەرەنگاربوونەوە و نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکانی سلێمانی و عێراق کراوە و ''تێیاندا بە هاوبەشی 13 گەورە بازرگانی مادەی هۆشبەر دەستگیرکراون و دەستیش بەسەر بڕی هەزار و 575 کیلۆگرام مادەی هۆشبەر لە جۆرەکانی کریستاڵ و حەبی کاپتاگۆندا گیراوە.''
نەقیب ئەرکان بیبانی دەڵێ، هەرو لەو ماوەیەدا هەزار و 356 کیلۆ و 758 گرام مادەی هۆشبەری جۆراوجۆر لەلایەن لیژنەی لەنێوبردنی مادە هۆشبەرەکان سووتێنراوە و لەنێوبراوە.
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکانی هەرێمی کوردستان (هەولێر) ئەوەشی خستەڕوو، ''بەڕێوەبەرایەتییەکەمان لە ساڵی 2023 تاوەکو ساڵی 2025 لە سنووری پارێزگای هەولێر و دهۆک، بەدواداچوون و پشکنینی بۆ 98 کافتریا و رێستورانت و 23 دەرمانخانەی کردووە و بەڵێننامەی پابەندبوون بە رێنماییەکانی لێ وەرگرتوون.''
بەگوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان و دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان (هەولێر)، ساڵی 2024 دوو هەزار و 200 تۆمەتباری بەکارهێنان و بازرگانی بە مادەی هۆشبەر دەستگیرکراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ