رووداو دیجیتاڵ
کوڕی سەرۆککۆماری ئێران دەنگۆی برینداربوونی موجتەبا خامنەیی، رێبەری نوێی وڵاتەکە رەتدەکاتەوە و رایگەیاند کە ئەو "سەلامەتە"، ئەمەش دوای ئەوەی سەرچاوە ئەمریکی و ئیسرائیلییەکان ئاماژەیان بەوە کردبوو، لە هێرشە ئاسمانییەکاندا بریندار بووە.
رۆژی چوارشەممە، 11ی ئاداری 2026، یوسف پزیشکیان، کوڕی مەسعود پزیشکیان سەرۆککۆماری ئێران لە لێدوانێکدا کە ئاژانسی "ئیسنا"ی ئێرانی بڵاویکردووەتەوە رایگەیاند: "بیستوومە کە ئاغا موجتەبا بریندار بووە، بەڵام لەو کەسانەم پرسی کە لە پەیوەندیدان لەگەڵیدا، ئەوان گوتیان سوپاس بۆ خودا سەلامەتە و هیچ نیگەرانییەک نییە."
لە رۆژی یەکشەممەوە موجتەبا خامنەیی وەک رێبەری نوێی کۆماری ئیسلامی دەستنیشان کراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا لە هیچ شوێنێکی گشتی نەبیندراوە.
نادیاریی چارەنووسی رێبەری نوێ وایکردووە کە میدیا دەوڵەتییەکانی ئێران بۆ نیشاندانی پەنا بۆ گرتە ڤیدیۆییە کۆنەکان و وێنەی دروستکراو بە ژیریی دەستکرد بەرن.
سەرچاوەیەکی ئیسرائیلی ئاماژەی بەوە کردووە، هەفتەی رابردوو موجتەبا خامنەیی کراوەتە ئامانج و پێیانوایە بریندار بووە.
لە هەمان کاتدا، تۆڕی "سی ئێن ئێن"ی ئەمریکی پێشتر بڵاویکردەوە، لە کاتی یەکەمین بۆردوومانەکانی سەر تاران، رێبەری نوێی ئێران دەموچاو و قاچێکی بریندار بووە.
لە جەرگەی تاران و لە گۆڕەپانی "وەلی عەسر"، تابلۆیەکی گەورەی فەرمی کێشراوە کە تێیدا موجتەبا خامنەیی ئاڵای ئێران لە باوکی وەردەگرێت.
ئەم وێنەیە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ سەرنجی بۆ پرسی پشتاوپشتکردنی دەسەڵات لە سیستەمێکدا راکێشاوە، کە خۆی لە ئەنجامی شۆڕشێک دژی پاشایەتیی بنەماڵەیی دروستبووە.
موجتەبا خامنەیی، کوڕی دووەمی عەلی خامنەیی رێبەری پێشووی ئێرانە کە دوای کوژرانی باوکی لە ئۆپەراسیۆنەکانى ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، وەک بەهێزترین کەسایەتیی سیاسی و ئایینی دەسەڵاتی گرتە دەست.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندووە رێبەری نوێ بێ رەزامەندیی واشنتن زۆر نامێنێتەوە، لە کاتێکدا سوپای پاسداران جەخت لەسەر توانای بەردەوامیی جەنگ بۆ ماوەی 10 ساڵ دەکاتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ