ئێران ژمارەیەک مووشەکی نوێی بۆ ئیسرائیل هاویشت

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

میدیای فەرمیی ئێران رایگەیاند، تاران ژمارەیەک مووشەکی نوێی ئاراستەی ئیسرائیل کردووە. لە بەرامبەردا، دەزگەکانی فریاکەوتنی ئیسرائیل دووپاتیان کردەوە، هیچ زیانێکی گیانی لە ئەنجامی ئەم هێرشانە نەکەوتووەتەوە.
 
رۆژی شەممە 14-03-2026 سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، مووشەکەکانیان لە ئاسماندا دەستنیشان کردووە و سیستمە بەرگرییە ئاسمانییەکانیان بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو هەڕەشانە چالاکبوون. ئەم هێرشە نوێیەی تاران وایکرد زەنگی ئاگادارکردنەوە لە چەندین ناوچەی جیاواز لێ بدرێت و دانیشتووان روو لە پەناگەکان بکەن.
 
کەمتر لە 30 خولەک دوای لێدانی زەنگی ئاگادارکردنەوە، فەرماندەیی بەرەی ناوخۆی ئیسرائیل ئاگادارییەکی نوێی بڵاوکردەوە و تێیدا رێگەی بە هاووڵاتیان دا کە لە پەناگەکان بێنە دەرەوە، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە مەترسییەکە لەو ناوچانە کۆتایی هاتووە.
 
دەزگەی فریاکەوتی (ماگن دەیڤد ئادۆم) رایگەیاند: "تاوەکو ئێستا هیچ حاڵەتێکی برینداربوون یان گیانلەدەستدان بەهۆی مووشەکەکانەوە تۆمار نەکراوە." هاوکات پۆلیسی ئیسرائیل ئاماژەی بەوە کردووە، خەریکی لێکۆڵینەوەن لەو راپۆرتانەی باس لە کەوتنەخوارەوەی پارچەی مووشەکی تێکشکێندراو لە ناوچەکانی باشووری ئیسرائیل دەکەن.
 
ئەم هێرشە نوێیەی تاران لە کاتێکدایە کە جەنگی نێوان ئێران و هاوپەیمانیی ئەمریکا-ئیسرائیل چووەتە 15یەمین رۆژییەوە و هێرشە ئاسمانی و مووشەکییەکان لە هەردوولاوە بەردەوامن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە