وەزارەتی پەروەردە چەند بڕیارێکی نوێ دەردەکات؛ مووچەی مامۆستایانی کەرتی تایبەت دەستکاری ناکرێ

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی پەروەردە چەند بڕیار و روونکردنەوەیەکی نوێی سەبارەت بە پڕۆسەی خوێندن بە ئۆنلاین، مووچەی مامۆستایانی کەرتی تایبەت و چارەنووسی باخچەکانی منداڵان بڵاوکردەوە و رایگەیاند، قوتابخانە و پەیمانگە ناحکومییەکان مافی کەمکردنەوەی مووچەی مامۆستایانیان نییە.
 
روونکردنەوەکانی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ سێشەممە 31ـی ئادار بڵاو کراونەتەوە.
 
وەزارەتەکە سەبارەت بەو قوتابییانەی دەستیان بە ئینتەرنێت و ئامێرە زیرەکەکان ناگات بۆ بینینی وانەکان دەڵێ، سێ کەناڵی تەلەڤیزیۆنی پەروەردەیی لە شارەکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک هەن و بەردەوامن لە پەخشکردنی وانەکان بە شێوەیەکی سەرتاسەری، تاوەکو هەموو قوتابییان لە بینینی وانەکانیان بێبەش نەبن.
 
لە بەشێکی دیکەی روونکردنەوەکەدا، وەزارەتی پەروەردە وەڵامی داواکاری خاوەن فرۆشگەکان (حانوود)ـی قوتابخانە حکومییەکانی داوەتەوە و رایگەیاندووە: "چاوەڕوان دەکەین ماوەی راگرتنی خوێندنی ئامادەبوونی نێو پۆل بزاندرێت، تاوەکو ئەوکاتەی دۆخ ئاسایی بووەوە، بە گوێرەی ئەو ماوەیە پاشتر نووسراوی وەزارەت دەکرێت بۆ ئەنجوومەنی وەزیران".
 
سەبارەت بە دەوامی باخچەی منداڵانیش وەزارەتی پەروەردە ئاماژەی بەوە کردووە، دەوامی باخچە حکومییەکان بە تەواوی وەستاون، بەڵام بۆ باخچە ناحکومییەکان، "ئەگەر دایک و باوک لەگەڵ کارگێڕیی باخچەی ناحکومی هەردوولا بەباشیان زانی کە سوودی دەبێت دەتوانن بڕیار بدەن لە سەر ئەوەی بە ئۆنلاین بەردەوام بن، بە پێچەوانەوە ئەگەر بەباش نەزاندرێ بۆ ئۆنلاین ئەو تەمەنە، ئەوە هەرکات وەزارەت (پاش ئاسایی بوونەوەی دۆخەکە) بڕیاریدا کە دەوام بکرێتەوە، پێویستە باخچە ناحکومییەکە قەرەبووی ئەو ماوەیە بۆ منداڵەکان بکەنەوە".
 
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "قوتابخانە و پەیمانگە ناحکومییەکان مافیان نییە دەستکاری مووچەی مامۆستایان بکەن یان کەمی بکەنەوە، چونکە هیچ بڕیارێکی حکومی بۆ ئەو مەبەستە نەدراوە".
 
وەزارەتی پەروەردە ئاماژەی بەوە کردووە، خوێندن لە قوتابخانە و پەیمانگە حکومییەکان رانەگیراوە و کراوە بە ئۆنلاین، بۆیە قوتابخانەکانیش مافی خۆیانە داوا لە مامۆستایان بکەن ئەرکەکانیان لە رێگەی سیستمە ئەلیکترۆنییەکانەوە ئەنجام بدەن.
 
شەوی یەکشەممە، ژووری ئۆپەراسیۆنەكانی هەرێمی كوردستان بڕیاریدا ‏دەوامی خوێندنی ناو پۆل رابگرێت ‌و قوتابییان بە ئۆنلاین وانەكانیان بخوێنن.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە