رووداو دیجیتاڵ
سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەستپێکردنی شەپۆلی 25ـەمی ئۆپەراسیۆنی "بەڵێنی راست"ـی راگەیاند و ئاماژە بەوە دەکات، بە درۆن و مووشەک هێرشیان کردووەتە سەر بنکەی ئاسمانیی زەفرە لە ئیمارات و بنکەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ناوچەکەدا. هاوکات سوپای ئێران دڵنیایی دەداتە وڵاتانی دراوسێ کە رێز لە سەروەریی خاکەکەیان دەگرێت.
بەپێی راگەیێنراوێکی پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران، لەڕێگەی ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی درۆنی و مووشەکییەوە، شەپۆلی 25ـەمی هێرشەکانیان لەژێر ناوی "بەڵێنی راست 4" دەستپێکردووە.
لە راگەیێنراوەکەدا هاتووە، بە مووشەکی ستراتیژی و وردپێکی جۆری "فەتاح و عیماد"، ناوەندە سەربازی و لۆجستییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلیان کردووەتە ئامانج.
لەلایەکی دیکەوە، هێزی دەریایی سوپای پاسداران بڵاویکردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە یەکەی درۆنیی هێزەکانیان بە هێرشێکی بەرفراوان بنکەی ئاسمانیی "زەفرە"یان لە ئیمارات کردووەتە ئامانج.
سوپای پاسداران دەڵێت، ئەو بنکەیە یەکێکە لە گەورەترین و گرنگترین بنکە ئاسمانییەکان و ناوەندی کۆنترۆڵ و سەرپەرشتیکردنی هێزەکانی ئەمریکایە لە ناوچەی کەنداو و گەرووی هورمز.
بەپێی بانگەشەی سوپای ئێران، لە هێرشەکەیاندا ناوەندی جەنگی ئاسمانی، ناوەندی پەیوەندی مانگە دەستکردەکان و رادارەکانی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختەی هێزەکانی ئەمریکا لەو بنکەیەدا پێکراون.
هاوکات قەرارگای ناوەندیی "خاتەمولئەنبیا"ـی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە راگەیێنراوێکدا جەخت لەوە دەکاتەوە کە بەپێی گوتەکانی سەرۆککۆماری ئێران، رێز لە سەروەریی خاکی وڵاتانی دراوسێ دەگرن و تاوەکو ئێستاش هیچ هێرشێکیان نەکردووەتە سەریان.
بەڵام بنکە سەربازییەکەی ئێران هۆشداری دەدات و دەڵێت: "لە بەردەوامیی هێرشەکانی پێشوودا، سەرجەم بنکە سەربازییەکان و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لەسەر زەوی، دەریا و ئاسمان لە ناوچەکەدا ئامانجی سەرەکین و رووبەڕووی گورزی قورسی هێزە چەکدارەکانی ئێران دەبنەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ