رووداو دیجیتاڵ
دوای شەڕێکی سێ رۆژە و کوژران و برینداربوونی زیاتر لە 300 کەس لە کەرتی غەززە، ئیسرائیل و گرووپی جیهادی ئیسلامی بەنێوەندگیریی میسر ئاگربەستیان راگەیاند.
ئەمشەو 07-08-2022 ئاگربەستەکە چووە واری جێبەجێکردنەوە، بەگوێرەی راگەیێندراوی ئاگربەستەکە، هەردوولا پابەندی ئاگربەستی تەواوی شەڕ دەبن و میسریش هەوڵەکانی بۆ ئازادکردنی خەلیل عەوادە و بەسام سەعدی، دوو دیلی بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامی کە لەلایەن ئیسرائیلەوە دەستبەسەرکراون، چڕدەکاتەوە.
میسر پەیوەندیی بە هەردوولاوە کردووە و جەختی کردووەتەوە خۆیان لە گرژی و ئاڵۆزی بەدووربگرن، بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامی لای خۆی ئاگربەستەکەی پشتڕاستکردەوە و یایر لاپید، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلیش رایگەیاند، پابەند دەبن پێیەوە.
تاوەکو دوا ساتەکانی ئاگربەست، هەردوولا بەردەوام بوون لە بۆردوومانکردن و مووشەکبارانکردنی یەکدی.
بەگوێرەی وەزارەتی تەندروستیی کەرتی غەززە، لانی کەم 43 کەس لە خەڵکی سڤیل و چەکدارانی سەرایا قودس، باڵی سەربازیی گرووپی جیهادی ئیسلامی لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیل کوژران، لە لایەنی ئیسرائیلیش تەنیا ئاماژە بە زیانی ماددی کراوە.
بڕیاربوو ئاگربەستەکە کاژێر 8:00 بچێتە واری جێبەجێکردنەوە، بەڵام دوای ماوەیەکی کەم ژمارەیەک مووشەکی بزووتنەوە چەکدارییەکەی کەرتی غەززە رەوانەی ئیسرائیل کران و ئاگربەستەکەی بۆ کاژێر 11:30 دواخست.
بەگوتەی بەرپرسانی تەندروستی لە کەرتی غەززە، لە 3 رۆژی شەڕ و پێکداداندا 43 کەس لە کەرتی غەززە گیانیان لەدەستداوە، 15یان منداڵن، 4یان ئافرەتن، هاوکات 311 کەسیش برینداربوون. هەروەها دوو فەرماندەی سەربازی باڵای سەرایا قودس کوژراون.
رۆژی هەینی تەیسیر جەعبەری، فەرماندەی فەوجی قودس لە هێرشێکی ئیسرائیل کوژرا، دوێنێش گرووپە جیهادییەکە کوژرانی خالید مەنسوور، ئەندامی ئەنجوومەنی سەربازی و فەرماندەی بەشی باشووری کەرتی غەززەی پشتڕاستکردەوە.
فەوجی قودس تاوەکو ئێستا نزیکەی 600 مووشەکی ئاراستەی شار و شارۆچکەکانی ئیسرائیل کردووە. تەنیا دوای نیوەڕۆی رۆژی یەکشەممە بزووتنەوە جیهادییەکە لە ماوەی 10 خولەکدا 130 مووشەکی ئاراستەی ئیسرائیل کرد. دەڵێن بەشێک لە مووشەکەکانمان لە ئەسدود، عەسقەلان و نتیفوت ئامانجی خۆیان پێکاوە، بەدرێژایی رۆژەکەش لە تەلئەڤیڤ زەنگی ئاگادارکردنەوە لێدراوە.
دوایین پێکدادان لەنێوان گرووپە چەکدارییەکانی کەرتی غەززە و ئیسرائیل لە ئایاری 2021 بوو، کاتێک حەماس و ئیسرائیل بۆ ماوەی 11 رۆژ رووبەڕووی یەکدی بوونەوە، لە غەززە 256 کەس گیانیان لەدەستدا، 186 کەسیان سڤیل بوون، هاوکات زیاتر لە 100 چەکداری حەماسیش کوژران و لە دیوی ئیسرائیلیش 14 کەسی سڤیل و سەربازێکی ئیسرائیل کوژران و 3ی دیکە برینداربوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ