ئێران
تیمەکانی فریاگوزاری و ئاگرکوژێنەوەی ئیسرائیل ئەو شوێنەیان گەمارۆ داوە کە بەهۆی هێرشێکەوە لە شاری خۆلۆن لە دەوروبەری تەل ئەڤیڤ زیانی پێگەیشتووە، لە 17ی ئازاری 2026. وێنە: AFP
رووداو دیجیتاڵ
بۆردوومانکردنی بنکە مووشەکییەکان، سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانی و هەروەها بارەگاکانی هێزە ئەمنی و سەربازییەکانی ئێران لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بەردەوامە. هەروەها سوپای پاسداران رایگەیاند کە شەوی رابردوو گەورەترین و فراوانترین هێرشی مووشەکی کردە سەر 100 ئامانج لە ئیسرائیل لە هێرشی ئاسمانیی 61 دا.
رۆژی سێشەممە 17ـی ئادار، لە هەژدەیەمین رۆژی شەڕدا، هێزەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بە فڕۆکە، مووشەک و درۆن دەیان شوێنیان لە ناوچە جیاوازەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان کردە ئامانج.
رۆژهەڵاتی کوردستان
بەرەبەیانی سێشەممە سێ ئامانج لە گەڕەکەکانی (جەعفەرئاباد) و دەوروبەری گۆڕەپانی (لەشکر)ـی نێو شاری کرماشان بە فڕۆکە بۆردوومانکران.
بە گوتەی دانیشتووانی کرماشان، لەنێوان کاژێر 4:30 بۆ 5:00 بە کاتی رۆژهەڵاتی کوردستان، لانیکەم سێ جار دەنگی تەقینەوەی بەهێز لەنێو شاری کرماشان بیسترا و دوو سەربازگەی ئەرتەش و سوپای پاسداران لەنێو شوێنە بۆردوومانکراوەکاندا بوون.
هەروەها بەپێی ئەو هەواڵانەی بڵاوکراونەتەوە، کاژێر 2:30 خولەکی بەرەبەیانی سێشەممە، لە شاری دیواندەرەی پارێزگای سنە هێرشکرایە سەر بنکەیەکی سوپای پاسداران.
بەپێی زانیاری رێکخراوەکان ئەو شوێنەی لە دیواندەرە بۆردوومان کراوە "بنکەی سوپای پاسدارانە لە ناوچەی نەسارە و دوای هێرشەکانی رۆژانی رابردوو بۆسەر بنکەکانی سوپای پاسداران لە دیواندەرە، ببووە شوێنی سەرەکیی مانەوەی هێزەکانی سوپا". رێکخراوی هانا هەروەها رایگەیاندووە، لە ئەنجامی بۆردوومانەکەدا ژمارەیەک لە هێزەکانی سوپای پاسداران کوژران و برینداربوون.
بەراورد بە رۆژانی سەرەتای شەڕ، بۆردوومانکردنی بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئێران لە رۆژهەڵاتی کوردستان کەم بووە، بەڵام لە ناوچەکانی دیکە، بەتایبەت لە تارانی پایتەخت هەروا بە چڕی بەردەوامە.
بۆردوومانی چڕ لە تاران
لە بەرەبەیانەوە تاوەکو دوانیوەڕۆی سێشەممە دەیان شوێن لە ناوەند، رۆژهەڵات، باشوور، رۆژئاوا و باکووری تاران بۆردوومانکران.
زۆربەی ئامانجەکان لە گەڕەکەکانی (تێهرانپارس، نارمەک، قولهەک، یوسفئاباد، سەید خەندان، نۆوبونیاد، نارمەک، تەجریش، گیشا، سەبەلان، تێهرانپارس، سەعادەتئاباد، پاسداران، سەتارخان، مەسعودییە، فەرمانییە، کامرانییە، حەکیمییە و ئەندرەزگوو) بوون.
یەکێک لەو شوێنانەی کراونەتە ئامانج، بنکەکانی وەزارەتی ئیتلاعات بوون لەنێو شاری تاران. هەروەها هێرشکراوەتە سەر بنکەکانی بەسیج لە چەندین گەڕەکی تاران و یەکێک لەو بنکانەی زیاترین هێرشی لەسەر بووە، بنکەی سەرەکیی بەسیج لە باکووری تاران بوو لە گەڕەکی (کامرانییە).
رۆژی سێشەممە سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، غوڵامڕەزا سولەیمانی، سەرۆکی رێکخراوی بەسیجی سوپای پاسداران کوژراوە و دوای چەند کاژێر، سوپای پاسدارانیش کوژرانی ئەو بەرپرسە باڵایەی پشتڕاستکردەوە.
بەسیج بە یەکێک لە پێنج هێزە سەرەکییەکەی سوپای پاسداران دادەنرێت و ئەرکی سەرەکیی رێکخستنی خەڵک و ئەندامانی سوپای پاسدارانە. لە سەرەتای شەڕیشەوە، کۆنترۆڵی ئەمنیی تاران و ژمارەیەک شاری دیکە بە بەسیج سپێردراوە.
جگە لە غوڵامڕەزا سولەیمانی، ژمارەیەک بەرپرسی دیکەی بەسیج کوژراون. ئاژانسی فارس کە نزیکە لە سوپای پاسداران شەوی سێشەممە کوژرانی ژمارەیەک بەرپرسی دیکەی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی پشتڕاستکردەوە، بەڵام ئاماژەی بە ناوەکانیان نەدا.
پێشنیوەڕۆی سێشەممەش، لە شەقامی (پیروزی) لە رۆژهەڵاتی شاری تاران، خاڵێکی پشکنین و ئۆتۆمبێلێکی هێزەکانی پۆلیسی ئێران کرایە ئامانج.
لە باقرشەهر و دەوروبەری کەهریزەک سەر بە شاری (رێ)ـی باشووری تارانیش، بەرەبەیانی سێشەممە جارێکی دیکە بنکە سەربازییەکان بۆردوومان کرانەوە. هەروەها لە شاری پەردیس لە رۆژهەڵاتی تاران چوار جار بە مووشەک، ئامانجێک بۆردوومان کرا.
سوپای ئیسرائیل سێشەممە بڵاویکردەوە، دەیان شوێن لەنێو شاری تاران کراونەتە ئامانج و شوێنەکان بریتین لە ناوەندەکانی فەرماندەیی هێزە سەربازی و ئەمنییەکان وەکو ئیتلاعات و بەسیج.
پارێزگاکانی دیکەی ئێران
رۆژی سێشەممە بۆردوومانکردنی ئامانجە سەربازی و ئەمنییەکان لە پارێزگای ئەلبورزیش وەکو رۆژانی رابردوو بەردەوام بوو. لەنێو شاری کەرەج و شاری هەشتگێرد چەندین ئامانج بۆردوومانکران.
لە شاری بەندەر عەباسی باشووری ئێرانیش، بەرەبەیانی سێشەممە دەنگی چەند تەقینەوەی بەهێز بیسترا، بەڵام تاوەکو ئێستا زانیاری لەبارەی شوێن و ئامانجە بۆردوومانکراوەکان بڵاونەکراوەتەوە.
نزیکەی کاژێر پێنجی بەیانی، لە دەوروبەری شاری تەورێزیش سێ شوێن بۆردوومان کراون. سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، سیستمی بەرگریی ئاسمانیی ئێران لە نزیک تەورێزیان بە خەستی بۆردوومان کردووەتەوە تاوەکو بتوانن رادەی زاڵبوونی ئاسمانییان فراوانتر بکەن و "رێگە خۆش بکەن بۆ لەنێوبردنی سەرچاوەکانی هەڕەشەکردن لە ئیسرائیل".
سوپای ئیسرائیل دەڵێت، لە شاری شیرازیش ناوەندی فەرماندەیی هێزی پۆلیسی پارێزگای فارسی بۆردوومان کردووە. هەروەها دەڵێت، لە نزیک شیراز، شوێنێکی بەرهەمهێنان و راگرتنی مووشەکی کردووەتە ئامانج.
تێکەڵبوونی بۆردوومان و چوارشەممەسووری
لە کاتێکدا هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر بنکە ئەمنی و سەربازی و بەرپرسانی ئێران بەردەوامە، رۆژی سێشەممە بەشێک لە خەڵکی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان رێوڕەسمی 'چوارشەممەسووری'ـیان بەڕێوەبرد. بەپێی ئەو ڤیدیۆیانەی بڵاوکراونەتەوە، بە شەو لە زۆربەی شارەکان رێوڕەسمی چوارشەممە سووری بەڕێوەچوو.
جەعفەر میعادفەر، سەرۆکی رێکخراوی فریاکەوتنی پزیشکیی ئێران شەوی سێشەممە رایگەیاند، لە چوارشەممەسووریی ئەم ساڵدا 427 کەس برینداربوون. 20 کەس لە بریندارەکان نیڤشکان و 91 کەسیش زیان بە چاویان گەیشتووە. دەشڵێت، زیاترین قوربانییەکان لە پارێزگای ورمێ، ئەردەبیل و کرماشانن.
چوارشەممەسووری رێوڕەسمێکی پێشوازی لە نوێبوونەوەی ساڵی کوردی و هەتاوییە و لە ئێوارەی دوایین سێشەممەی ساڵدا پێش نەورۆز، خەڵک ئاگر دەکەنەوە و بەسەریدا باز دەدەن. هەروەها بەشێک لە خەڵک، یاری ئاگرین دەتەقێنن. ساڵانە بەهۆی یاری ئاگرینەوە، بەتایبەت یاری ئاگرینی دەستکرد، ژمارەیەک کەس گیان لەدەستدەدەن و بریندار دەبن.
لەلایەکی دیکەوە سوپای پاسداران رایگەیاند کە شەوی رابردوو بەربڵاوترین هێرشیان کردە سەر ئیسرائیل کە هێرشی ژمارە 61 بوو، بە مووشەکی (خوڕەمشەهر چوار)، لەو هێرشەدا 100 شوێنی ئیسرائیل کراونەتە ئامانج و 230 ئیسرائیلی کوژراون، بەڵام ئیسرائیل تائێستا کوژرانی دوو ئیسرائیلی پشتڕاستکردووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ