رووداو دیجیتاڵ
بۆردوومانکردنی بنکە و بارەگا ئەمنی و سەربازی و دامەزراوە حکومییەکان لە ناوچە جیاوازەکانی ئێران لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بەردەوامە. لە شەشەم رۆژی هێرشەکان دا، چەندین شوێنی ناسەربازی کرانە ئامانج کە دەگوترێ هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران تێیاندا جێگیربوونە، حکومەتی ئێرانیش ئەوانە شوێنی حکومین نەک سەربازی و ئەمنی.
مانگی سووری ئێران دەڵێت، لە پێنج رۆژدا هێزەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بە مووشەک و درۆن و فڕۆکە نزیکەی 3500 شوێنیان لە ئێران بۆردوومان کردووە.
لە رۆژی شەشەم 5-3-2026دا، زیاترین هێرشەکان لەسەر تاران و دەوروبەری بوون و هێزە سەربازییەکان، ئامانجی سەرەکیی هێرشەکان بوون. بەرپرسێکی کۆماری ئیسلامی ئێرانیش دەڵێت، ئامادەکارییان کردووە بۆ شەڕێکی درێژخایەن.
تاران
لە کاژێر 6ی ئێوارەی پێنجشەممەوە جارێکی دیکە دەنگی چەند تەقینەوەی بەهێز لە تاران بیستراوە و میدیاکانی ئێران دەڵێن، سیستمی بەرگری ئاسمانیش چالاک بووە. لە رۆژهەڵاتی تاران ئاگرێکی گەورە کەوتووەتەوە و میدیا فەرمییەکانی ئێران دەڵێن، ئاگرەکە بەهۆی بۆردوومانی فڕۆکەوە کەوتووەتەوە.
رۆژی پێنجشەممە جارێکی دیکە نووسینگە و باڵەخانەکانی سەر بە وەزارەتی ئیتلاعات لەنێو شاری تاران بۆردوومان کرانەوە.
هەروەها چەند کۆمەڵگەیەکی وەرزشیی سەر بە شارەوانیی تاران و باڵەخانەیەکی شارەوانیی تاران بۆردوومان کران. شارەوانیی تاران بڵاویکردووەتەوە، کۆمەڵگەی وەرزشیی (بێعسەت)، یاریگەی ئازادی، پارکی ئاویی (ئازادەگان) و (کۆمەڵگەی وەرزشیی ئیسماعیلی) و (هۆڵی وەرزشیی ئەسکەندەرلوو) لەنێو شاری تاران بۆردوومان کراون.
بەپێی هەندێک سەرچاوەی ناوخۆیی ژمارەیەکی زۆر لە هێزە تایبەتەکانی پۆلیس و هێزەکانی سوپا لەو شوێنە وەرزشییانەدا جێگیرکراون.
بنکەکانی پۆلیسی (138ـی جەنەت ئاباد، شاهینی باکوور، 169ـی موشیریە، 121ـی سولەیمانی و بنکەی پۆلیسی شەقامی زەنجان) لەنێو شاری تاران بۆردوومان کران.
سەربازگەی سوپای پاسداران لە شاری (پەرەندی روبات کەریم) لە باشووری رۆژئاوای تارانیش بۆردوومان کرا. قایمقامی روبات کەریم رایگەیاندووە، لە هێرشەکانی پێنج شەممەدا سێ کەس کوژراون و 56 کەسیش برینداربوون و "زۆربەی قوربانییەکان خەڵکی سیڤیلن". هەروەها بنکەیەکی پۆلیس لە شاری ئەندیشەی رۆژئاوای تاران بۆردوومان کرا.
ناوچەکانی دیکەی ئێران
دوای نیوەڕۆی پێنجشەممە، کۆمەڵگەیەک لەسەر رێگەی زەنجان- قەزوێن کرایە ئامانج. میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە، لەو هێرشەدا 17 کەس کوژراون و 12 کەسیش برینداربوون. پۆلیسی رێگەوبانی قەزوێن دوای بۆردوومانەکە رایگەیاند، رێگەی سەرەکیی قەزوێن- زەنجان داخراوە.
لە دەوروبەری شاری تەورێز، جارێکی دیکە بنکەکانی سوپای پاسداران بۆردوومان کرانەوە. دوای بۆردوومانەکە دەنگی تەقینەوەی بەهێز و دووکەڵی زۆر لە شوێنی بۆردوومانەکە بەرزبووەوە.
لە شەقامی دارایی شاری مەراغە لە پارێزگای ئازەربایجانی رۆژهەڵات (تەورێز)، بنکەیەکی سوپای پاسداران بۆردوومان کرا. بەپێی ئەو ڤیدیۆیانەی بڵاوکراونەتەوە، ئەو شوێنەی کراوەتە ئامانج، بەشی هەواڵگری و گرتووخانەی سوپای پاسداران بووە لە شاری مەراغە و زیانی زۆری بەرکەوتووە.
بەڕێوەبەری ڤێتێرنەریی پارێزگای ئازەربایجانی رۆژهەڵات دەڵێت، شوێنێکی راگرتن و بەخێوکردنی ئەسپ لەسەر رێگەی تەورێز- سۆفیان کراوەتە ئامانج.
هەروەها رۆژی پێنجشەممە لە شارەکانی ئیسفەهان، نەجەفئاباد، خومەینیشار، ئاران و بیدگول، کاشان، فلاوەرجان و لەنجان لە پارێزگای ئیسفەهان، چەندین بنکەی سەربازی بۆردوومان کران.
لە پارێزگای هەمەدان، شەوی پێنجشەممە شەش شوێن کرانە ئامانج. میدیاکانی ئێران بڵاویانکردووەتەوە، لە شاری مەلایری پارێزگای هەمەدان کارخانەیەکی دروستکردنی کاخەز، گەراجێکی بارهەڵگرەکان و هەروەها هۆڵێکی بۆنەکان کرانە ئامانج. دەشڵێن، لە هێرشەکاندا کەسێک کوژراوە و سێ کەس برینداربوون.
بەرەبەیانی پێنجشەممە، بنکەکانی هێزی دەریایی ئەرتەش لە شاری بەندەرعەباسی باشووری ئێران بۆردوومان کران.
بەیانیی پێنجشەممە لە شاری بووشێهری باشووری ئێران، ناوەندی فەرماندەیی هێزی ئاسمانیی ئەرتەش لە نزیک شارەکە بە فڕۆکە کرایە ئامانج.
جارێکی دیکەش بنکەیەکی سەربازی لە نزیک فڕۆکەخانەی دوورگەی کیش کرایەوە ئامانج.
فەرماندەیی پاسەوانیی سنووری پارێزگای خوزستانیش رۆژی پێنجشەممە رایگەیاند، هێرشکراوەتە سەر بنکەیەکی پاسەوانیی سنوور لەو شارە و دوو کەس لە هێزەکانیان کوژراون.
ئاماری بۆردوومانەکان و ژمارەی قوربانیان
(دامەزراوەی شەهید و کەمئەندامانی ئێران) تاوەکو ئێستا کوژرانی 1230 کەسی بەهۆی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل راگەیاندووە.
بەپێی ئاماری رێکخراوی مانگی سووری ئێران کە پێشنیوەڕۆی پێنجشەممە بڵاویکردەوە، لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕەوە، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیان کردووەتە سەر 174 شاری ئێران بە فڕۆکە، مووشەک و درۆن . هەروەها دەڵێ بەگشتی 1332هێرش لە 636 خاڵ تۆمارکراون.
پیرحوسێن کۆلیوەند، سەرۆکی رێکخراوی مانگی سووری ئێران دەڵێت، 3646 خانوو و باڵەخانەی نیشتەجێبوونی ناسەربازی و هەروەها 528 یەکەی بازرگانی کراونەتە ئامانج.
"ئامادەیی ئێران بۆ درێژخایەنبوونی شەڕ"
ئێران لەڕووی سیاسی، سەربازی و ئابوورییەوە لە دۆخێکی سەختدایە، بۆیە پێشبینی دەکرێت، نەتوانێت بۆ ماوەیەکی درێژ بەرگەی ئەم شەڕە بگرێت، بەڵام بەرپرسانی ئێران دەڵێن، ئامادەکارییان کردووە بۆ "شەڕی درێژخایەن".
ئیبراهیم رەزایی، گوتەبێژی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمانی ئێران رۆژی پێنجشەممە رایگەیاند "خۆمان بۆ شەڕێکی درێژخایەن ئامادەکردووە" و بەپێی ئەو ئەزموونەی لە شەڕی 12 رۆژەی ساڵی رابردوو بەدەستیان هێناوە، دەتوانن باشتر بەرگەی هێرشەکان بگرن. رەزایی دەڵێت، ئەمریکا و ئیسرائیل ناتوانن شەڕی درێژخایەن لەگەڵ ئێران بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ