ئەمریکا و ئیسرائیل چەند شوێنیكیان لە رۆژهەڵاتی کوردستان بۆردوومان کرد

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
ناسر پیرۆتی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
دوای زیاتر لە هەفتەیەک لە راگرتنی هێرشەکانیان بۆ سەر بنکە و دامەزراوە ئەمنی و سەربازییەکانی ئێران لە رۆژهەڵاتی کوردستان، لە بەرەبەیانیی دووشەممەوە لە شارەکانی ورمێ و خوڕەمئاوا هێرشکرایە سەر چەند شوێنێک.
 
دووشەممە 23ـی ئادار، 24 رۆژ بەسەر دەستپێکردنی شەڕی ئەمریکا - ئیسرائیل لەگەڵ ئێران تێدەپەڕێت. هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە شەوی یەکشەممەوە تاوەکو دوای نیوەڕۆی دووشەممە بەم شێوەیە بوون.
 
رۆژهەڵاتی کوردستان
 
بەرەبەیانی دووشەممە، لەنێو شاری خوڕەمئاوای ناوەندی پارێزگای لوڕستان ئامانجێک و لە دەوروبەری شارەکەش دوو شوێن بۆردوومانکران. یەکێک لەو شوێنانەی بۆردوومانکراوە، بنکەیەکی مووشەکییە بەپێی سەرچاوە ئەمریکییەکان.
 
لەبارەی ئامانجەکەی نێو شار، بەرپرسانی لوڕستان دەڵێن، باڵەخانەیەک لەنێو گەڕەکێکی نیشتەجێبوون بۆردوومانکراوە و زیان بە ژمارەیەک ماڵی دەوروبەریشی گەیشتووە. هێرشەکە زیانی گیانی لێکەوتووەتەوە و پارێزگاریی لوڕستان تاوەکو دوای نیوەڕۆی دووشەممە گیانلەدەستدانی 9 کەس و برینداربوونی زیاتر لە 40 کەس لە ئەنجامی هێرشەکەدا راگەیاندووە.
 
هەروەها لەنێو شاری ورمێ، بەرەبەیانی دووشەممە باڵەخانەیەک بۆردوومانکرا. دوای هێرشەکە، کارەبای بەشێک لە گەڕەکەکانی نێو شاری ورمێ بڕا، بەڵام بەڕێوەبەری کارەبای پارێزگای ورمێ دەڵێت، پێشنیوەڕۆی دووشەممە کێشەی بڕانی کارەبایان چارەسەر کردووە.
 
تاران و پارێزگاکانی دیکە
 
رۆژی دووشەممە لە پارێزگاکانی تاران، ئیسفەهان، ئەلبورز، کرمان، ئازەربایجانی رۆژئاوا، فارس، هورموزگان، بووشێهر و خوزستان دەیان شوێن بۆردوومانکران. 
بەشی زۆری هێرشەکان لەنێو شار و دەوروبەری تاران بوون. لە شەوی یەکشەممەوە، لە باکوور، باشووری رۆژهەڵات، رۆژئاوا و ناوەندی تاران لە گەڕەکەکانی (نیاوەران، ئەندەرزگوو، فەرمانییە و نۆوبونیاد، چیزەر، یوسف ئاباد، تێهرانپارس)، شەقامەکانی (موکران، پیروزی، هێرەوی، کارگەری جنوبی، پاستۆر) و دەوروبەری گۆڕەپانەکانی (ئازادی، نەماز، ئینقلاب) چەندین شوێن کراونەتە ئامانج. 
 
یەکێک لەو شوێنانەی لە تاران بۆردوومانکراوە، باڵەخانەی پیشەسازیی ئەلیکترۆنیی سەر بە وەزارەتی بەرگریی ئێرانە. میدیاکانی ئێرانیش دەڵێن، لە هێرشەکانی بەرەبەیانی ئەمڕۆدا لە باشووری رۆژهەڵاتی تاران قوتابخانەیەک کراوەتە ئامانج.
 
جگە لەنێو شار، لە رێگەی تاران بۆ دەماوەند و هەروەها لە ناوچەی (خەیرئاباد)ی سەر بە شاری وەرامین چەندین شوێن کراونەتە ئامانج. 
 
گوتەبێژی شارەوانیی تاران رۆژی دووشەممە رایگەیاند، لە سەرەتای شەڕەوە 468 شوێن لە پایتەختی ئێران کراونەتە ئامانج. دەشڵێت، "زیان بە 24 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون گەیشتووە".
 
بەیانیی دووشەممە، بنکەی هێزی ئاسمانیی سوپای پاسداران لە شاری بووشێهری باشووری ئێران جارێکی دیکە بۆردوومانکرایەوە. هەروەها باڵەخانەی بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسیی پارێزگای بووشێهریش کرایە ئامانج.  
 
لەنێو شاری تەورێزیش چەند شوێنێک بۆردوومانکران. یەکێک لە ئامانجەکان، باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوونە لە گەڕەکی (شەهرەکی نەسر). هەروەها ئامانجێک لەنێو پارکێکی نێوشاری تەورێز بۆردوومانکراوە. میدیاکانی ئێران بڵاویانکردووەتەوە، لە ئەنجامی ئەو دوو هێرشەدا 6 کەس گیانیان لەدەستدا.
 
نزیکەی کاژێر  1:00ی بەرەبەیانی دووشەممە بە کاتی ئێران، سێ شوێن لە نێوشار و دەوروبەری شاری ئیسفەهان بۆردوومان کران. هەروەها لە دەرەوەی شاری (شاهین‌شەهر)ـی ئیسفەهانیش هێرش کراوەتە سەر ئامانجێکی سەربازی.
 
درەنگانی شەوی یەکشەممەش لە شاری شیرازی پارێزگای فارس، دوو شوێن کرانە ئامانج. 
 
هەروەها لە نزیک شاری تالشی پارێزگای گیلان، لە کەنارئاوەکانی دەریای خەزەر، بنکەیەکی سوپای پاسداران و هەروەها فڕۆکەخانەیەکی سەربازی بۆردوومان کران.
 
لە باشووری ئێران، رۆژ و شەوی یەکشەممە چەند ئامانج لە پارێزگاکانی هورموزگان و بووشێهر بۆردوومان کران. بە گوتەی دانیشتووانی شاری بووشێهر، لە کاژێر 10:00 تاوەکو 1030ـی شەو، پێنج شوێن لەو شارە بۆردوومان کراون.
 
لە پارێزگای هورموزگانی باشووری ئێرانیش، لە ئێوارەی یەکشەممەوە تاوەکو بەیانیی دووشەممە هێرشکرایە سەر چەند شوێنێک لە شارەکانی بەندەر عەباس و بەندەر لەنگە. لە بەندەر عەباس، شوێنێکی هەڵدانی مووشەک بۆردوومان کرا. 
 
قایمقامی بەندەر لەنگە بە میدیاکانی گوتووە، ئۆتۆمبێلێکی هێزەکانی بەرگری شارستانی لە دەوروبەری ئەو شارە کراوەتە ئامانج و فەرمانبەرێکی ئەو فەرمانگەیە بریندار بووە. دەشڵێت، ئەو ئۆتۆمبێلە بۆ کوژاندنەوەی ئاگر بەرەو شوێنێک دەچوو کە دوای بۆردوومان، ئاگری گرتبوو.
 
هێرشکردنەسەر بنکەیەکی مووشەکی لە بەرزاییەکانی پشت (پارکی کوهستان)ـی دەوروبەری شاری یەزدیش بەردەوامە. لە 24 کاژێری رابردوودا، ئەو شوێنە چوار جار بە فڕۆکە بۆردوومانکراوە. لە رۆژانی سەرەتای شەڕەوە، بەردەوام ئەو شوێنە بۆردوومانکراوە.
 
ئامانجی هێرشەکان
 
حکومەت و بەرپرسانی ئێران بە فەرمی ناو و زانیاری لەبارەی ئەو شوێنانە بڵاوناکەنەوە کە لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بۆردوومان دەکرێن، بەڵام بەپێی ئەو زانیارییانەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) و سوپای ئیسرائیل بڵاویدەکەنەوە تاوەکو ئێستا، بەرپرسانی باڵای سیاسی، فەرماندە و لێپرسراوانی سەربازی و ئەمنی، بنکە مووشەکییەکان، شوێنەکانی بەرهەمهێنانی مووشەک و درۆن، سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانی، سەربازگەکانی سوپای پاسداران و سوپا (ئەرتەش)، بەشێک لە داوودەزگا حکومییەکان، بنکەکانی پۆلیس و پاسەوانیی سنوور، خاڵەکانی پشکنینی بەسیج و پۆلیس دەکەنە ئامانج.
 
بەڵام بەرپرسانی ئێران دەڵێن، جگە لە ئامانجە سەربازییەکان، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرش دەکەنە سەر شوێنی نیشتەجێبوونی خەڵکی سیڤیل و شوێنە ناسەربازییەکانیش دەکەنە ئامانج.
 
پیرحوسێن کۆلیوەند، سەرۆکی رێکخراوی مانگی سووری ئێران رۆژی یەکشەممە بە میدیاکانی گوت، "تاوەکو ئێستا 81 هەزار شوێنی ناسەربازی وەکو ناوەندی تەندروستی، قوتابخانە و ئەمبولانس کراونەتە ئامانج".
 
لە سەرەتای شەڕەوە، هێڵەکانی ئینتەرنێت لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان سنووردارکراون و خەڵکێکی کەم دەستیان بە ئینتەرنێت رادەگات. بەشێک لەوانەی ئینتەرنێتیان هەیە، زانیاری لەبارەی شوێن و کاتی بۆردوومانەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بڵاودەکەنەوە یان دەینێرن بۆ میدیاکان.
 
پرێس تی ڤی، کەناڵی فەرمیی حکومەتی ئێران بە زمانی ئینگلیزی، لە زاری سەرچاوەیەکی ئەمنیی ئەو وڵاتەوە بڵاویکردەوە، دوای ئەوەی توانیویانە زیان بە فڕۆکەیەکی F35ـی ئەمریکی بگەیێنن، هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بە فڕۆکە لە ناوچەکانی نێوەڕاستی ئێران کەمبوونەتەوە.
 
شەڕ دوای پەیامەکەی ترەمپ
 
هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران بەردەوامن ، لە کاتێکدا دۆناڵد ترەمپ رۆژی دووشەممە رایگەیاند، "گفتوگۆی باش و بەرهەمدارمان هەبووە لەگەڵ ئێران" و بەوهۆیە فەرمانی بە وەزارەتی جەنگ کردووە، هێرشکردنە سەر وێستگەکانی کارەبا و ژێرخانی وزەی ئێران پێنج رۆژ دوابخات. 
ترەمپ بەرەبەیانی یەکشەممە 48 کاژێر کاتی دایە ئێران و رایگەیاند، ئەگەر تاران لەو ماوەیەدا تەنگەی هورموز نەکاتەوە، هێرش دەکەنەسەر وێستگەکانی ئەو وڵاتە. 
 
بەڵام ئاژانسی دەنگوباسی میهر و فارسی کۆماری ئیسلامیی ئێران رەتیانکردەوە، هیچ دانوستاندنێک لەنێوان تاران و واشنتن لەئارادابێت و دەڵێن "ئەو لێدوانە بۆ ئەوەیە کات بکڕێت بۆ جێبەجێکردنی پلانە سەربازییەکان".
 
هەروەها دوای ئەوەی کەناڵی 12ی ئیسرائیلی و ماڵپەڕی ئەکسیۆسی ئەمریکی لە زمانی "بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیلی" بەبێ ناوهێنانی بڵاویانکردەوە کە ئەوەی واشنتن دانوستاندنی لەگەڵ دەکات محەممەد قالیباف سەرۆکی پەرلەمانی ئێرانە ، قالیباف لە پۆستێکدا لە سەر تۆڕی ئێکس رایگەیاند "تائێستا هیچ دانوستاندنێک لەگەڵ ئەمریکا نەکراوە، هەواڵی ساختە بۆ یاریکردنە بە بازاڕی دارایی و نەوت و دەربازبوونە لەو زلکاوەی کە ئەمریکا و ئیسرائیل تێیدا گیریان خواردووە." هەروەها نووسیویەتی "گەلی ئێران داوای سزای تەواو و پەشیمانکەرەوە لە دەستدرێژکاران دەکەن."
 
ترەمپ ئەمڕۆ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی لەگەڵ رێزلێگیراوترین بەرپرسی ئێران دانوستاندن دەکەن و، ئەو کەسە رابەری کۆماری ئیسلامیی ئێران موجتەبا خامنەیی نییە، بەڵام لە هەمان کاتدا گوتی نامەوێت  بڵێم ئەوەی لە ئێران قسەی لەگەڵ دەکەین کێیە " بۆ ئەوەی نەکوژرێت". 
 
لەلایەکی دیکەوە سوپای ئیسرائیل دوای نیوەڕۆی دووشەممە و یەکسەر دوای پەیامەکەی ترەمپ بڵاویکردەوە، شەپۆلێکی دیکەی هێرش بۆ سەر ئێران دەستپێدەکەن.  

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەیەکی تاران لەکاتی بۆردووماندا

شارەوانیی تاران: ژیان لە پایتەخت بەردەوامە

گوتەبێژی شارەوانی تاران رایدەگەیەنێت، سەرەڕای ئەوەی تەنیا لە سنووری شارەوانیی پایتەختدا 468 شوێن راستەوخۆ کراونەتە ئامانج، بەڵام هێشتا "ژیان لە پایتەخت بەردەوامە". ئاماژە بەوەش دەکات، بەهۆی هێرشەکانەوە زیاتر لە 24 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون زیانیان بەرکەوتووە.