رووداو - هەولێر
دەزگای رێکخستنی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) رایگەیاند، ئەندامێکیان بە ناوی هیدایەت عەبدوڵڵاپوور لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لە زیندان گولـلەباران کراوە.
هیدایەت عەبدوڵاپوور، بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ پێشمەرگەی حدکا، رێکەوتی 3ی ئابی 2015 دەستبەسەر کرابوو، سزای لەسێدارەانی بەسەردا سەپێندرابوو.
رۆژی 10ی حوزەیرانی 2020 رێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ بڵاویان کردەوە، کە هیدایەت عەبدوڵاپوور لە سێدارەدراوە. بەڵام حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران دەڵێت ئەندامەکەیان گولـلەبارانکراوە.
هەر ئەو کات رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی داوای لە بەرپرسانی ئێران کرد، بەپەلە شوێنی هەڵگرتن یان ناشتنی تەرمی هیدایەت عەبدوڵڵاپوور ئاشکرا بکەن.
بەڵام دواتر پارێزەری هیدایەت عەبدوڵڵاپوور گوتی: هەواڵی جێبەجێکردنی حوکمەکەیان بە ئەوان رانەگەیاندووە و تاوەکو کاتێک کە بە فەرمی پێیانڕانەگەیێنن، ناتوانن هەواڵەکە پشتڕاست بکەنەوە.
دەزگای رێکخستنی حدکا ئەمڕۆ چوارشەممە لە روونکردنەوەیەکدا کە لە ماڵپەڕی فەرمی حیزبەکە بڵاوکراوەتەوە، دەڵێ: "دوای بەدواداچوونێکی زۆر بۆمان دەرکەوت کە هیدایەت عەبدوڵڵاپوور رۆژی 11ی 2020 گولـلەبارانکراوە و بەڕێوەبەرایەتیی تۆماری باری کەسێتی کۆماری ئیسلامی، بەڵگەی کۆچی دواییان بۆ دەرکردووە".
بەپێی هەواڵی راگەیاندنەکانی حدکا، ئەو لە بنکە سەربازییەکانی سوپای پاسداران لە شاری شنۆ گولـلەبارانکراوە.
حدکا رایگەیاندووە، هیدایەت عەبدوڵڵاپوور بۆ ئەوەی بە زۆر دانپێدانانی لێوەربگرن، ئەشکەنجەدراوە و دواتریش لەژێر گوشاری ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی ورمێدا حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپاوە.
هیدایەت عەبدوڵڵاپوور لە دایکبووی ساڵی 1990ە. خەڵکی شاری شنۆی رۆژهەڵاتی کوردستان بوو. دوای تێکهەڵچوونێک لەنێوان پێشمەرگەکانی حدکا و هێزەکانی سوپای پاسداران لە گوندی قەرەسەقەل لە نزیک شاری شنۆ دەستەسبەرکرا.
عەبدوڵڵاپوور دواتر بۆ زیندانی ورمێ گواسترایەوە. مانگی مارسی 2017 لقی یەکی دادگای ئینقلابی ورمێ بەتۆمەتی ئەندامێتی لە حیزبێکی کوردی دژبەری کۆماری ئیسلامی حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپاند.
دواتر لقی 47ی دیوانی باڵای وڵات ئەو حوکمەی رەتکردەوە، بۆیە جارێکی دیکە رەوانەی لقی دووی دادگای ئینقلابی ورمێی کردەوە. ئەم دادگایە دیسان حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپاندەوە.
گولـلەبارانکردنی ئەو ئەندامەی حدکا، لە کاتێکدایە کە لە ئێران تەنیا پلەدارەکانی سوپا (ئەرتەش) گولـلەباران دەکرێن، ئەویش بەپێی ماددەی 296 لە یاسای سزاکانی سوپا. ئەم یاسایە بەسەر ئەو پلەدارانەی سوپادا دەسەپێت کە تاوانیان کردبێت.
دەقی راگەیەندراوەکەی حدکا:
خوێنی شههیدان، ڕێنوێنی ڕێگایه
هاونیشتمانیانی بەڕێز!
خەڵکی خەباتگێڕی کوردستان!
ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران!
بە داخەوە ڕادەگەیەنین، هاوڕێ "هیدایەت عەبدوڵڵاپوور" کوڕی "ئەبوبەکر" خەڵکی شنۆ لەلایەن جەلادەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، تیرباران کراوه .
هاوڕێ "هیدایەت عەبدوڵڵاپوور" لەدایکبووی ١٣٦٩ی هەتاوی و ئەندامی دڵسۆز و چالاکی حیزبەکەمان لە ١٣ی گەلاوێژی ١٣٩٥ی هەتاوی، دوای ٤٩ ڕۆژ لە شەڕی بەناوبانگی قەرەسەقەل دەسبهسهر کرا و بۆ ماوەی ٧٤ ڕۆژ لە گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ بۆ وەرگرتنی ئیعترافی زۆرەملێ و ئەشکەنجە ڕادەگیرا .
دواتر بە تۆمەتی شهڕ لهگهڵ نیزام و ئەندامەتی لە حیزبی دێمۆکراتدا حوکمی ئێعدامی بەسەردا سەپێندرا. لەگەڵ ئەوەی ئەو حوکمە لەلایەن شوعبەی ٤٧ تانەی لێ درا و بەڕێ کرا بۆ دادگای ئینقلابی ورمێ، هیدایەت عەبدوڵڵاپوور لە لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ورمێ محاکمە و بۆ جاری دووەم بە داوا و گوشاری "حیفازەتی ئیتلاعاتی سپای ورمێ" حوكمی ئێعدامی بهسهردا سهپایهوه .
پێویست بە ئاماژەیە، هیدایەت عەبدوڵڵاپوور بەر لە ئێعدامی بۆ ماوەی ٥ مانگ تەنانەت ئیجازەی چاوپێکەوتنی هاوسەر و منداڵەکانی نەدراوە و ڕۆژی ٢٠ی بانهمهڕ له زیندانی ورمێ ڕاگوێزرا و بێسهروشوێن كرابوو. ههرچهند دواتر به زارهكی به بنهماڵهی خۆڕاگری شههید هیدایهتیان ڕاگهیاندبوو كه له بهرچاوی بنهماڵهی كوژراوانی شهڕی قهرهسهقەل، هیدایهتیان ئێعدام كردووه؛ بهڵام دوای بهدواداچوونێكی زۆر، دهركهوت كه ڕۆژی ٢٢ی بانهمهڕ بهداخهوه "هیدایهت عهبدوڵڵاپوور"یان تیرباران كردووه و ئیدارهی سهبتی ڕێژیم، بهڵگهی كۆچی دواییان بۆ دهركردووه.
لە ٤١ ساڵی ڕابردوودا ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بێ گوێدان بە بیروڕای گشتی و بەبێ وەبەرچاوگرتنی هیچ پرهنسیپێكی مرۆیی، لە سەرکوت و کوشتاری ڕۆڵەکانی کورد بەردەوام بووە و بە بەرچاوی بیروڕای گشتییەوە تاوانەکانی بهڕێوه بردووه !بۆیە لە بیر و ڕای گشتی و کۆمەڵگای مرۆڤایەتی و دامەزراوە و ڕێکخراوەکانی پارێزەری مافی مرۆڤ و كۆڕ و كۆمهڵه نێونهتهوهییهكان و... هتد داواکارین پێش بە سەرکوت و ئێعدامی ڕۆڵەکانی کورد لەلایەن کۆماری ئیسلامییهوه بگرن و چی دیکە ئیزن نەدەن مافی تاک و کۆی خەڵکی كوردستان پێشێل بکات.
بەو بۆنەوە هاوخەمیی حیزبی دێمۆکرات لەگەڵ بنەماڵەی خۆڕاگری عەبدوڵڵاپوور و بهتایبهت باوكی خهمخۆری ڕادەگەیەنین و دڵنیایان دەکەینەوە خوێنی شەهید هیدایەت و باقی شەهیدانمان بەفیڕۆ ناچێت؛ باشترین پاداش بۆ شههیدان درێژهدانی ڕێگایانه.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
دەزگای ڕێکخستنی گشتی
٤ی پووشپەڕی ١٣٩٩ی هەتاوی
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ