قایمقامی دەشتی هەولێر: زەوییەکانی باغەمرەی شەهاب هەمان بڕیاری هەشتی حەسارۆک دەیانگرێتەوە

30-05-2021
جووتیار قارەمان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

خاوەن زەوییەکانی باغەمرەی شەهاب داوادەکەن حکومەت رێگەیان بدات خانوو دروست بکەن و خزمەتگوزارییان بۆ بچێت. قایمقامی دەشتی هەولێریش بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، ئەو زەوییانە هەمان بڕیاری زەوییەکانی هەشتی حەسارۆک دەیانگرێتەوە.
 
خاوەن زەوییەکانی باغەمرەی شەهاب کە دەکەونە سەر رێگەی کەرکووک-هەولێر و لە سنووری قەزای دەشتی هەولێردان، وەک خۆیان دەڵێن 22 هەزار پارچە زەوین و شەش هەزاریان تاپۆکراون و ئەوانی دیکەش ژمارەیان وەرگرتووە و هێشتا تاپۆ نەکراون. داوادەکەن حکومەت رێگەیان بدات خانوو دروست بکەن و خزمەتگوزارییان بۆ بچێت.
 
لەبارەی کێشەی ئەو زەوییانەوە جوان رەفیق، قایمقامی دەشتی هەولێر بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "زەوییەکانی باغەمرەی شەهاب هاوشێوەی هەشتی حەسارۆک پێشتر لەلایەن شارەوانیی هەولێرەوە دابەشکراون، بەڵام تاوەکو ئێستا خزمەتگوزارییان بۆ نەچووە."
 
رۆژی چوارشەممە 2021/05/12  مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دوای سەردانی زەوییەکانی هەشتی حەسارۆک رایگەیاند: "لە ئایندەیەکی نزیکدا، کێشەکانیان [کێشەی خاوەن زەوییەکانی هەشتی حەسارۆک] چارەسەر دەکات و بوار بۆ پێدانی مۆڵەتی بیناکردن دەکرێتەوە و پرۆسەی گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ ئەم زەوییانە بەپێی پلانێکی گونجاو دەستپێدەکات."
 
قایمقامی دەشتی هەولێر گوتیشی: "ئەو بڕیارەی بۆ زەوییەکانی هەشتی حەسارۆک دەرچووە، لە بڕیارەکەدا دەڵێت زەوییەکانی هەشتی حەسارۆک و هاوشێوەکانی، واتە ئەو زەویانەی دیکەش وەک باغەمرەی شەهاب لەو بڕیارە سوودمەند دەبن، بەڵام ئەمە پێویستی بە کاتە و دەبێت رێنوێنی بۆ دەربچێت."
 
بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوەدا کە دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی راسپاردووە، لە شوێنەکانی دیکەیش کێشەی هاوشێوە چارەسەر بکەن و خزمەتگوزاریی پێ بگەیەنن، "بۆ ئەوەی لە کاتێکی زوودا، ئاوەدانی لەو شوێنانە دەست پێبکات".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دادگەی چاغلایانی لە ئیستەنبووڵ

14 یاریزان لە تورکیا دەستگیرکران

کێشەی گرەوکردن لەنێو خولی تۆپی پێی تورکیا قووڵتر دەبێتەوە، 29 کەسی دیکە دەستگیرکران، لە نێویاندا سەرۆکی پێشووی یانەیەکی بەنێوبانگ و چەندین یاریزانی خولە جیاوازەکان هەن.