ئێران رەتیدەکاتەوە مووشەکی ئاراستەی تورکیا کردبێت و پێشنیازی پێکهێنانی تیمێکی هاوبەش دەکات

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

باڵیۆزخانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ئەنقەرە رەتیدەکاتەوە هیچ جۆرە مووشەکێک لە خاکی ئێرانەوە ئاراستەی تورکیا کرابێت و ئامادەیی تارانیشی بۆ لێکۆڵینەوەی هاوبەش دەربڕی.
 
ئەم راگەیێندراوەی باڵیۆزخانەی ئێران دوای بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵانە هات کە باس لەوە دەکەن تورکیا لە ئاسمانی وڵاتەکەیدا رێگری لە چەند مووشەکێک کردووە کە چوونەتە نێو خاکی ئەو وڵاتەوە و خستوونییەتە خوارەوە. 
 
باڵیۆزخانەی ئێران دەڵێ: "هیچ جۆرە مووشەکێک لە ئێرانەوە بەرەو تورکیا نەتەقێندراوە."
 
باڵیۆزخانەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، دوای گفتوگۆی نێوان سەرۆککۆماری هەردوو وڵات و پەیوەندیی بەردەوامی وەزیرانی دەرەوەی ئێران و تورکیا، کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ نەهێشتنی هەر گومان و تەمومژێک، ئامادەیی خۆی نیشانداوە بۆ پێکهێنانی تیمێکی تەکنیکیی هاوبەش تاوەکو بە وردی لێکۆڵینەوە لەو بابەتە بکەن.
 
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا هاتووە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران بە تەواوی رێز لە سەروەریی نیشتمانی و یەکپارچەیی خاکی تورکیای دۆست و دراوسێی دەگرێ.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە