رووداو - هەولێر
سەرکردەیەکی یەکگرتوو لە کەرکووک دەڵێت، لە زۆرینەی دامەزراوەکانی کەرکووک بەرپرسانی کورد لابراون و کەسانی عەرەب و تورکمان دانراون، ئەوەش پێچەوانەی دەستوورە.
جوان حەسەن، ئەندامی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک باس لە دۆخی ئێستای شارەکە دەکات و دەڵێت، لە دوای 16ی ئۆکتۆبەرەوە دۆخی کەرکووک ئاسایی نەبووە، بەڵام دوای ئەوەی پارێزگاری بەوەکالەت فەرمانی دەرکردووە بۆ رووخاندنی زێدڕۆیی دڵەوڕاوکێی زیاتر لەلای کوردی شارەکە دروستبووە، چونکە دەترسن هێزە ئەمنییەکانیان خانووەکانیان بڕوخێنن.
راکان سەعید، پارێزگاری کەرکووک بەوەکالەت بە نووسراوێکی فەرمی کە لە 27ی ئەم مانگە دەرچووە، فەرمانیکردووە بە پیکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەش لە هێزە ئەمنییەکان بۆ رووخاندنی گەڕەک و خانووە زێدەڕۆکانی کەرکووک، کە مەبەست لێی گەڕەکە کوردنیشینەکانی وەک مەکتەب خالید، فەیلەق و پەنجاعەلی-ین.
هەرچەندە لە فەرمانەکەدا ناوی هیچ گەڕەک و ناوچەیەک نەهێنراوە، بەڵام پێکهاتەی کورد لە شارەکە دەڵێن، مەبەست لەدەرکردنی بڕیارەکە تەنیا گەڕەکە کوردنشینەکانە کە لەدوای پرۆسەی رووخانی سەددام حوسێنەوە دروستکراون.
لەکاتی بەشدارییکردنی لە گەشتی هەواڵەکانی رووداو، رێبوار تاڵەبانی ئاماژەی بە بڕیارەکەی راکان سەعید جبووری کرد، کە بۆ رووخاندنی خانووی گەڕەکە زێدەڕۆکانی کەرکووک داویەتی و گوتی "راکان سەعید لە بڕیاردان پەلەدەکات، ئەوەش بۆ دژایەتی کورد و کۆکردنەوەی دەنگە لەنێو عەرەب، بەڵام ئەوەی بۆ ناچێتەسەر، پەرلەمانی عێراقیش نەیتوانیووە زێدەڕۆیی چارەسەربکات، چونکە زێدەڕۆیی لە هەموو عێراق هەیە نەک تەنیا کەرکووک، لە کەرکووکیش لە هەموو گەڕەکەکان هەیە نەک تەنیا کوردنشینەکان".
دوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری 2017 و هاتنی هێزەکانی عێراق و حەشدی شەعبی بۆ کەرکووک، کۆمەڵێک بڕیار لەلایەن ئیدارەی ئێستای کەرکووک دراون، کە نوێنەرانی کورد لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە دژایەتی کوردیان دەزانن، دواترین بڕیاریش بە نووسراوێکی پارێزگاری بەوەکالەتە بۆ رووخاندنی گەڕەک و شوێنە زێدەڕۆکان.
پێداچوونەوە: حەکیم داود
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ