"یەمەنی باشوور" دەروازەی چەند بنکەیەک بۆ هێزێكی "هاوپەیمانیی عەرەب" دەکاتەوە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
لهۆن نەسرەدین
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

"ئەنجوومەنی راگوزەری باشووری یەمەن" کە نزیکەی مانگێکە بە زەبری چەک، کۆنترۆڵی سەرجەم 8 پارێزگەکەی "باشووری یەمەن"ی لە هێزە چەکدارەکانی "باکووری یەمەن" کردووە، ئێستا بڕیاری داوە دەرگەی بەشێک لە بنکە و سەربازگەکانی بۆ هێزە دەرکراوەکان بکاتەوە.
 
محەمەد نەقیب، گوتەبێژی سوپای ئەمەنی باشوور دەڵێت، "لەپێناو پاراستنی خاکی نیشتمانی پیرۆزمان، باشووری خۆشەویست، بڕیاردرا بە هاوبەشکردنی سەربازانی هاوپەیمانیی عەرەب لە ئیدارەدان و پاراستنی هەندێ لە سەربازگەکانمان لە ناوچە جیاجیاکانی یەمەنی باشوور".
 
بڕیارە لیوای یەکی هێزی هاوپەیمانی عەرەبی کە سەر بە باکووری یەمەنە و سعودیە سەرۆکایەتی دەکات، لە بنکەکانی ناوچەی "سەمود و رومات"ی پارێزگەی "حەزرەمەوت" و چەند بنکەیەکی دیکەی پارێزگەی "مەهرە"ی یەمەنی باشوور جێگیر بکرێن.
 
ئەو بڕیارە بە "لێکتێگەیشتنی سیاسی" ئەنجوومەنی راگوزەری باشووری یەمەن لەگەڵ ئەنجوومەنی سەرۆکایەتیی باکووری یەمەن درا؛ لە ژێر گوشاری سعودییە.
 
ئەنوەر تمیمی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی راگوزەری یەمەنی باشوور باسی لەوە کرد، "ئەوەی بەمدواییە روویدا، وا لە گەلی یەمەنی باشوور دەکات، سوورتربن لەسەر گەڕاندنەوەی نیشتمانەکەیان، چونکە هەموو جۆرە برایەتی و هاوبەشی و هاریکاری و دۆستایەتیمان لەگەڵ یەمەنی باکوور کرد و بۆمان دەرکەوت ئەوان هەمیشە ئامادەن لە ساتەوەختی دیاریکراودا ئێمەی باشووری سەرکوت بکەن، بۆیە بڕیارمان داوە هەنگاو بەرەو سەربەخۆبوونەوەی یەمەنی باشوور بنێین".
 
لە رۆژانی رابردوودا و لە وەڵامی هەنگاوەکانی باشووری یەمەن بۆ دیاریکردنی چارەنووسی بە جیابوونەوە لە یەمەن و دامەزراندنی دەوڵەتێكی سەربەخۆ بەناونیشانی "دەوڵەتی باشووری عەرەب"، هێزی ئاسمانی سعودیە بۆردوومانی چەند پێگەیەکی سەربازی لە باشووری یەمەن کرد.
 
هەروەها سعودیە بەندەری "مکەللا"ی باشووری یەمەنی لەسەر دەریای عەرەبی کردە ئامانج کە بە گوێرەی بەرگری سعودیە، "چەکوتەقەمەنی تێدا بوو لە بەندەری فوجەیرەی ئیماراتەوە بە نهێنی بۆ باشووری یەمەن نێردرابوو"؛
 
ئیمارات "بردنە دەرەوەی هێزەکانی لە باشووری یەمەن و گەڕاندنەوەیان بۆ ئیمارات" راگەیاند، ئەوەش وەک خۆی دەڵێ، لە پێناو پاراستنی "هاوپەیمانی عەرەبە دژ بە حووسییەکان".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە