رووداو دیجیتاڵ
هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر بنکە ئەمنی و سەربازییەکان، دامەزراوە حکومییەکان و هەروەها ژێرخانی ئابووری لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ئێران کەمبووەتەوەو، هێرشەکان زیاتر لەسەر تاران چڕکراونەتەوە.
رۆژی دووشەممە 16ـی ئادار، لە بەرەبەیانەوە تاوەکو ئێوارەی دووشەممە، دەیان شوێن لەنێو شاری تاران بە فڕۆکە، مووشەک و درۆن کرانە ئامانج.
بەپێی زانیاریی پشتڕاستکراوە، بەرەبەیان و بەیانیی دووشەممە لە دەوروبەری فڕۆکەخانەی مێهرئاباد و گەڕەک و ناوچەکانی (سەید خەندان، ئێکباتان، شەقامی زەرئەفشان لە شارۆچکەی غەرب، گۆڕەپانی شوهەدا، شەقامی پیروزی، ئاپادانا، تێهرانپارس، دەوروبەری گۆڕەپانی ئازادی) دەیان شوێن بۆردوومان کراون.
هەروەها نیوەڕۆی دووشەممەش بە خەستی هێرشکرایە سەر تاران و بەپێی ئەو وێنە و ڤیدیۆیانەی بڵاوکراونەتەوە، دووکەڵی رەش بە تەواوی ئاسمانی شارەکەی داپۆشیوە.
دوای نیوەڕۆی دووشەممە لە گەڕەکەکانی (پاسداران، پونەک، لە نیاوەران لە بنکەی پۆلیس و چەند شوێنی دیکە، ئەقدەسییە، بەهار، شارۆچکەی غەرب، کامرانییە، پەیکانشەهر، مونیرییە، حەکیمییە، نارمەک، سەفا، بەهارستان) هێرشکرایە سەر چەندین شوێن.
لەو هێرشانەدا، بەتایبەت بنکەکانی هێزی بەرگریی ئاسمانی، بەسیج و شوێنی مانەوەی هێزەکانی ئێران کراونەتە ئامانج.
هێرشەکان لە شەقامی زەرئەفشان لە گەڕەکی (شەهرەکی غەرب) زیانی زۆریان لێکەوتووەتەوە و لە دوو باڵەخانەی نیشتەجێبوون دراوە کە بە باڵەخانەکانی سوپای پاسداران ناسراون. هەروەها زیان بە لقی دووی بانک لەو شوێنە گەیشتووە.
لە ئۆتۆبانی (باقری)ـی تارانیش ئۆتۆمبێلێک به درۆن کرایە ئامانج. تاوەکو ئێستا ناسنامەی کەسە بە ئامانجکراوەکان رانەگەیێندراوە.
لە گۆڕەپانی (شوهەدا) لە رۆژهەڵاتی تاران، شوێنی پاسەوانیی فەرمانگەی کارەبا لەو گەڕەکە بۆردوومان کراوە. پێش بۆردوومانکردنی بڵاوکرابووەوە، ژمارەیەک لە هێزە ئەمنییەکان لەو فەرمانگەیە نیشتەجێکراون.
سوپای ئیسرائیل رایگەیاندووە، ژێرخانی سەربازی لەنێو ئەو فەرمانگە حکومییەدا جێگیرکرابوو، بۆیە کردوویانەتە ئامانج. دەشڵێت، رۆژی دووشەممە لە تاران ناوەندێکیان لەنێوبردووە کە دەسەڵاتی ئێران بۆ پەرەپێدانی تواناکانی لە بواری هێرشکردنەسەر سەتەلایتەکان و پەرەپێدانی توانای سەربازی لە بۆشایی ئاسمان بەکاری دەهێنا.
هەروەها لە گەڕەکی پەیکانشەهر لە رۆژئاوای تاران، بنکەیەکی بەسیج بۆردوومان کرا. بەشی زۆر لە هێزەکانی سوپای پاسداران و پۆلیس بنکە فەرمییەکانیان چۆڵکردووە و بەپێی ئەو زانیارییانەی بڵاوکراونەتەوە، بەشێک لە هێزەکانی سوپای پاسداران لەنێو بنکەکانی بەسیج لە گەڕەکەکان جێگیرکراون.
سوپای ئیسرائیل شەوی دووشەممە رایگەیاند "بەردەوام دەبین لە هێرشکردنە سەر هێزەکانی بەسیج کە لە سەرکوتکردنی خەڵکی ئێران دا بەشدارن".
بەپێی ئامارێک کە فاتمە مهاجەرانی، گوتەبێژی حکومەتی ئێران رۆژی دووشەممە بڵاویکردەوە، لە سەرەتای شەڕەوە، 61 هەزار و 182 یەکەی نیشتەجیبوون و بازرگانیی ناسەربازی کراونەتە ئامانج و ، زیاتر لە 18 هەزار یەکە لەنێو شاری تاران رووخاون یان زیانیان بەرکەوتووە.
هێرشەکان لە دەرەوەی تاران
جگە لەنێو شاری تاران، رۆژی دووشەممە چەندین ئامانج لەسەر رێگەی تاران- کەرەج و هەروەها چەند شوێنیش لە شارەکانی تەورێز، شیراز، خومەین لە پارێزگای مەرکەزی، بەندەر عەباس و شاری بیرجەندی پارێزگای خۆراسانی باشوور بۆردوومان کران.
لە شاری شیراز، هێرشکرایە سەر ناوەندی فەرماندەیی هێزەکانی پۆلیس و بنکەیەکی پۆلیس لەنێو شار.
لە شەوی یەکشەممەوە تاوەکو بەیانیی دووشەممە، فڕۆکەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لانیکەم سێ جار لە شاری خومەین لە پارێزگای مەرکەزی هێرشیان کردە سەر چەندین شوێن. رێکخراوی مانگی سووری ئێران دەڵێت، لەنێو شاری خومەین هێرشکراوەتە سەر قوتابخانەیەک.
لەنێو شار و هەروەها گوندێکی دەوروبەری شاری ئەراکی ناوەندی پارێزگای مەرکەزیش، چەند بنکەیەکی سەربازی و باڵەخانەیەک بۆردوومان کران.
لە سەرەتای شەڕەوە، لە هەموو قوتابخانە و ناوەندەکانی خوێندن کراوەتە پشوو. بە گوتەی سوپای ئیسرائیل و فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم)، هێزەکانی ئێران لە شوێنی ناسەربازی نیشتەجێبوون و ئەو شوێنانە بۆ ئامانجی سەربازی بەکاردەهێنن.
لە شاری تەفتان لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان، هێرشکرایە سەر هێزەکانی پۆلیس. پۆلیسی سیستان و بەلوچستان رایگەیاند، گرووپێکی چەکدار هێرشیان کردە سەر ئۆتۆمبێلێکی هێزەکانی پۆلیس و لە ئەنجامدا پێنج پۆلیس کوژراون.
دوای نیوەڕۆی دووشەممە هێرش کرایەسەر چەند ئامانجێک لە شاری خوڕەمشاری پارێزگای خوزستان. یەکشەممەش هێرش کرابووە سەر ئامانجە سەربازییەکان لەو شارە.
لەلایەکی دیکەوە پۆلیسی خوزستان دووشەممە رایگەیاند، پلان هەیە بۆ هێرشی زەوینی بۆسەر دامەزراوە ئەمنی و سەربازییەکان لەو پارێزگایە. ناوەندی راگەیاندنی فەرماندەیی پۆلیسی پارێزگای خوزستان دەڵێت، سێ کەس دەستبەسەرکراون بە تۆمەتی پلاندانان و هەوڵدان بۆ هێرشکردنەسەر ناوەندە ئەمنی و سەربازییەکان لەو پارێزگایە.
خوزستان دەکەوێتە رۆژئاوای ئێران و زۆربەی دانیشتووانی پارێزگاکە عەرەبن و ناوچەکەیان بە (ئەلئەحواز) ناودەبەن .
بەردەوامیی شەڕ
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا و سوپای ئیسرائیل دەڵێن، بەردەوام دەبن لە هێرشکردنە سەر ئامانجەکانیان لەنێو ئێران دا و تاران رەتیدەکاتەوە، داوای کردبێ شەڕ رابگیرێت.
رۆژی دووشەممە عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بەشداری لە کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیی هەفتانەی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دا کرد و بە رۆژنامەڤانانی گوت "تاران داوای ئاگربەستی نەکردووە، بەڵام ئەو شەڕە دەبێ بە جۆرێک تەواوبێت کە جارێکی دیکە دووبارە نەبێتەوە".
بەڵام ماڵپەڕی ئێکسیۆس بڵاویکردەوە کە سەرچاوەیەکی ئەمریکی پێی راگەیاندووە کە عێراقچی پەیامی ناردووە بۆ ستیڤ ویتکۆف نوێنەری تایبەتی ترەمپ بۆ راوەستاندنی شەڕ .
شەوی دووشەممە(قەرارگەی خاتەمولئەنبیا)ـی کۆماری ئیسلامیی ئێران بڵاویکردەوە، شەپۆلێکی دیکەی مووشەکبارانی ئیسرائیل و بنکەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی ناوچەکەی بەڕێوەبردووە.
لەلایەکی دیکەوە، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا رایگەیاند " بەردەوام شەپۆلی هێرشی ئاسمانی بۆ سەر ئێران بەڕێوەدەبەن".
هەروەها سوپای ئیسرائیل شەوی دووشەممە بڵاویکردەوە، بەردەوام دەبن لە هێرش کردنەسەر هێزەکانی ئێران و "هیچ شوێنێک بۆ هێزەکانی ئێران پارێزراو نییە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ