رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی بڕانی تەواوەتیی ئینتەرنێت و تۆڕەکانی پەیوەندی، خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان روو لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان رۆژهەڵات و باشووری کوردستان دەکەن بۆ ئەوەی پەیوەندی بە کەسوکاریانەوە بکەن.
لە کاژێری 10:00ـی شەوی پێنجشەممە، 08-01-2026ـەوە، هێڵەکانی ئینتەرنێت و پەیوەندی لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان راگیراون.
ئەمڕۆ دووشەممە، 12-01-2026، هاونیشتمانییەک لە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە کە بۆ پەیوەندیکردن هاتووەتە سەر سنووری باشووری کوردستان، قسەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو کرد و رایگەیاند: "تاوەکو ئێستا تۆڕەکانی پەیوەندی و ئینتەرنێت لەنێو ئێران وەستاون؛ تەنیا کورتەنامەی بانکی بۆ خەڵک دێتەوە و تەنانەت خەڵک ناتوانن لە ناوخۆش نامە بۆ یەکدی بنێرن."
ئەو هاونیشتمانییە باسی لەوە کرد، زۆربەی ئەو کەسانەی کەسوکاریان لە دەرەوەی وڵاتە، "دێنە سەر سنوورەکان بۆ ئەوەی بتوانن پەیوەندییان پێوە بکەن و هەواڵیان بزانن."
سەبارەت بە چۆنیەتیی ئاگاداربوون لە دۆخەکە لە سایەی بێ ئینتەرنێتیدا، ئەو هاونیشتمانییە گوتی: "رۆژانە زۆربەی خەڵک بۆ ئاگاداربوون لە هەواڵەکان سەیری رووداو، بەتایبەتی بووڵتەنی رۆژهەڵات دەکەن."
خۆپێشاندانەکان لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی گرانی و دۆخی خراپی بژێوی، ماوەی 16 رۆژە بەردەوامە.
بەپێی ئاماری رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، لە گرژی و ئاڵۆزییەکاندا تاوەکو ئێستا کوژرانی 544 خۆپێشاندەر پشتڕاستکراوەتەوە. هاوکات حکومەتی ئێرانیش کوژرانی 111 ئەندامی سوپا و هێزە ئەمنییەکانی راگەیاندووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ