هاوسەرۆکی شارەوانیی قامشلۆ بۆ رووداو: زۆرترین بودجەمان بۆ چارەسەری کێشەی ئاوە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
کۆسار عوسمان
کۆسار عوسمان @KassoOsman
بێریڤان عومەر میوانی بووڵتەنی کاژێر 19:00 بوو کە نالین حەسەن پێشکێشی کرد
بێریڤان عومەر میوانی بووڵتەنی کاژێر 19:00 بوو کە نالین حەسەن پێشکێشی کرد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

هاوسەرۆکی شارەوانیی قامشلۆ دەڵێت، زۆرترین پارەی شارەوانییەکە بۆ چارەسەری کێشەکانی ئاوە، شارەوانییەکە تیمی تایبەتی بۆ راماڵینی بەفر هەیە و پڕۆژەکانیش لە شارەکەی رۆژئاوای کوردستان بۆ 2025 زۆربەیان تەواوکراون.
 
بێریڤان عومەر، ئێوارەی رۆژی سێشەممە، 30-12-2025، میوانی بووڵتەنی رۆژئاوای کوردستانی تۆڕی میدیایی رووداو کە نالین حەسەن پێشکێشی کرد، باسی ئەو شەپۆلی بەفرەی کرد زۆربەی شارەکانی رۆژئاوای کوردستانی گرتەوە.
 
بێریڤان بێعومەر رایگەیاند: "دەمێک بوو لە رۆژئاڤا بەفر نەباریبوو، بۆیە بەفرەکە بووە مایەی دڵخۆشیی دانیشتووانی، بەڵام ئێمە وەکو شارەوانی نیگەران بووین کێشە دروستبێ و ئەو شەپۆلەی بەفر ئاستەنگ بۆ خەڵک دروست بکات، بۆیە لە تەواوی شارەوانییەکانی کانتۆنی جزیر کۆمیتەی باری نائاسایی راگەیێندرا".
 
لەبارەی ئەوەی ئەو کۆمیتەیە چۆن کاری کردووە و ستافەکانی بە چ شێوەیەک هاوئاهەنگییان کردووە، هاوسەرۆکی شارەوانیی قامشلۆ دەڵێت: "ستافی شارەوانی گەڕانی بەردەوامیان هەبوو، هەر شوێنێک ئەگەری دروستبوونی قەرەباڵخی و پشێوی تێدا بووایە، بەخێرایی تیممان دەناردە ئەوێ و کێشەکەیان چارەسەر دەکرد، کارەکان زۆر باش بوون".
 
بێریڤان عومەر لەبارەی توانای تیمەکانیان دەڵێت: "شارەوانیی قامشلۆ هەزار و 200 کارمەندی هەیە و ئێستا 400 کارمەند لە شەقام و کۆڵانەکاندا دەگەڕێن، لە ئەگەری بوونی هەر کێشەیەک، لەو شوێنانە ئامادە و دەستبەکارن، ئەو 400 کارمەندە لە هەموو دۆخێکدا کاری خۆیان دەکەن."
 
زۆربەی پارەی تەرخانکراوی پڕۆژە لە قامشلۆ بۆ کەرتی ئاوە
 
سەبارەت بە کۆتاییهاتنی ساڵی 2025 و پرۆژەکانی شارەوانیی قامشلۆ، بێریڤان عومەر خۆشحاڵە زۆربەی ئەو پرۆژانەی پلانیان بۆ داڕێژرابوو، تەواوکراون: "زۆررترین بەشە بودجەی ئەمساڵی شارەوانیمان بۆ ئاو تەرخان کردبوو، ئێستا کارکردن لەو پرۆژەیەدا بەردەوامە و نزیکەی 90٪ـی تەواو بووە، هەموو هەوڵێکمان بۆ ئەوەیە ئەو کەموکوڕییانەی لە هاوینی 2025 هەبوون، لە هاوینی 2026 دووبارە نەبنەوە، هەوڵ و کۆششێکی زۆر باش لە ئاو کراوە".
 
بەشێک لەو سەردانیکارانەی دەڕۆنە قامشلۆ، گلەیی و رەخنەیان هەیە و دەڵێن، کەم و کوڕی لە پاک و خاوێنی و ژینگەدا هەیە. بێریڤان عومەر لەمبارەیەوە نەیشاردەوە ئەو رەخنەیان زۆر جار پێگەیشتووە، هاوکات ئەویش رەخنەی ئاراستەی دووکاندار و کاسبکاران کرد کە هاوکار نین.
 
باسی لەوەش کرد: "ئێستا رێککەوتنێک لە نێوان شارەوانی و کۆمپانیایەکی پاککردنەوە هەیە، ئێمە گەیشتووینەتە رێککەوتن بۆ ئەوەی بەیەکەوە شارەکە پاک بکەینەوە، پێنج رۆژە دەستمان بە هەنگاوێکی نوێ کردووە، شارەوانی لە زۆر شوێندا تەنەکەی خۆڵ دابەش دەکات، هەروەها ستافمان لە چەند شوێنێکدا ئەو زبڵ و خاشاکە کۆدەکەنەوە خەڵکی بێزار کردووە".
 
هاوسەرۆکی شارەوانیی قامشلۆ هەروەها راشیگەیاند، هاوتەریب بە هەڵمەتی پاککردنەوەی شارەکە، بەردەوامن لە بڵاوکردنەوەی رێنمایی بە خەڵک، بۆ ئەوەی پاک و خاوێنی بپارێزن و دەڵێت: "ئێمە باسی ستافێکی 400 کەسی دەکەین ئەوان ناتوانن بە تەواوی ئەو زبڵ و خاشاکە رابگەن بەو خێراییە کۆدەبێتەوە".
 
رووداو پرسیاری پرۆژەی نوێی لە هاوسەرۆکی شارەوانیی قامشلۆ لە ساڵی 2026 کرد، بەتایبەتی کە بەشێک لە کوردانی تاراوگە داوادەکەن شارەوانی زەوییان بۆ تەرخان بکات، هەتا پرۆژەکانیانی لەسەر جێبەجی بکەن.
 
بێریڤان عومەر رایگەیاند، چەند پڕۆژەیەکیان هەیە ئێستا کارەکانیان بەردەوامن و ساڵی 2026 تەواو دەکرێن، پشتڕاستی ئەوەی کردەوە داواکارییان لەلایەن کوردانی دیاسپۆراوە  بۆ پرۆژەی جۆراوجۆر پێگەیشتووە و دەڵێت: "پرۆژەی فراوانکردنی بازاڕ و دروستکردنی پارکەکان هەیە، ئەو داواکارییانەی لە دەرەوە پیماندەگەن پرۆژەی زۆر گەورەن، جێگەی خۆشحاڵین، ئێمە پێشتریش و ئێستاش دەیڵێینەوە، دەرگەمان واڵایە بۆ هەر پرۆژەیەک خزمەت بە خەڵک بکات. هەر چ پێویستییەکیش هەبێت ئێمە پێشکێشیان دەکەین، ویستمان هەیە بۆ ئەوەی بتوانین بەیەکەوە شارەکەمان خۆش بکەین".
 
لەبارەی ئەو پرۆژانەی ئێستا هەن، بێریڤان عومەر رایگەیاند زیاترینی ئەو پرۆژانە بازرگانین و داواکاریش لەسەر پرۆژەی جۆراوجۆر هەن، بەتایبەتی کۆمەڵگەی بازرگانی، ئێمە زیاتر سەرنجمان لەسەر ئەو پرۆژانەیە کە ئێستا پێویستترینن، هاوکات گرنگی بە رەخساندنی هەلیکار بۆ گەنجان دەدەین".
 
هاوسەرۆکی شارەوانیی قامشلۆ هەروەها جەختیکردەوە لە ماوەی ساڵێکدا کاری زۆریان کردووە، بەڵام هێشتا کەم و کوڕیی زۆر ماون کاریان لەسەر بکرێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

سەرۆک بارزانی

سەرۆک بارزانی: بەرژەوەندیی گەلی کوردستان و پارتی وای دەخواست د. شاخەوان بکێشتەوە

سەرۆک مەسعود بارزانی پەیامێکی لەبارەی د. شاخەوان عەبدوڵڵا بڵاوکردەوە و گوتی، کشانەوەی لە پۆستی جێگری سەرۆکی پەرلەمان، لەبەر بەرژەوەندیی گەلی کوردستان و پارتی بووە. هەروەها دەڵێت: "هەمیشە جێگەی متمانەی ئێمەیە."