حیزبوڵڵا هێرشی کردە سەر بنکەیەکی سەربازیی ئیسرائیل؛ پێنج کەس لە لوبنان کوژران

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
حیزبوڵڵای لوبنان رایگەیاند، لە وەڵامی کوژرانی فەرماندەیەکی باڵای، بنکەیەکی سەربازیی ئیسرائیلی لە باکووری ئەو وڵاتە کردووەتە ئامانج؛ هاوکات هێرشە نوێیەکانی ئیسرائیل بۆسەر باشووری لوبنان بوونەهۆی کوژرانی پێنج کەس کە یەکێکیان کارمەندی تیمی فریاگوزاری بوو.
 
رۆژی هەینی، 8ـی ئایاری 2026، حیزبوڵڵای لوبنانی لە راگەیێندراوێکدا گوتی، چەند مووشەکێکی ئاراستەی بنکەیەکی سەربازی لە باشووری شاری (نەهاریا) کردووە.
 
حیزبوڵڵا دەڵێت ئەم هێرشە "وەڵامێکە بۆ پێشێلکارییەکانی ئیسرائیل بۆ ئاگربەست و بۆردوومانکردنی بەیرووت و گوندەکانی باشووری لوبنان."
 
هاوکات سوپای ئیسرائیل بڵاویکردەوە، زەنگی مەترسی لە چەند شارێکی باکوور لێدرا و مووشەکێکی ئاراستەکراوی تێکشکاندووە و ئەوانی دیکە لە ناوچەی چۆڵ کەوتوونەتە خوارەوە، بێ ئەوەی هیچ زیانێکی گیانی لێبکەوێتەوە.
 
قوربانییەکانی لوبنان
 
وەزارەتی تەندروستیی لوبنان بڵاویکردەوە، لە ئەنجامی هێرشێکی ئیسرائیل بۆسەر شارۆچکەی (تەورا) لە ناوچەی سوور لە باشووری وڵات، چوار کەس کوژران کە دووانیان ژن بوون؛ هەروەها هەشت کەسی دیکەش بریندار بوون.
 
بەرگریی شارستانیی لوبنانیش گوتی، یەکێک لە کارمەندەکانیان لە کاتی ئەنجامدانی ئەرکی فریاگوزاریدا بەهۆی بۆردوومانی ئیسرائیلەوە لە باشووری وڵات کوژراوە.
 
کوژرانی فەرماندەیەکی رەزوان
 
ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدان، رۆژی چوارشەممە ئیسرائیل هێرشی کردە سەر باشووری بەیرووت، کە پێگەی سەرەکیی حیزبوڵڵایە.
 
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، لەو هێرشەدا فەرماندەی هێزی رەزوانی حیزبوڵڵای کردووەتە ئامانج.
 
هەرچەندە حیزبوڵڵا کوژرانی فەرماندەکەی رانەگەیاندووە، بەڵام سەرچاوەیەکی نزیک لەو گرووپە بۆ ئاژانسی فرانس پرێس پشتڕاستی کردەوە کە (مالیک بەلووت) لەو هێرشەدا کوژراوە.
 
دانوستاندنە چاوەڕوانکراوەکانی واشنتن
 
ئەم گرژییانە لە کاتێکدایە، بڕیارە هەفتەی داهاتوو لوبنان و ئیسرائیل لە واشنتن دەست بە دانوستاندنی راستەوخۆ بکەن بۆ کۆتاییهێنان بەو جەنگەی لە 2ـی ئاداری رابردووەوە دەستیپێکردووە.
 
جۆزێف عەون، سەرۆککۆماری لوبنان، رۆژی هەینی لەگەڵ سیمۆن کەرەم، سەرۆکی شاندی دانوستاندنکار کۆبووەوە و رێنمایی پێویستی پێدا پێش گەشتەکەی بۆ ئەمریکا. 
 
حیزبوڵڵا بە تووندی دژی ئەم دانوستاندنە راستەوخۆیانەیە و بە "تاوان" ناوی بردوون و داوای لە حکومەتی وڵاتەکەی کردووە لێیان بکشێتەوە.
 
لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگەکەوە لە 2ـی ئادار، هێرشەکانی ئیسرائیل بوونەتەهۆی کوژرانی زیاتر لە 2,759 کەس و برینداربوونی 8،512 کەسی دیکە لە لوبنان.
 
سەرەڕای ئەوەی لە 17ـی نیسانەوە ئاگربەست راگەیێندراوە، بەڵام پێکدادانەکان بەردەوامن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دوو کەشتیی جەنگیی ئەمریکا لە تەنگەی هورمز.

سێنتکۆم: هێرشەکانی ئێرانمان لە تەنگەی هورمز تێکشکاند و وەڵاممان دانەوە

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایدەگەیێنێت، بەرپەرچی زنجیرەیەک هێرشی "بێ پاساوی" ئێرانیان لە تەنگەی هورمز داوەتەوە و لە وەڵامیشدا چەندین پێگەی سەربازیی ئەو وڵاتەیان لە ناوخۆی ئێراندا کردووەتە ئامانج.