رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانی ئێران بۆ تاوتوێکردنی دۆخی ئابووری، دابەزینی بەهای تمەن و بەرزبوونەوەی نرخی کاڵاکان، لەگەڵ حکومەتی وڵاتەکە لە کۆبوونەوەدایە و مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران و ژمارەیەک لە وەزیرانی لە کۆبوونەوەکەدا ئامادەن.
رۆژی سێشەممە 23ی کانوونی یەکەمی 2025، عەباس گودەرزی، گوتەبێژی لیژنەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا پەرلەمان میوانداریی مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆمار و پێنج وەزیری حکومەت لەوانەش؛ وەزیرانی ئابووری، کار و خۆشگوزەرانی کۆمەڵایەتی، کشتوکاڵ، داد، پیشەسازی و بازرگانی لەگەڵ سەرۆکی بانکی ناوەندی و سەرۆکی رێکخراوی پلاندانان و بودجە دەکات.
عەباس گودەرزی گوتی: "کۆبوونەوەکە داخراوە و تێیدا دابینکردنی کاڵا و پێداویستییە سەرەکییەکانی خەڵک، رێوشوێنەکانی حکومەت بۆ پاراستنی توانای کڕینی هاووڵاتیان، چۆنیەتی جێبەجێکردنی پرۆژەی کۆبۆنی خۆراک، چاودێریکردنی بازار و کۆنترۆڵکردنی هەڵبەز و دابەزینی نرخی دراوە بیانییەکان تاوتوێ دەکرێت."
بە گوتەی گوتەبێژی لیژنەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی ئێران، دوای نیوەڕۆش پەرلەمان کۆدەبێتەوە و لەو کۆبوونەوەیەدا بودجەی ئێران بۆ ساڵی داهاتوو لە لایەن حکومەتەوە پێشکەشی پەرلەمان دەکرێت.
گودەرزی ئەوەشی خستەڕوو، لە دانیشتنی پاشنیوەڕۆدا سیاسەت و ستراتیژی حکومەت بۆ بەڕێوەبردنی گونجاوی سامانی ئاو و بەڕێوەبردنی بەکارهێنانی ئاو لە کەرتی کشتوکاڵدا تاوتوێ دەکرێت.
یەکشەممە 21ـی کانوونی یەکەمی 2025، محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئیران لە کۆبوونەوەی ئاسایی پەرلەمان لەبارەی خراپیی دۆخی ئابووری و بژێویی خەڵک هۆشداری دایە حکومەت و رایگەیاند، ئەگەر گۆڕانکاریی پێویست نەکرێت، لێپرسینەوە لە وەزیرەکان لە لایەن پەرلەمانەوە دەستپێدەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ