رووداو دیجیتاڵ
دامەزراوەی بەڕێوەبردنی تەنگەی هورمز، کە لە لایەن سوپای پاسدارانەوە بۆ کۆنترۆڵکردنی تەنگەکە دامەزراوە، نەخشەی سنووری چاودێرییەکانی بڵاوکردەوە و دەڵێت، "هاتووچۆ تەنیا بە هاوئاهەنگی و مۆڵەتی ئێمە دەبێت".
دامەزراوەکە لەسەر هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی: "کۆماری ئیسلامیی ئێران، سنووری چاودێری و بەڕێوەبردنی تەنگەی هورمزی بەم شێوەیە دیاریکردووە؛ هێڵی بەیەکگەیشتنی (کێوی موبارەک) لە ئێران و باشووری (فوجەیرە) لە ئیمارات لە رۆژهەڵاتی تەنگەکە، تاوەکو هێڵی بەیەکگەیشتنی کۆتایی دوورگەی (قیشم) لە ئێران و (ئوممولقەیەوین) لە ئیمارات لە رۆژئاوای تەنگەکە."
دامەزراوەکە دەڵێت: "هاتۆچووکردن لەم سنوورەدا بۆ تێپەڕبوون لە تەنگەی هورمز، پێویستی بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دامەزراوەی رێڕەوی کەنداوی فارس و مۆڵەتی ئەم دامەزراوەیە هەیە."
ئێران رایگەیاندووە، کۆنترۆڵی تەواوی تەنگەی هورمزی گرتووەتە دەست و "سیستەمێکی پشکنین و پەڕینەوە"ی دامەزراندووە. بەپێی ئەم سیستەمە نوێیە، ئێران تەنیا رێگە بە پەڕینەوەی کەشتیی ئەو وڵاتانە دەدات کە وەک "وڵاتی دۆست" پێناسەیان دەکات. لە بەرامبەردا هاتووچۆی کەشتییەکانی ئەمریکا، ئیسرائیل و هاوپەیمانە رۆژئاواییەکانی بە تەواوی قەدەخە کردووە.

رۆژی چوارشەممە، 20ی ئایاری 2026، هێزی دەریایی سوپای پاسداران رایگەیاند، "لە 24 کاژێری رابردوودا 26 کەشتی نەوتهەڵگر، کۆنتینەر و کەشتی بازرگانی بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هێزەکانی سوپای پاسداران بە تەنگەی هورمزدا تێپەڕیون."
لە 5ی ئایاری 2026یشدا، هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران نەخشەی نوێی ئەو ناوچانەی خستەڕوو کە لە تەنگەی هورمز لە ژێر کۆنتڕۆڵ و بەڕێوەبردنی هێزە چەکدارەکانی ئەو وڵاتەدا دەبن.
بەپێی راگەیێندراوەکەی سوپای پاسداران، "هێڵی یەکەم لە باشووری ئێران و رۆژهەڵاتی تەنگەی هورمز هەڵکەوتووە و لە چیای موبارەک لە کەناراوەکانی ئێرانەوە دەستپێدەکات و تاوەکو باشووری بەندەری فۆجەیرە لە ئیمارات درێژ دەبێتەوە. هێڵی دووەمییش لە رۆژئاوای تەنگەکە هەڵکەوتووە و لە دوورگەی قیشم لەنێو ئاوە هەرێمییەکانی ئێرانەوە دەستپێدەکات و تاوەکو کەناراوەکانی ناوچەی ئوممولقەیەوین لە ئیمارات بەردەوام دەبێت."
سوپای پاسدارانی ئێران لە دوای داخستنی تەنگەی هورمزەوە چەندین جار رایگەیاندووە، هاتووچۆ لە تەنگەکە تەنیا بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هێزەکانیان دەبێت. هەروەها قبووڵکردنی مافی سەروەریی ئێران بەسەر تەنگەی هورمزدا، یەکێک لە مەرجەکانی تارانە بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا.
لە 28ی شوباتی 2026 و سەرەتای جەنگی 40 رۆژەوە ئێران تەنگەی هورمزی داخستووە و تەنیا رێگە بە کەشتی و نەوتهەڵگرەکانی وڵاتانی هاوپەیمانی خۆی دەدات بە تەنگەکەدا تێپەر ببن. تاران بۆ تێپەربوونی کەشتییەکانی دیکە، مەرجی وەرگرتنی باجی سەپاندووە و دەڵێت، هیچ کەشتییەک بە بێ مۆڵەتی ئەوان مافی ئەوەی نییە بە تەنگەکەدا تێپەربێت.
لە بەرامبەر ئەوەدا لە 13ی نیسانی 2026ـەوە ئەمریکا گەماڕۆیەکی تووندی بەسەر کەشتی و بەندەرەکانی ئێراندا سەپاندووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ