رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی ناڕەزایەتییەکان و بڕانی ئینتەرنێت، بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان زۆر سست بووە و بەهای تمەنیش بەراورد بە هەفتەی رابردوو بەرز بووەتەوە.
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، نووسینگەکانی ئاڵوگۆڕی دراو لە دەرەوەی ئێران رۆژی دووشەممە بە دەوروبەری 140 هەزار تمەن مامەڵەیان بە دۆلار کردووە.
خاوەن نووسینگەیەکی ئاڵوگۆڕی دراو لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو بە تەواوی سست بووە بەهۆی ئەوەی نرخ دیار نییە، نووسینگەکان داخراون و کاروباری بانکیش بەهۆی وەستانی ئینتەرنێت جێبەجێ نابێت.
بە گوتەی ئەو خاوەن نووسینگەیە، تەنیا مامەڵە و ئاڵوگۆڕێک کە بکرێت بە شێوەی کاشە یان لەسەر بنەمای متمانەی نێوان دوو لایەنە و ئەویش زۆر کەمە.
دەشڵێت، کۆتایی هەفتەی رابردوو و پێش ئەوەی ئینتەرنێت بپچڕێت، نرخی دۆلارێک لەنێوان 146 بۆ 147 هەزار تمەن بوو، بەڵام ئێستا بە دەوروبەری 140 هەزار تمەن دەیکڕن و دەیفرۆشن.
بە گوتەی ئەو خاوەن نووسینگەیە، خەڵکێکی زۆر کەم ئینتەرنێتیان هەیە و ئەوانەشی هەیانە ناوێرن بە ئاشکرا بڵێن ئینتەرنێتیان هەیە، لە ترسی ئەوەی هێزە ئەمنییەکان دەستبەسەریان بکەن.
زۆربەی ئەو ماڵپەڕ و تۆڕە کۆمەڵایەتییانەی نرخی تمەن و دراوە بیانییەکان لە ئێران بڵاودەکەنەوە وەستاون و بە رۆژ نابنەوە، ئەوانەشی نرخەکان بڵاودەکەنەوە رۆژی دووشەممە نووسیویانە، نرخی هەر دۆلارێک بە 145 هەزار تمەنە.
بەهای تمەن بەراورد بە پار ئەم کاتانە زیاتر لە 100٪ دابەزیوە. لە نیوەی یەکەمی مانگی کانوونی دووەمی ساڵی 2025 هەر دۆلارێک بە دەوروبەری 68 هەزار تمەن مامەڵەی پێوەدەکرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ