رووداو دیجیتاڵ
یەکێتیی ئەورووپا رایگەیاند، بەهۆی "سەرکوتکردنی خوێناویی" خۆپێشاندەران، تاوتوێی سەپاندنی زنجیرەیەک سزای نوێ و قورستر بەسەر کۆماری ئیسلامیی ئێراندا دەکات.
رۆژی دووشەممە 12-01-2026، ئەنوەر ئەلعەنوونی، گوتەبێژی یەکێتیی ئەورووپا رایگەیاند، یەکێتییەکە چیدی ناتوانێت لە ئاست تووندوتیژییەکان بێدەنگ بێت و گوتی: "ئێمە ئامادەین پێشنیازی سزای نوێ و زۆر تووندتر بکەین دوای ئەو سەرکوتکردنە خوێناوییەی بەرامبەر بە خۆپێشاندەران کراوە."
گوتەبێژەکەی یەکێتیی ئەورووپا داوا لە تاران دەکات "رێز لە مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤ بگرێت."
هەڵوێستەکەی یەکێتیی ئەورووپا لەکاتێکدایە، شەپۆلی ناڕەزایەتییەکان لە ئێران پێی ناوەتە هەفتەی سێیەمەوە. پێشبینی دەکرێت سزاکانی ئەورووپا ئەو بەرپرس و دامەزراوە ئەمنییانە بکەنە ئامانج کە راستەوخۆ لە سەرکوتکردنی خۆپێشاندەران بەشدارن.
بەگوێرەی ئاماری رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران (هێرانا)، لە سەرەتای دەستپێکردنی خۆپێشاندانەکانەوە تاوەکو ئێستا 544 خۆپێشاندەر کوژراون و زیاتر لە 10 هەزار و 600 کەس دەستبەسەر کراون.
هاوکات لەگەڵ هەوڵەکانی ئەورووپا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هۆشداریی داوە، کە ئەگەر کوشتنی خۆپێشاندەران رانەگیرێت، واشنتن "بە شێوەیەکی سەربازی" دەستوەردان دەکات. ترەمپ رایگەیاندووە هێزەکانیان "ئامادە و چەک بەدەستن" بۆ هەر فەرمانێک.
سەرەتای خۆپێشاندانەکان بۆ رۆژی 28-12-2025 دەگەڕێتەوە، کاتێک بەهای تمەن بۆ نزمترین ئاستی مێژوویی دابەزی و هەر دۆلارێکی ئەمریکی گەیشتە یەک ملیۆن و 420 هەزار تمەن.
لەو کاتەوە تاوەکو سەرەتای ساڵی 2026، ناڕەزایەتییەکان لە شارە گەورەکانەوە بۆ شارۆچکە دوورەدەستەکان تەشەنەیان سەندووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ