رووداو دیجیتاڵ
لە 7 رۆژی رابردوودا، هاتووچۆی کەشتییەکان لە تەنگەی هورمز کەمێک زیادی کردووە. ئەمەش دوای ئەوە دێت کە لە هەفتەی پێشتردا ژمارەی کەشتییەکان گەیشتبووە نزمترین ئاست لەوەتەی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران لە کۆتایی مانگی شوباتدا دەستیپێکردووە.
ئامارە نوێیەکان چین؟
بەپێی داتاکانی کۆمپانیای کەیپلەر (Kpler) کە چاودێریی دەریایی دەکات، لە نێوان 11 بۆ 17ـی ئایاری 2026ـدا، 55 کەشتیی بارهەڵگر لە تەنگەی هورمز پەڕیونەتەوە.
ئەم ژمارەیە زۆر زیاترە لە هەفتەی پێشتر، کە تەنیا 19 کەشتی پێیدا تێپەڕیبوون.
تەلەڤیزیۆنی فەرمیی ئێران رایگەیاندووە، سوپای پاسداران رێگەی بە کەشتیی زیاتر داوە تێپەڕن. نیوەی ئەو کەشتییانەی تێپەڕیون نەوتهەڵگر بوون و زۆربەیان بەرەو چین، عومان و ژاپۆن رۆیشتوون.
کێشەکە چییە؟
وەک کاردانەوەیەک بۆ ئەو گەمارۆ دەریاییەی ئەمریکا خستوویەتییە سەر بەندەرەکانی ئێران، تاران هاتووچۆی لەنێو تەنگەی هورمز سنووردار کردووە، ئەمەش بووەتە هۆی تێکچوونی بازاڕی نەوت لە جیهاندا و بووەتە کارتێکی بەهێزی ئێران لە کاتی دانوستاندندا. هەرچەندە لە 8ـی نیسانەوە ئاگربەست راگەیێندراوە، بەڵام هەردوو وڵات گەمارۆکانیان بۆ سەر یەکدی لانەبردووە و کێشەی تەنگەکە هێشتا گەورەترین بەربەستە لەبەردەم رێککەوتندا.
بڕیارە نوێیەکەی ئێران بۆ وەرگرتنی پارە
رۆژی دووشەممە، ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران رایگەیاند، دەستەیەکی نوێیان پێکهێناوە بۆ بەڕێوەبردنی تەنگەی هورمز، هەروەها بڕیاریانداوە باج بخەنە سەر ئەو کەشتییانەی بەنێویدا دەرباز دەبن. ئێرانیش چەندین جار هۆشداری داوە کە هاتووچۆ لە تەنگەکە "هەرگیز ناگەڕێتەوە بۆ ئاستی ئاسایی پێش شەڕەکە".
کێ دەتوانێت تێپەڕێت؟
لە 10ـی ئایارەوە ئێران بڕیاریداوە هەر وڵاتێک پابەندی سزاکانی ئەمریکا بێت بۆ سەر تاران، رێگە نادات کەشتییەکانی بە ئاسانی بە تەنگەکەدا تێپەڕن. بۆیە ئێستا زۆربەی ئەو کەشتییانەی تێدەپەڕن سەر بە چین و هیندستانن، هەروەها چەند وڵاتێکی دیکەی وەک بەرازیل، پاکستان، تایلەند و مالیزیا. لە بەرامبەردا، رێژەیەکی زۆر کەم لە کەشتیی وڵاتانی رۆژئاوا رێگەیان پێدراوە بەو ناوەدا تێپەڕ ببن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ