رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایدەگەیێنێت، بەرپەرچی زنجیرەیەک هێرشی "بێ پاساوی" ئێرانیان لە تەنگەی هورمز داوەتەوە و لە وەڵامیشدا چەندین پێگەی سەربازیی ئەو وڵاتەیان لە ناوخۆی ئێراندا کردووەتە ئامانج.
بەپێی راگەیێندراوێکی سێنتکۆم، رۆژی 7ـی ئایار، کاتێک کەشتییە تێکشکێنەرە مووشەکهاوێژەکانی هێزی دەریایی ئەمریکا (USS Truxtun، USS Rafael Peralta و USS Mason) خەریکی رۆیشتن بوون بە رێڕەوی ئاویی نێودەوڵەتی لە تەنگەی هورمزەوە بەرەو دەریای عومان، لەلایەن هێزەکانی ئێرانەوە هێرشیان کراوەتە سەر.
سێنتکۆم ئاماژەی بەوە کردووە، هێزەکانی ئێران چەندین مووشەک، درۆن و بەلەمی خێرایان لە دژی کەشتییە ئەمریکییەکان بەکار هێناوە، بەڵام هیچ کام لە کەشتییەکان نەپێکراون و زیانیان بەرنەکەوتووە.
دەشڵێت، لە بەرامبەردا، هێزەکانی ئەمریکا وەک بەرگری لە خۆیان، چەندین پێگەی سەربازیی ئێرانیان کردووەتە ئامانج کە بەرپرس بوون لە هێرشەکان؛ لەوانەش شوێنی هاویشتنی مووشەک و درۆن، ناوەندەکانی فەرماندەیی و کۆنترۆڵ و بنکەکانی چاودێری و هەواڵگری.
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا دەشڵێت، ئەوان بەدوای زیادکردنی گرژییەکانەوە نین، بەڵام لە ئامادەیی تەواودان بۆ پاراستنی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.
ئەم پێکدادانە سەربازییە لە کاتێکدایە کە ئاگربەستە کاتییەکەی نێوان تاران و واشنتن لە لێواری هەرەسهێناندایە. دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، دانوستاندنە ئەتۆمییەکانی پاکستان بێ ئەنجام بوون، فەرمانی بە گەمارۆدانی دەریایی ئێران دا.
لە بەرامبەردا ئێران تەنگەی هورمزی بە رووی کەشتییە نێودەوڵەتییەکاندا داخستووە.
ئەم پەرەسەندنە مەترسیی هەڵگیرسانەوەی شەڕێکی گشتگیری لە ناوچەکەدا دروست کردووە و بازرگانیی جیهانیی وزەی رووبەڕووی تەنگژەیەکی گەورە کردووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ