رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئیسرائیل بەرەبەیانی پێنجشەممە رایگەیاند، دەستیان بە "شەپۆلێکی بەرفراوانی هێرش" بۆ سەر چەندین ئامانجی جیاواز لە ناو خاکی ئێراندا کردووە، ئەمەش دوای ئەوە دێت کە کۆماری ئیسلامیی ئێران چەندین گورزە مووشەکی ئاراستەی خاکی ئیسرائیل کرد.
بەپێی راگەیێندراوەکەی سوپای ئیسرائیل، ئامانجی ئەم شەپۆلە نوێیەی هێرشەکان بریتین لە "سەکۆکانی هاوێشتنی مووشەک، سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانی و ژێرخانە سەربازییەکانی دیکەی ئێران."
لە کاژێرەکانی رابردوودا، دەنگی زەنگی ئاگادارکردنەوە لە چەندین ناوچەی جیاوازی ئیسرائیل بیسترا، لەو کاتەی سوپای ئەو وڵاتە خەریکی بەرپەرچدانەوە و تێکشکاندنی مووشەک و درۆنە ئێرانییەکان بوو.
پۆلیسی ئیسرائیل ئاماژەی بەوە کردووە، تاوەکو ئێستا هیچ زیانێکی گەورەی گیانی تۆمار نەکراوە، تەنیا لە تەلئەڤیڤ پارچەی تێکشکێنراوی مووشەک کەوتووەتە خوارەوە و بەو هۆیەوە ژنێک بە سووکی بریندار بووە.
ئەم پەرەسەندنە نوێیە تووندتربوونی جەنگی نێوان تاران و ئیسرائیلە کە لە رۆژی چوارەمیدا، ناوچەکەی خستووەتە ناو بارودۆخێکی زۆر مەترسیدارەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ