کامیل ژیر، یەکێک لە دامەزرێنەرانی کاژیک کۆچی دواییکرد

30-04-2024
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
کامیل نیزامەدین جەلال (کامیل ژیر) نووسەر و سیاسەتڤان و یەکێک لە دامەزرێنەرانی کاژیک، رۆژی سێشەممە لە تەمەنی 90 ساڵیدا لە شاری سلێمانی کۆچی دواییکرد.
 
فوئاد سەراج نووسەر بە رووداوی راگەیاند: "کامیل ژیر چەند ساڵێک بوو تەندروستیی باش نەبوو، بەیانیی ئەمڕۆ بەو هۆیەوە کۆچی دواییکرد."
 
تەرمی کامیل ژیر لە مزگەوتی ئەحمەد حاجی عەلی دەشۆردرێت و نوێژی مردووی لەسەر دەکرێت، هەر ئەمڕۆ لە گۆڕستانی سەیوان بەخاک دەسپێردرێت. بەیانیش لە هەمان مزگەوت پرسەی بۆ دادەنرێت.
 
کامیل ژیر لە ساڵی 1934 لە سلێمانی لەدایک بووە دەرچووی کۆلێژی ماف بووە لە بەغدا، ساڵی 1948 بووەتە ئەندامی حیزبی شیوعی.
 
لە 14-4-1959 لەگەڵ جەمال نەبەز، ئەحمەد هەردی، عەبدوڵڵا جەوهەر، ئیحسان فوئاد، فەرەیدوون عەلی ئەمین و فایەق عارف، کاژیکیان دامەزراندووە.
کامیل ژیر، لە ساڵی 1957 بۆ ساڵی 1958 سەرپەرشتیاری گۆڤاری ھیوا بووە. ھەروەھا سەرپەرشتیاری رۆژ‌نامەی سەربەخۆیی ئۆرگانی پاسۆک بووە 1991 بۆ 1993.
 
کامیل ژیر یەکێک بوو لە حەواریوونی مامۆستا بەشیر موشیر. دوا کەسیشیان بوو کە کۆچی دوایی کرد و بەم کۆچە ئیتر کەسی دیکە لە "حەوتەی مژدەبەر" لە ژیاندا نەما.
 
ساڵی 1963 حاکمی عەسکەری گشتیی رەشید موسڵیح فەرمانی گرتنی بۆ دەرکردووە بە تۆمەتی ئەوەی ئۆتۆمبێلێکی بۆ مەلا مستەفا بارزانی کڕیوە؛ ئەویش گوتوویەتی: ئەگەر پارەم هەبووایە پاسکیلێکم بۆ خۆم دەکڕی.
 
ساڵی 1974 بۆ ساڵی 1975 دادوەر و پشکنەری داد بووە لە شۆڕشی ئەیلوول.
 
سەرۆکی کۆنگرەی نیشتمانی کوردستان/ سەرکردایەتیی باشوور بووە. ساڵی 2004 کۆڕی سەربەخۆیی کوردستانی دامەزراندووە.
 
کامیل ژیر چەندین بەرهەمی چاپکراوی هەیە، لەوانە: کۆمەڵە ھۆنراوەی (کوردایەتی و جوانی)، کورتە چیرۆکی  کوردایەتی و کۆمیدیای گەندەڵی، کوردایەتی بیرو بزاڤە،  کوردایەتی و سەربەخۆیی، أفکار بە زمانی عەرەبی،  کوردایەتی و دەوڵەتێکی کوردی سەربەخۆ،  ھەڵبەستەکانی ژ‌یر بەناوی (پەراوەکانم لە ھەڵبەستداو وانەیەک لە بارەی ھەڵبەستەوە) و چەندین بەرهەمی دیکە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.