FDA: خانمانی دووگیان و شیردەر نابێت خواردنی ماسی پشتگوێ بخەن

11-07-2019
رۆژین مەهدی
رۆژین مەهدی
نیشانەکردن دووگیانی، ماسی
A+ A-

رووداو- هەولێر

دەزگای دەرمان و خۆراکی ئەمریکی رێنمایی نوێ لەبارەی خواردنی ماسی لەماوەی دووگیانی و شیردان دەردەکات و دەڵێت پێویستە خانمان لە ماوەییەدا خواردنی ماسی فەرامۆش نەکەن.

د. سوزان ماینی، بەڕێوەبەری سەلامەتی خۆراک، لە دەزگای خۆراک و دەرمانی ئەمریکی دەڵێت: ماسی خۆراکێکی تەندروستە و پێشووتر دەرکەوتوبوو، خواردنی ماسی لەماوەی دووگیانی و شیردان سەلامەت نییە، بەوپێیەی ماددەی جیوەی تێدایە، ئەمەش ئێستا وایکردووە خانمانی دووگیان بەتەواوی لە خواردنی دووربکەونەوە.

لە رێنمایینامە نوێیەکەی دەزگا ئەمریکییەکە هاتووە، خانمانی دووگیان و شیردەر دەبێت ماسی لە ژەمە خۆراکییەکانیاندا هەبێت، چونکە ماسی سەرچاوەیەکی باشی پرۆتین، ئۆمێگا 3 و ڤیتامین B12 و Dیە هەروەها بە ئاسن و کانزا گرنگەکانی وەک سیلینیۆم، زینک و ئایۆداین دەوڵەمەندە.

بەڕێوەبەری سەلامەتی خۆراک لە دەزگا ئەمریکییەکە روونیدەکاتەوە، ئامانجیان ئەوەیە هانی خانمان بدەن زیاتر بایەخ بە خواردنی ماسی بدەن و هەوڵبدەن ئەو جۆرانەی ماسی هەڵبژێرن کە سەلامەتە بۆیان.

پزیشکانی دەزگای خۆراک و دەرمانی ئەمریکی رێنماییدەدەن خانمانی دووگیان و شیردەر هەفتانە دووجار ئەو ماسییانە بخۆن کە کەمترین بڕی جیوەیان تێدایە وەک ساردین و سەلەمون.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە