رووداو - تەندروستی
لە یەکەمین کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا، وەزارەتی تەندروستیی عێراق داوای لیستی ناوی دەرچووانی بەشە پزیشکییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستانی کردووە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی زیاد ئیسماعێل پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە بەغدا، لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران کە دوو کاژێر و نیوی خایاندووە، وەزارەتی تەندروستیی عێراق سێ هەفتە مۆڵەتی پێدراوە بۆ ئەوەی پێداویستی و کەموکوڕییەکانی بخاتەڕوو.
زیاد ئیسماعێل دەڵێت وەزیری تەندروستیی عێراق ئاماژەی بەوە کردووە کە کێشەی کەمیی میلاکیان هەیە و بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە، داوای ناوی دەرچووانی بەشە پزیشکییەکانی کردووە، کە دەرچووانی هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە.
پەیامنێری رووداو ئاماژە بەوەدەکات پێویستە وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی تەندروستیی عێراق بکات بۆ ئەوەی ناوی دەرچووانی هەرێمی کوردستانیشی تێدابێت.
بڕیارە وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان، هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی تەندروستیی عێراق بکات بۆ ئەوەی میکانیزمێکی گونجاو بۆ دامەزراندنی ئەو دەرچووانە بدۆزرێتەوە و لەو رێگەیەوە سوود لە توانا و پسپۆڕییەکانیان وەربگیرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ