رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی ئێران کوژرانی زانایەکی ئەتۆمی و مووشەکی وڵاتەکەی راگەیاند و راوێژکاری باڵای سەربازیی عەلی خامنەییش ئیسرائیل تۆمەتبار دەکات. محەممەد باقری، سەرۆکی ئەرکانی هێزەچەکدارەکانی ئێرانیش دەڵێت "تۆڵەیەکی تووند" چاوەڕوانی بکوژانی دەکات.
وەزارەتی بەرگریی ئێران رایگەیاند، موحسین فەخریزادە کە زانایەکی ئەتۆمی و مووشەکیی وڵاتەکەیەتی لە ناوچەی ئابسەردی دەماوەند لە تاران کوژراوە. لەبارەی چۆنیەتی هێرشەکەش دەڵێت "رۆژی هەینی لە لایەن تیرۆریستانی چەکدارەوە ئەنجامدرا. تیرۆریستەکان ئۆتۆمبێلەکەیان کردە ئامانج و بەو هۆیەوە فەخریزادە بە سەختی برینداربوو و دواتریش شەڕ لەنێوان هێرشکارەکان و تیمی ئەمنیی فەخریزادە دروستبوو".
بە گوێرەی وەزارەتی بەرگری، دواتر زانا ئەتۆمییەکە گوێزراوەتەوە نەخۆشخانە، بەڵام پزیشکەکان نەیانتوانیوە ژیانی رزگاربکەن. ئەو زانا ئەتۆمیەی ئەمڕۆ کوژرا، بەرپرسی بەشی توێژینەوە و نوێگەری رێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران بوو و بە "سندووقی رەشی" دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران دادەنرا و ئەندامێکی باڵای سوپای پاسدارانی ئێرانیش بوو.
کوشتنەکە کاردانەوەی بەرپرسانی ئێرانی بەدوادا هات.
محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، "ئەمڕۆ تیرۆریستەکان زانایەکی بەناوبانگی ئێرانیان کوشت. ئاماژەی جیددی هەن رۆڵی ئیسرائیل لەم هێرشەدا دەردەخەن".
وەزیری دەرەوەی ئێران داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات "کۆتایی بە دوو هەڵوێستیی شەرمەزارکەریان بهێنن و ئەم تیرۆرە سەرکۆنە بکەن".
حوسێن سەلامی، فەرماندەی گشتیی سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، موحسین فەخریزادە بە پلان و رێنوێنیی ئیسرائیل "تیرۆر کراوە". گوتیشی، تۆڵە سەندنەوەیان خستووەتە بەرنامەی کاریانەوە.
هاوکات حوسێن دهقان، راوێژکاری باڵای سەربازیی خامنەیی لە تویتێکدا رایگەیاند، ئیسرائیل بە پشتیوانی "هاوپەیمانە قومارچییەکەی" کە مەبەستی لە دۆناڵد ترەمپە ئەو هێرشەی ئەنجامداوە و دەشڵێت، "دەبێت بکوژانی ئەو شەهیدە ستەم لێکراوە بزانن وەکو هەورە برووسکە دەدەین بەسەریاندا و کارێک دەکەین پەشیمان ببنەوە".
لەلایەکی دیکەوە، محەممەد باقری، سەرۆکی ئەرکانی هێزەچەکدارەکانی ئێران رایگەیاند، "گرووپە تیرۆریستییەکان، سەرکردەکانیان و ئەنجامدەرانی ئەو کارە دەبێت بزانن کە تۆڵەیەکی بەزەبر چاوەڕوانیان دەکات". باقری خەڵکی ئێرانی دڵنیا کردەوە کە "پشوو نادەین تاوەکو سزایان نەدەین".
لەنێوان ساڵانی 2010 بۆ 2012، چوار زانای بواری ئەتۆمیی ئێران بەناوەکانی "مەسعود عەلی محەممەدی، مەجید شەهریاری، داریوش رێزائینجاد و مستەفا ئەحمەدی رۆشان" کوژران. هاوکات زانایەکی دیکەی ئێرانی بەناوی فەرەیدوون عەباسی لە هەوڵێکی کوشتن بە برینداری رزگاری بوو.
ئەوکات حکومەتی ئێران ئیسرائیلی بە کوشتنی ئەو زانایانە تۆمەتبار کرد.
لە ساڵانی 2011 و 2012 ئێران چەند کەسێکی بە تۆمەتی ئەنجامدانی ئەو هێرشانە دەستگیرکرد و رایگەیاند، بەکرێگیراوی هەواڵگریی ئیسرائیلی - مۆساد بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ