رووداو دیجیتاڵ
لە پێنجەم رۆژی جەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند کە "کۆنترۆڵی تەواوی" گەرووی هورمزیان کردووە. هاوکات ئیسرائیل هێرشی نوێی کردە سەر تاران و چەند ئامانجێکی حیزبوڵڵا لە لوبنان.
نوێترین پێشهاتەکان:
ئیسرائیل جارێکی دیکە تارانی بۆردوومان کرد.
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند کە رۆژی چوارشەممە شەپۆلێکی نوێی هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر تاران دەستپێکردووە. دەنگی تەقینەوەیەک لە باکووری رۆژهەڵاتی پایتەختی ئێران بیستراوە. سوپای ئیسرائیل دەڵێت "دەیان" ئامانجیان پێکاوە، لەنێویاندا ناوەندەکانی فەرماندەیی تەناهی لە تاران.
کەشتییەکی جەنگیی ئێران نوقم بوو
حکومەتی سریلانکا رایگەیاند، کەشتییەکی جەنگیی ئێرانی لە جۆری "فرێگێت" کە 180 سەرنشینی تێدا بووە، لە دەرەوەی ئاوە هەرێمییەکانی ئەو وڵاتە بەهۆی تەقینەوەوە نوقم بووە.
وەزیری دەرەوەی سریلانکا رایگەیاند کە 32 دەریاوانیان رزگار کردووە کە بە "سەختی بریندار" بوون، دوای ئەوەی کەشتییەکە (IRIS Dena) داوای هاوکاریی کردبوو.
کەنەدا گومانی لە یاساییبوونی هێرشەکان هەیە
مارک کارنی، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا رایگەیاند، هێرشە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران "بەپێی بەڵگە سەرەتاییەکان، وا دەردەکەوێ لەگەڵ یاسا نێودەوڵەتییەکاندا ناگونجێت."
کۆنترۆڵکردنی گەرووی هورمز و هەڕەشەی ئێران
سوپای پاسداران رایگەیاند، هێزەکانی ئێران "کۆنترۆڵی تەواوی" گەرووی هورمزیان کردووە کە رێڕەوێکی سەرەکیی وزەی جیهانە.
پاسداران ئاگاداری داوە کە هەر کەشتییەک بیەوێت تێپەڕێت، مەترسی بەرکەوتنی مووشەک و درۆنەکانی لەسەرە.
لە بەرامبەردا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، هێزی دەریایی ئەمریکا ئامادەیە لەو ناوچەیەدا پارێزگاری لە تانکەرە نەوتەکان بکات.
رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی خامنەیی
تەلەڤزیۆنی فەرمیی ئێران بڵاویکردەوە، لە ئێوارەی رۆژی چوارشەممەوە رێوڕەسمی فەرمیی بەخاکسپاردنی عەلی خامنەیی بۆ سێ رۆژ دەستپێدەکات.
خامنەیی رۆژی شەممە لە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلدا کوژرا. وەزیری بەرگریی ئیسرائیل هۆشداری دا کە هەر کەسێک ببێتە جێگرەوەی، "دەبێتە ئامانجی کوشتن."
داڕمانی بۆرسەکانی کەنداو و ئاسیا
دوای دوو رۆژ لە راگرتنی کارەکانیان بەهۆی هێرشەکانی ئێران، بۆرسەکانی دووبەی و ئەبوزەبی رۆژی چوارشەممە بە دابەزینێکی گەورە کرانەوە.
بۆرسەی دووبەی بە رێژەی %4.7 و ئەبوزەبی بە رێژەی %3.5 دابەزین.
هەروەها پشکەکانی سیئۆل لە کۆریای باشوور زیاتر لە %12 دابەزین، لە کاتێکدا نرخی نەوت بەرز بووەوە.
زەنگی ئاگادارکردنەوە لە ئیسرائیل
مووشەکەکانی ئێران رۆژی چوارشەممە زەنگی ئاگادارکردنەوەیان بە زۆربەی ناوچەکانی ئیسرائیل لێدا، لەوانە تەلئەڤیڤ.
تاوەکو ئێستا زانیاری لەسەر زیانی گیانی نییە، بەڵام پارچە مووشەکێک بووەتە هۆی ئاگرکەوتنەوە لە نزیک قودس.
تەقینەوە لە بەیرووت و شارەکانی دیکە
فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل پێگەکانی حیزبوڵڵایان لە گەڕەکی باشووری بەیرووت بۆردوومان کرد.
وەزارەتی تەندروستیی لوبنان رایگەیاند، لە هێرشێکی دیکەی ئیسرائیلدا بۆ سەر دوو شارۆچکەی باشووری بەیرووت، شەش کەس کوژراون و هەشت کەسی دیکە بریندار بوون.
هەروەها هێرش کرایە سەر هۆتێلێک لە ناوچەی حەزمییە و باڵەخانەیەک لە شاری بەعلەبەک.
پێکانی 2000 ئامانج لەنێو ئێراندا
ئەدمیراڵ براد کووپەر، فەرماندەی هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست رایگەیاند، تاوەکو ئێستا نزیکەی 2000 ئامانج لەنێو خاکی ئێراندا پێکراون.
هێرش بۆ سەر کۆنسووڵخانەی ئەمریکا لە دووبەی
هێرشێکی درۆنی بووەتە هۆی ئاگرکەوتنەوە لە نزیک کونسووڵخانەی ئەمریکا لە دووبەی.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئەمریکا رێگەی بە فەرمانبەرانی نێردە دیپلۆماسییەکانی داوە لە سعودیە، قوبرس و عومان ئەو وڵاتانە جێبهێڵن، هەروەها فەرمانی بە فەرمانبەرە "ناپێویستەکان" لە کونسوڵخانەکانی لاهوور و کاراچی کردووە پاکستان جێبهێڵن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ