رووداو دیجیتاڵ
لە دێولانی پارێزگای سنە هاوکاریی بۆ بوومەلەرزەلێدراوانی شاری خۆی کۆدەکرێتەوە. هاونیشتمانییان خێوەت، جلوبەرگ، خواردەمەنی و کەرەستەی گەرمکەرەوە یان پارەی نەختی دەبەن بۆ هاوکاری کردنیان.
لە زۆربەی شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەست بە کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ بوومەلەرزەلێدراوانی شاری خۆی کراوە. لە هەندێک شار رێگە بە چالاکڤانانی خۆبەخش نەدراوە کەمپینی سەربەخۆی کۆکردنەوەی هاوکاری دەستپێبکەن، بەڵام لە دێولان و چەند شاری دیکە رێگەیان پێدراوە. ئەو چالاکڤانانە دەڵێن، هاوکارییەکان کۆدەکەنەوە و راستەوخۆ دەیگەیێنن بە دەستی زیانلێکەوتووان.
مرۆڤایەتی و هاونیشتمانی بوون، خەڵکی دێولان و خۆی بە یەکەوە دەبەستێتەوە. ئەوە وایکردووە لەم دۆخە خراپە ئابوورییەدا، هەر کەس هەر چەندی لە دەستی دێت، رادەستی چالاکڤانانی خۆبەخشی شارەکەی دەکات، تاوەکو بیگەیێننە دەستی لێقەوماوانی خۆی.
بەهۆی بوومەلەرزەوە 10 هەزار خانوو لە شاری خۆی زیانیان پێگەیشتووە و خاوەنەکانیان ماڵەکانیان جێهێشتووە. هەروەها بەهۆی دووبارەبوونەوەی بوومەلەرزە و پاشلەرزە، بەشێکی زۆر لە دانیشتووانی دیکەی شارەکەش ناوێرن بگەڕێنەوە نێو ماڵەکانیان. ئەوان پێویستییان بە خێوەت، کەرەستەی گەرمکەرەوە، خواردن و جلوبەرگی گەرم هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ