بنکە سەربازی و مووشەکییەکانی ئێران دەکرێنە ئامانج و پۆلیسی ئێران دەڵێ دوو كەس لە ناوچەیەکی گەشتیاری دا کوژراون

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
ناسر پیرۆتی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

رۆژی پێنجشەممە 12ـی ئاداری 2026، لە سێزدەیەمین رۆژی شەڕی ئەمریکا- ئیسرائیل لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران، دەیان بنکەی سەربازیی ئێران لە تاران و شارەکانی دیکەی ئێران کرانە ئامانج. 
 
رۆژی پێنجشەممە لە رۆژهەڵاتی کوردستان، یەک بنکەی سوپای پاسداران لە شاری کەنگەڤەری پارێزگای کرماشان بۆردوومان کرا.
 
تاران و دەوروبەری
 
شەوی پێنجشەممە بە درۆن ژمارەیەک ئامانج لەنێو شاری تاران لە گەڕەکەکانی (مونیرییە، حەقانی، بیسیم، شەهرەکی راه ئاهەن، ئەفسەرییە، یافت ئاباد، بەهاران) بۆردوومان کران. تاوەکو ئێستا پشتڕاستکراوەتەوە، ئەو ئامانجەی لە گەڕەکی بیسیم لە شەقامی (خاوەران) کراوەتە ئامانج، بنکەیەکی پۆلیسە.
 
هەروەها هێرش کرایە سەر بنکەیەکی سوپای پاسداران لە گەڕەکی (ئەندیشە)ـی شاری کەرەج، ئامانجێکی سەربازی لە دەرەوەی شاری ئیسلامشەهر لە پارێزگای تاران و خاڵێکی پشکنین لەسەر رێگەی تاران- قوم. 
 
شەوی پێنجشەممە لە کەرەج لە گەڕەکەکانی (شارۆچکەی وەحدەت، مەیسەمی و ئەنارەکی)، هەروەها لە شاری گەرمدەرەی نێوان تاران و کەرەج بۆ چەندەمین جار ئامانجە سەربازییەکان بۆردوومان کران.
 
میدیاکانی سوپای پاسداران دەڵێن، لە رۆژهەڵات و رۆژئاوا و ناوەندی تاران دەنگی تەقینەوە بیستراوە و سیستمی بەرگری ئاسمانیی ئێران کەوتووەتە کار.
سوپای ئیسرائیل شەوی پێنجشەممە رایگەیاند "شەپۆلێکی بەرفراوانی هێرشکردنە سەر ژێرخانی رژێمی ئێرانمان لە هەموو تاران دەستپێکردووە". سوپای ئیسرائیل دەڵێت، یەکێک لە ئامانجەکانیان لە تاران ئەو خاڵە پشکنینانەن کە هێزەکانی بەسیجی سوپای پاسداران دایناون. شەوی چوارشەممە و بەرەبەیانی پێنجشەممە هێرش کرایە سەر چەندین خاڵی پشکنین لەنێو شاری تاران.
 
بەپێی ئەو زانیارییانەی بڵاوکراونەتەوە، دوای هێرشەکان، بەشێک لە خاڵەکانی پشکنین کۆکراونەتەوە یان شوێنیان گۆڕدراوە.
 
لەبارەی هێرشەکانی پێنجشەممەش، سوپای ئیسرائیل رایگەیاندووە، هێرشیان کردووەتە سەر چەندین بنکەی هێزی ئاسمانیی ئەرتەش (سوپا)ـی ئێران و زیاتر لە 250 درۆن و دەیان بنکەی مووشەکی و شوێنی هەڵدانی مووشەکیان لەنێوبردووە.
 
رۆژی پێنجشەممەش چەند ئامانج لەنێو شارۆچکەی پیشەسازیی (شاری پەرەند) لە 40 کیلۆمەتریی باشووری رۆژئاوای تاران، فەرماندەیی هێزی پۆلیسی شاری (روبات کەریم) لە پارێزگای تاران، فەرماندەیی سوپای پاسداران لە (شاری وەرامین) و ئامانجێک لە (شارۆچکەی پیشەسازیی نەزەرئاباد) لە کەرەج بۆردوومان کران.
 
هێرشەکان لە شارەکانی دیکە
 
رۆژی پێنجشەممە لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە فڕۆکە بنکەیەکی سەربازی لە دەوروبەری شاری کەنگەڤەری پارێزگای کرماشان کرایە ئامانج. دوای نیوەڕۆی چوارشەممەش، ئەو بنکە سەربازییە بۆردوومان کرابوو.
 
شەوی پێنجشەممە لە شاری ئەهوازی ناوەندی پارێزگای خوزستان تەقینەوە روویداوە. بەپێی زانیارییەکان، دەنگی تەقینەوە لەنێو بنکە سەربازییەکانی ئەو شارەوە بووە.
 
لە شاری خومەین لە پارێزگای مەرکەزیی ئێرانیش، بنکەیەکی مووشەکی بۆردوومان کراوە. هەروەها لە نزیک شاری ئەراک، کارگەیەک کە دەگوترێ شوێنی بەرهەمهێنانی درۆن بووە، بۆردوومان کرا. میدیاکانی سوپای پاسداران رۆژی پێنجشەممە بڵاویانکردەوە، لە هێرشی شەوی سێشەممەی ئەم هەفتەیە لە شاری ئەراک، فەرماندەیەکی باڵای هێزی ئاسمانیی سوپای پاسداران بە ناوی (ئیسماعیل دێهقان) کوژراوە.
 
چەند دانیشتوویەکی شاری ئەراک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویانکردووەتەوە، شەوی پێنجشەممەش لە ناوەندی ئەو شارە دەنگی تەقینەوەی بەهێز بیستراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی شوێنی بۆردوومانەکە بڵاونەکراوەتەوە.
 
پێنجشەممە لە شاری قومیش چەند ئامانج لە (شارۆچکەی شکوهییە) بۆردوومان کرا. ئەکبەر بێهنامجوو، پارێزگاری قوم رایگەیاندووە، سێ شوێن بۆردوومان کراون.
لە دەرەوەی شاری یەزد، بەیانیی پێنجشەممە دوو مووشەک لە بنکەیەکی سەربازی دران. 
 
بە فڕۆکە دوو ئامانجیش لەنێو شاری شیراز لە پارێزگای فارس بۆردوومان کران. یەکێک لە ئامانجەکان، بنکەی هێزی ئاسمانیی ئەرتەش (سوپا) و یەکێکی دیکەش لەنێو فڕۆکەخانەی شارەکە بووە. سوپای پاسداران دەڵێت، لە (شاری لارستان)ـی ئەو پارێزگایە، درۆنێکیان خستووەتە خوارەوە پێش ئەوەی بتوانێت، هێرش بکاتە سەر ئامانجەکانی.
 
لە بەیانیی پێنجشەممەوە تاوەکو نیوەڕۆ، چەند جار لە شارەکانی دێزفوول و ئەندیمێشک لە پارێزگای خوزستان، بنکەکانی هێزی ئاسمانیی ئەرتەش (سوپا)ـی ئێران بۆردوومان کران. هەروەها لە ناوەندی پارێزگاکەش، (قەرارگەی کەربەلای ئەهواز)ـی سوپای پاسداران و شوێنی مانەوەی بنەماڵەی پلەدارەکانی سوپا لەگەڵ بنکەیەکی بەسیج کرانە ئامانج. 
 
میدیا حکومییەکانی ئێران بڵاویانکردووەتەوە، کاژێر 12ـی نیوەڕۆ شوێنێکی نیشتەجێبوون لە بەری رۆژئاوای رووباری کارون کراوەتە ئامانج و بەهۆیەوە چەندین کەس کوژراون و برینداربوون.
 
ئێوارەی پێنجشەممە، بنکەکانی سوپای پاسداران لە پارێزگای بووشێهری باشووری ئێرانیش بۆردوومان کران.
 
لە دوورگەی کیشی باشووری ئێرانیش، رۆژی پێنجشەممە چەند جار و چەند ئامانجێکی جیای سەربازی بۆردوومان کران. یەکێک لەو شوێنانەی بەردەوام بۆردوومان دەکرێن، فڕۆکەخانەی کیشە.
 
لە دوورگەی قیشم، سیستمێکی بەرگریی ئاسمانی سوپای پاسداران و هەروەها ئامانجێک لەنێو بەندەر بۆردوومان کران. فەرماندەی پۆلیسی قیشم دەڵێت، لە (دەرەشووری) ئەو دوورگەیە بە درۆن شوێنێکی گەشتیاری کراوەتە ئامانج و لە ئەنجامدا پیاوێک و ژنێک کوژراون و ژنێکی دیکەش برینداربووە.
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران

قالیباف: دەستدرێژی بکرێتە سەر دوورگەکانمان، چیدیکە دان بە خۆماندا ناگرین

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران هۆشداری تووند دەداتە ئەمریکا و دەڵێت، هەر جۆرە دەستدرێژییەک بۆ سەر خاک و دوورگەکانی ئێران، وەڵامێکی کوشندەی دەبێت و سەرجەم سنوورەکان دەبەزێنن.