بەقایی: پرۆژەکەی ئێران تەنیا لەسەر کۆتاییهێنانە بە شەڕ و باسی بەرنامەی ئەتۆمی نەکراوە

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ئەمریکا لە رێگەی پاکستانەوە وەڵامی پرۆژە 14 خاڵییەکەمانی داوەتەوە و خەریکی هەڵسەنگاندنین. ئیسماعیل بەقایی هەروەها دەڵێت، پرۆژەکەی ئێران تەنیا لەبارەی کۆتاییهێنانە شەڕ و بە هیچ شێوەیەک تێیدا باسی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران نەکراوە.
 
ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئەمڕۆ یەکشەممە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی فەرمیی وڵاتەکەی، سەبارەت بە پرۆژە 14 خاڵییەکەی ئێران بۆ ئەمریکا قسەی کرد و روونکردنەوەی دا.
 
بەقایی رایگەیاند، بە پێچەوانەی راپۆرتی میدیا، پرۆژەکەی ئێران بابەتە ئەتۆمییەکان ناگرێتەوە و ئەوەی لە میدیادا بڵاوکراوەتەوە، پەیوەندی بە دانوستاندنەکانی رابردووەوە هەیە و هیچ پەیوەندییەکی بە پرۆژەکەی ئێستای ئێرانەوە نییە.
 
هەندێک لە میدیاکانی ناوچەکە و جیهان لە راپۆرتەکانیاندا ئاماژەیان بە وردەکاریی پێشنیازە نوێیەکەی ئێرانیان کردووە و دەڵێن، پرۆژەکە لە سێ قۆناخ پێکدێت و قۆناخی سێیەمی پەیوەندی بە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێرانەوە هەیە.
 
بە گوتەی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، پرۆژە 14 خاڵییەکەی وڵاتەکەی بە تەواوی لەسەر کۆتاییهێنان بە جەنگە بە هیچ شێوەیەک تێیدا باسی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران نەکراوە.
 
ئیسماعیل بەقایی لەوبارەیەوە دەڵێت: "پرۆژەکەی ئێمە لەسەر بنەمای رێکخستنی لێکتێگەیشتنێکە بۆ راگرتنی شەڕ و لە سەرەتادا باس لە شێوازی جێبەجێکردنی لە ماوەی 30 رۆژدا دەکرێت."
 
بەقایی روونیکردەوە: "ئێستا ئێمە لەسەر ئەو خاڵانە چڕبووینەتەوە کە پەیوەندییان بە کۆتاییهێنان بە شەڕ لە ناوچەکەدا هەیە، بە لوبنانیشەوە. ئەوانەی دیکە کە دەگوترێت، باشێکی پەیوەندی بە پێشینەی دانوستاندنەکانەوە هەیە کە کاتی خۆی لە بواری ئەتۆمیدا دەمانکرد. لەو دوو خولەی پێشووی دانوستاندنەکان کە هێرشی رژێمی زایۆنی و ئەمریکا بۆ سەر ئێرانی لێکەوتەوە."
 
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت: "لەم قۆناخەدا هیچ دانوستاندنێکی ئەتۆمیمان نییە."
 
ئیسماعیل بەقایی راپۆرتی میدیا عەرەبییەکانی سەبارەت بە پابەندبوونی ئێران بە لابردنی مینەکان لە تەنگەی هورمز و بەشداریپێکردنی ئەمریکا لە پرۆسەکە رەتکردەوە و گوتی: "ئەمەش یەکێکە لەو شتانەی کە دروستکراوی خەیاڵی هەندێک میدیایە."
 
سەبارەت بە پرسی گەرەنتییەکانی لایەنی بەرامبەر بۆ ئەگەری جێبەجێکردنی پرۆژەکەی ئێران، بەقایی رایگەیاند: "گەرەنتی، خودی ئێمە، هێزی ئێمە و ئەو ئامرازانەن کە لەبەردەستماندان."
 
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران هەروەها رایگەیاند، "لایەنی ئەمریکی وەڵامی پرۆژەکەی ئێمەی داوەتەوە و وڵامەکەی رادەستی نێوەندگیرە پاکستانییەکە کردووە. ئێستا خەریکی هەڵسەنگاندنی وەڵامەکەی ئەمریکاین و دواتر هەڵوێستمان رادەگەیێنین."
 
هەردوو ئاژانسی نیمچە فەرمیی ئێران، تەسنیم و فارس، کە نزیکن لە سوپای پاسدارانەوە، رۆژی شەممە بڵاویانکردەوە، تاران لە رێگەی پاکستانەوە پێشنیازێکی 14 خاڵیی داوەتە واشنتن، ئەوەش وەک وەڵامێک بۆ پێشنیازێکی 9 خاڵیی ئەمریکا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

فڕۆکەیەک لە فڕۆکەخانەیەکی ئێران

فڕۆکەخانەی ئیمام خومەینی: لە هەفتەیەکدا زیاتر لە 200 گەشت کراون

لە دوای راوەستانی شەڕ و جێگیربوونی ئاگربەستە "تۆکمە بەڵام ناسکەکەی" نێوان تاران و بەرەی ئەمریكا - ئیسرائیل، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ئیمام خومەینی بە خێرایی دەگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی و تەنیا لەم هەفتەیەدا زیاتر لە 21 هەزار گەشتیار هاتوچۆیان کردووە. ئەمەش لە کاتێکدایە ئیسلام ئاباد بەردەوامە لە گواستنەوەی پەیامەکان بۆ رێگری لە هەڵگیرسانەوەی جەنگ