رووداو دیجیتاڵ
ئاژانسی هەواڵدەریی فارس رووبەڕووبوونەوەی چەکداری و هێرشی درۆنی بۆ سەر چەند بازگەیەکی پشکنین لە تاران پشتڕاست کردەوە و لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگاداریشەوە دەڵێ، ژمارەیەک لە هێزە ئەمنییەکان کوژراون.
شەوی چوارشەممە 11-03-2026، ئاژانسی هەواڵدەریی فارس و چەند میدیای دیکەی نزیک لە سوپای پاسداران بڵاویان کردەوە، کە ''چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار'' پشتڕاستیان کردووەتەوە لە هەندێک ناوچەیەکی تاران پێکدادانی چەکداری روویداوە و بە درۆنیش هێرشکراوەتە سەر چەند بازگەیەکی هێزە ئەمنییەکانی وڵاتەکە.
بەگوێرەی زانیارییەکان، هێرشەکان بۆ سەر بازگەکانی پشکنین لە ناوچەی 14 (دووسایدی مەحەلاتی)، ناوچەی 15 (بەرامبەر بەنزینخانەی هاشمئاوا)، ناوچەی 16 (شەقامی فەدائیانی ئیسلام) و ناوچەی 1 (کۆتایی گۆڕەپانی ئەرتەش)ـی تاران بوون.
سەرچاوەکەی ئاژانسی فارس ئۆپەراسیۆنە چەکداری و درۆنییەکەی بە ''تیرۆریستی'' ناوبردووە و دەڵێت، بە پاڵپشتیی مۆساد کراوە.
بەگوێرەی ئاژانسی فارس، لە هەردوو هێرشە درۆنی و رووبەڕووبوونەوە چەکدارییەکەدا، چەندین هێزی ئەمنی کوژراون، بەڵام تاوەکو ئێستا بە دیاریکراوی ژمارەیان نازانرێت.
سەرچاوە ئاگادارەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، ئێستا دۆخەکە لەژێر کۆنترۆڵی هێزە ئەمنییەکاندایە و سیستمی بەرگریی ئاسمانیی ناوچەکان، بە وردی بەرپەرچی هێرشە درۆنییەکان دەدەنەوە.
جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئەمریکا لەگەڵ ئێران پێی ناوەتە رۆژی 12ـیەمەوە و تاوەکو ئێستا بەردەوامە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ