خامنەیی: خودا بەزوویی تۆڵەی شێخ نەمر لە بەرپرسانی سعودیە دەکاتەوە

03-01-2016
رووداو @Rudawkurdish
..............
..............
نیشانەکردن سعودیە شێخ نەمر
A+ A-

رووداو - هەولێر

کاردانەوەکان بۆ لەسێدارەدانی شێخ نەمر لە لایەن حکومەتی سعودیەوە لە ئێران بەردەوامە. 

عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاند، دەستی تۆڵەی خوا بە زوویی بەرۆکی سیاسەتوانانی سعودی دەگرێت. سەرۆک کۆماری ئێرانیش لە پەیامێکدا دەڵێت، لەسێدارەدانی شێخ نەمر پەرەپێدانی سیاسەتی تائیفی و تیرۆر و توندڕەوییە لەلایەن سعودیە

عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران داوایکرد، جیهانی ئیسلام و هەموو جیهان لەبەرامبەر لەسێدارەدانی شێخ نەمر هەست بە بەرپرسیارێتی بکەن.

حەسەن رۆحانی، سەرۆک کۆماری ئێران لە پەیامێکدا دەڵێت، لەسێدارەدانی شێخ نەمر پەرەپێدانی سیاسەتی تائیفی، تیرۆر و توندڕەوییە لەلایەن سعودیە.

رۆحانی ئیدانەی هێرشکردنەسەر باڵیۆزخانە و کۆنسوڵخانەی سعودیە لە تاران و مەشهەد دەکات  و هێرشبەران بە "خۆسەر" ناودەبات و دەڵێت ئەو کارە قبوڵ ناکرێت و پێش هەموو شتێک بێڕێزیکردنە بە کۆماری ئیسلامی. 

سەرۆكۆماری ئێران بڕیاریشی داوە دامودەزگا پەیوەندیدارەکان ئەو کەسانە دەستگیربکەن و سزایان بدەن، كە هێرشیان كردووەتە سەر باڵیۆزخانەی سعودیە.

گوتەبێژی دەزگای دادی ئێران رایگەیاندووە، 38 کەس لەو کەسانەی کە شەوی رابردوو هێرشیانکردە سەر باڵیۆزخانەی سعودیە دەستگیرکراون و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت.

هاوکات هێزەکانی پۆلیسی ئێران رۆژی یەکشەممە 3-1-2016 بڵاوەیان بە ژمارەیەک خۆپیشاندەر کرد، کە دەیانویست لەبەردەم باڵیۆزخانەی سعودیە لە تاران خۆپێشاندان بکەن. 

بەڕێوەبەری گشتی کاروباری سیاسی پارێزگاریی تاران رایگەیاند، هەرچەشنە کۆبوونەوەیەک لەبەردەم باڵیۆزخانەی سعودیە نایاساییە و تەنیا رێگە دەدەن لە گۆڕەپانی فەلەستینی گردبوونەوەی ناڕەزایەتی بەڕێوەبچێت.

ماڵپەڕی فەرمی حکومەتی ئێران بێ ئاماژەدان بە سەرچاوە رایگەیاند، وەزارەتی ناوخۆی ئێران ئەو هەواڵانە رەتدەکاتەوە کە لەبارەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی ئێران و سعودیە بڵاو بوونەتەوە. ئاماژەی بەوەشدا، ئەو هەواڵە کە مۆڵەتی 24 کاژێری دراوەتە باڵیۆزی ئێران لە سعودیە بۆ جێهێشتنی ئەو وڵاتە، راست نییە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە