رووداو دیجیتاڵ
ئەمریکا ناوی 4 سەربازی وڵاتەکەی بڵاوکردەوە، کە رۆژی یەکشەممە 01-03-2026 لە ئەنجامی تەقینەوەی درۆنێکی ئێرانی لە ناوچەی بەندەری شوعەیبە لە کوێت کوژران.
بەپێی راپۆرتێکی وەزارەتی جەنگی ئەمریکا، ئەو 4 سەربازەی سوپای ئەمریکا کە لەو هێرشەدا کوژراون بریتین لە:
کۆدی خۆرک، تەمەن 35 ساڵ، دانیشتووی فلۆریدا.
نۆوا تیتجێنز، تەمەن 42 ساڵ، دانیشتووی نێبراسکا.
نیکۆڵ ئامۆر، تەمەن 39 ساڵ، دانیشتووی مینیسۆتا.
دێکلان کۆدی، تەمەن 20 ساڵ، دانیشتووی ئایۆوا.
هەر چوار سەربازەکە سەر بە فەرماندەیی 103ـی پشتیوانی بوون لە شاری دێ مۆین لە ویلایەتی ئایۆوا.
ئەمریکا هێشتا ناوی دوو سەربازی دیکەی ئاشکرا نەکردووە کە لە هەمان هێرشدا کوژراون و لێکۆڵینەوە لە چۆنیەتی رووداوەکە بەردەوامە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا سەرەخۆشی لە خێزانی کوژراوەکان کرد و هۆشداریی دا کە رەنگە ژمارەی کوژراوەکانی ئەمریکا زیاتر ببێت. ترەمپ گوتی: "بە داخەوە، پێدەچێت پێش کۆتاییهاتنی جەنگەکە قوربانیی زیاترمان هەبێت، ئەمە واقیعی جەنگە."
لە دەستپێکردنی هێرشە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە رۆژی شەممەی رابردووەوە، لانیکەم 870 کەس لە ناوچەکەدا کوژراون. زۆرینەیان لە خاکی ئێراندان.
رۆژی سێشەممە، هەزاران ئێرانی بەشدارییان لە رێوڕەسمی بە خاکسپاردنی 175 کوژراوی هێرشەکەی سەر قوتابخانەیەکی سەرەتایی کچان لە شاری میناب کرد، کە زۆربەیان منداڵ بوون.
تاوەکو ئێوارەی سێشەممە، بە فەرمی کوژرانی 6 سەربازی ئەمریکی لەم جەنگەدا پشتڕاستکراوەتەوە. ئەمریکا و ئیسرائیل لە رێگەی مووشەکی دوورمەودا و فڕۆکە جەنگییەکانەوە هێرش دەکەنە سەر ئێران، لە کاتێکدا تاران لەرێگەی درۆن و مووشەکی بالیستییەوە وەڵامی بنکەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی دراوسێ دەداتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ